لاهور شێخ جەنگی: دادوەر بڕیاری ئازادكردنی خۆم‌و براكانمی دەركرد

18-08-2021 02:43
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی

پەرەگراف

لاهور شێخ جەنگی پەیامێكی لەبارەی چوونەبەردەم دادگا بڵاوكردەوەو دەڵێت: دوای وەرگرتنی وتەكانمان و پێشكەشكردنی بەڵگە یاساییەكانمان و سەلماندنی بێتاوانیی خۆمان، دادوەری بەڕێز بڕیاری ئازادكردنی داین.

لاھور شێخ جەنگی و دوو برای ئەمڕۆ ئامادەبوون لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە لە سلێمانی، لەسەر ئەو سکاڵایەی لەلایەن بازرگانێک لەسەریان تۆمارکرا بە تۆمەتی "ڕفاندن و لێسەندنی موڵک و ماڵی لەژێر فشارو ھەڕەشەدا"، سكاڵاکە لە دوای ڕووداوەکانی ٨ی تەمموزو گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی یەکێتی تۆمارکرا.

دەقی پەیامەكەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی

وەك لە ڕابردوودا هەمیشە داكۆكیمان لە سەروەریی یاسا كردووە و باوەڕی تەواومان وابووە كە نابێت هیچ كەسێك لە سەروو یاساوە بێت، بۆیە دوای پیلانگێڕییەكەی ٨ـی تەمووز بە مەبەست چەند تۆمەتێك ئاراستەی ئێمە و براكانم كرا، هەر بۆیە ئەمڕۆ من و براكانم چووینە دادگای سلێمانی و لە بەردەم دادوەرە بەڕێزەكاندا ئامادەبووین بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەمان كرابوو، دوای وەرگرتنی وتەكانمان و پێشكەشكردنی بەڵگە یاساییەكانمان و سەلماندنی بێتاوانی خۆمان، دادوەری بەڕێز بڕیاری ئازادكردنی داین.لێرەوە دەمەوێت هاووڵاتییانی خۆشەویستی كوردستان دڵنیابكەمەوە كە من هەمیشە خۆم بە خزمەتكاری یەك بەیەكتان زانیوە، هەرگیز خۆم لەسەروو یاساوە نەبینیوە، هەمیشە باوەڕم وابووە كە بەشێكی زۆر لە دادوەرە بەڕێزەكان سەربەخۆیی خۆیان و دادگاكانی كوردستانیان پاراستووە و ڕێگە نادەن تێوەبگلێن لەو گەمە قێزەونە سیاسییانەی دەگوزەرێن.

دووپاتی دەكەمەوە كە یاسا لە سەروو هەموومانەوەیە و لە هەر پلە و پۆستێكدابین، دەبێت ڕێز لە بڕیاری دادگا و دادوەرە بەڕێزەكان بگرین. بۆیە دەبێت هەموو بەرپرسەكانی ئەم هەرێمەش ڕێز لە بڕیاری دادگا بگرن و خۆیان لەسەروو یاساوە نەبینن و ملكەچی یاسابن.كێشە سیاسییەكان كۆتایی دێت ھانی ھەمووان دەدەم بۆ یەكلایكردنەوەی كێشەكانیان ڕوو لە دادگاكان بكەن، ئەوەی دەمێنێتەوە ڕۆڵی دادگا و دادوەرە بەڕێزەكانە كە لە ھەموو قۆناغێكدا بەرگری لە سەربەخۆیی خۆیان و دادگاكان بكەن چونكە ھەر ئەوەیان بۆ دەمێنێتەوە.