فڕۆكەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێكیان لە شنگال كردە ئامانج؛ یەبەشە: شەهید و بریندارمان هەیە

16-08-2021 03:18

پەرەگراف

فەرماندەیی گشتیی یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە)، ڕایگەیاند لە بۆردوومانەكەی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ سەر شنگال "شەهید و بریندارمان هەیە". میدیای نزیك لە پارتی دەڵێت بەرپرسێكی یەبەشە لە هێرشەكەدا كوژراوە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لەناو بازاڕی كۆنی شەنگال ئۆتۆمبێلێكیان كردە ئامانج و ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێ‌ كەوتەوە.

لەوباریەوە فەرماندەیی گشتیی یەبەشە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "ئەمڕۆ كاتژمێر ١٢:١٠ خولەكی نیوەڕۆ، دەوڵەتی قڕكەر و داگیركەری تورك، لە ئاسمانەوە هێرشی كردە سەر شەنگال، ئۆتۆمبێلێك كراوەتە ئامانج و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، شەهید و بریندارمان هەیە".

یەبەشە هیچ زانیارییەكی لەبارەی ژمارە و ناسنامەی كوژراو و بریندارەكانەوە ئاشكرا نەكردووە و دەڵێت "لە ڕۆژانی داهاتوو زانیاریی بەرفراوانتر لەسەر ئەو هێرشە بۆ ڕایگشتی بڵاو دەكەینەوە".

میدیاكانی نزیك لە پارتی دیموكرات بڵاویان كردەوە كە "سەعید حەسەن سەعید، بەرپرسی یەبەشە لە شنگال كە كوردێكی ئێزدییە، لە بۆردوومانەكەدا گیانی لەدەست داوە".

بەپێی زانیارییەكانی میدیای نزیك لە پەكەكە، لەو هێرشەدا دوو كەس كوژراون و دوانی دیكە بریندار بوون.