پەیامێکی ھەڕەشەئامێز لە بافڵ تاڵەبانییەوە

18-08-2021 06:12

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردایەتی یەکێتی لە ھەولێر ڕایگەیاند: دڵنیایی دەدەین کە جارێکیتر یەکێتی نابێتە قوربانیی مەرامەتایبەت و بەرژەوەندییە شەخسییەکان، ئەوانەشی لەرابردوودا ئەم کارانەیان کردووە نابەخشرێن و رادەستی دادگایان دەکەین.

دەقی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەگای مەکتەبی سیاسی لە ھەولێر لەگەڵ سەرکردایەتی ھەولێر کۆبووەوە.

لەکۆبوونەوەکەدا کە د.ئەرسەلان بایز، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەرباز کۆسرەترەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و د.رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وقوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ئامادەیبوون، گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتی، گۆڕانکاری و چاکسازییەکان وئامادەکارییەکانی یەکێتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان.

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە خۆڕێکخستنەوە و چاکسازیکردن لەناو دامەزراوەکانی حیزب کرد و وتی، یەکێتی چەند ھەنگاوێکی بەئاڕاستەییەکێتی ناو یەکێتی ناوە و گۆڕانکارییەکان لەپێناو پاراستنی شکۆی یەکێتی و پارێزگاریکردن بووە لە دەستکەوتەکان و ئەو بەها نەتەوەیی ونیشتمانییانەی یەکێتییەکەمان بڕوای پێیانە. ئەم حیزبە بەرهەمی رەنجی تێکۆشەران و خوێنی شەهیدانە و بەهیچ شێوەیەک رێگەنادەین لەرێبازە پیرۆزەکەی مام لابدات.

لە درێژەی کۆبوونەوەکدا هاوسەرۆک جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتی موڵکی هیچ گرووپ و بەرژەوەندیخوازێک نییە و رێگەنادەین مێژووی پڕلە سەروەری ئەم حیزبە لەکەدار بکرێت. ئەوەی کردوومانە پاراستنی حیزبی شەهیدان بووە لە هەڵدێر و بەلاڕێدا بردن. یەکێتی لەهەناوی کۆمەڵانی خەڵکەوە دروستبووە و دەبێت هەموو هەوڵەکانیشی لەپێناو خەڵکدا بێت نەوەک کۆمەڵێک کەس کە یەکێتییان بۆ بەرژەوەندی ومەرامی تایبەتی خۆیان بەکاردەهێنا. دڵنیایی دەدەینە یەکێتییە سەربەرزەکان کە جارێکیتر یەکێتی نابێتە قوربانیی مەرامە تایبەت وبەرژەوەندییە شەخسییەکان، ئەوانەشی لەرابردوودا ئەم کارانەیان کردووە نابەخشرێن و رادەستی دادگایەن دەکەین.

لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقەوە بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، دروستکردنی هاوپەیمانی کوردستان لەپێناو کۆدەنگی و یەکڕیزیگەلەکەمان بووە، هەموو هەوڵەکانیشمان بۆ سەرخستنی دەخەینەگەڕ و پێکەوە لەپێناو کوردستانێکی ئارام و خۆشگوزەران کار دەکەین.