توركیا نەخۆشخانەیەكی لە شەنگال بۆردومانكرد؛ لانیكەم 5 كەس گیانیان لەدەستدا

17-08-2021 10:30
ئاسەواری بۆردومانەكەی ئەمڕۆی توركیا بۆسەر نەخۆشخانەی گوندی سكێنیە لە باشوری شەنگال

پەرەگراف

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا نەخۆشخانەی گوندێكیان لە شەنگال بۆردومان كرد، لانیكەم 5 كەس گیانیان لەدەستداو ژمارەیەكی زیاتر لەوەش برینداربوون كە لە نێویاندا منداڵ هەیە.

بۆردومانەكەی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆسەر نەخۆشخانەی گوندی سكێنیە بوو لە باشوری شەنگال، دوێنێش توركیا لەناو بازاڕی كۆنی شەنگال ئۆتۆمبێلێكی كردە ئامانج و ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێ‌ كەوتەوە، یەكێك لەوانە بەرپرسێكی یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال(یەبەشە) بوو.

ناتق عەلو ئەحمەد، لێپرسراوی ڕاگەیاندن لە پۆلیسی قەزای شەنگال بە كەركوك ناوی وت "بۆردومانەكە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە ئەنجامدرا، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان پێنج كەس كوژراون و 10ی تریش برینداربون... ئەو نەخۆشخانەیە تایبەتە بە هێزەكانی یەكینەكانی بەردخودانی شنگال (یەبەشە)، بەڵام خەڵكی مەدەنیش تیایدا چارەسەریان وەردەگرت".

جەختیشیكردەوە "ئەو بینایە پێشتر خوێندنگە بووە و دواتر كراوە بە نەخۆشخانە... دەزگا ئەمنییەكانمان لێكوڵینەوە لە ڕوداوەكان دەكەن، لەئێستادا ناتوانین هیچ شتێك لەبارەی هۆكاری بۆردومانەكەوە ئاشكرا بكەین".

ئەلیاس قاسم، خەڵكی گوندی سكێنییە كە لە شوێنی ڕوداوەكە نزیك بووە، دەڵێت "سێجار بەدوای یەكدا فڕۆكەكانی توركیا بۆردومانی نەخۆخشانەكەیان كرد، نەخۆشخانەكە چەند سەد مەترێك لە خانوی هاوڵاتیانەوە دورەوە و كەوتۆتە ناوەڕاستی گوندەكەوە كە نزیكەی 30 خێزان تیایدا دەژین".

وتیشی "بەچاوی خۆم شەش كەسم ژمارد كە گیانیان لەدەستدابوو، لە نێویاندا خەڵكی مەدەنی، لانیكەم 10 برینداریش هەبون".

بەپێی ئەو وێنانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، نەخۆشخانەكە لەگەڵ زەوییدا تەخت بووە.

ئەلیاس قاسم وتی "شەهید و بریندارەكان زیاتر مەدەنی بون و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەیان كردبوو، لەناو بریندارەكان منداڵ هەن... شۆفڵ و خەڵكێكی زۆری ناوچەكە سەرقاڵی هەڵگرتنەوەی تەرم و بریندارەكانن لەژێر داروپەردوی نەخۆشخانەكە".

لایخۆیەوە ناوەندی ڕاگەیاندنی یەبەشە، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "بە چاودێریی و ڕێکخستنی فڕۆکەی سیخوڕیی بێفڕۆکەوان، فڕۆکەی جەنگیی نەخۆشخانەی سکێن-ی شەنگالی بۆردوومان کرد".

یەبەشە ئاماژەی بەوە کردووە کە "ئەو نەخۆشخانەیە لە خزمەتی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال و گەلی شەنگالدا بوو". دەشڵێت "ئەو هێرشە شەهید و برینداری لێ کەوتەوە، هەتا ئێستا شەهید و بریندار هەن کە لەبن داروپەردووی نەخۆشخانەکەدا ماون و دەرنەهێندراون".

یەبەشە، لە چەكدارانی ئێزیدی پێكهاتون و بە هێزێكی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هەژماردەكرێن، لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزاكە لەژێر دەستی داعش لە كۆتایی 2015، هاوشانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان بەشداربون و لەوكاتەوە لە چەندین شوێنی ناوچەكەدا جێگیربون.

حەسۆ ئیبراهیم، جێگری ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال –لەئێستادا ئیدارەی قەزای شەنگال دەكەن-، دەڵێت "حكومەتی عێراق لە هەردوو بۆردومانەكەی ئەمڕۆ و دوێنێی شەنگال بەرپرسیارە، چونكە لەكاتێكدابوو كە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی قەزاكەی كردووە... ئەو سەردانە زەربەیەكی كوشندە بوو بۆ ئێمە".

"ئێمەش بانگێشتكرابوین بۆ ئامادەبون لە كۆبونەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، چۆن دەكرێت پێش سەردانەكە و دوای سەردانەكەش وڵاتێكی دراوسێ بۆردومانمان بكات لەكاتێكدا سەرۆك وەزیرانیش هاتووە"، حەسۆ ئیبراهیم وای وت.

وتیشی "لە هەموشی خراپتر ئەوەیە كە بۆردومانی نەخۆشخانە كراوە، ئەمە ئەوپەڕی بێویژدانییە و شەرمەزاریشە بۆ حكومەتی عێراق".

بەپێی رێككەوتنی ساڵی رابردوی هەردوو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم لەبارەی شەنگالەوە، كە خاڵەكانی جێبەجێنەكراون، دەبێت هێزەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) شەنگال بەجێبهێڵن و هیچ رۆڵێكیان لە ئیدارەی قەزاكە نەبێت، بەڵام ئەو هێزانە ئەوە ڕەت دەكەنەوەو پابەندی نابن.