بۆنی خواردن هۆشت دەبات؛ لە عاشوورادا چی ئامادە دەكرێت و چۆن لێدەنرێت؟

19-08-2021 09:29

پەرەگراف

هەموو ساڵێك لە یادی عاشوورادا، ملیۆنان موسڵمانی شیعەمەزهەب لە عێراق كۆدەبنەوە، لە شار و ناوچە جیاوازەكانەوە بە كەژاوەی گەورە و بەدەم لێدانی سروودە ماتەمەكانەوە بەپێ و بە جلی ڕەشەوە، بەرەو حسەینییە و شوێنە ئایینییە پیرۆزەكانیان بەڕێ دەكەون، بەتایبەت لە شارەكانی كەربەلا و نەجەف.

لەو شەقام و ڕێگایانەی كەژاوەكانی پێدا تێدەپەڕێت، دووكەڵی ئاگرێك هەموو شوێنێك دەتەنێت، كە مەنجەڵی زۆر گەورەی لەسەر دانراوە و خوارنی تایبەتی شیعەكانی لەسەر ئامادە دەكرێت، بێ بەرانبەر پێكەشی میوانان دەكرێت.

بۆنی خواردنەكان هێندە بەهێزە، هۆشی میوانەكان دەبات و گێژیان دەكات، بۆیە لە هەر شوێنێكدا بێت، دەتوانرێت بە بۆن جێگای ئامادەكردنی خواردنەكان بدۆزرێتەوە، لەگەڵ نزیكبوونەوەش لەو كەسانەی ئامادەی دەكەن، ڕاستەوخۆ بەشێكت پێ دەدرێت و دەتوانیت لەوێدا نانەكەت بخۆیت.

ئەو خواردنانە تەنها لە 10ی مانگی موحەرەم كە ڕۆژی كوژرانی حسێنە، ئامادە ناكرێت، بەڵكوو بە درێژایی مانگی موحەرەم بوونیان هەیە.

دابەشكردنی خواردن یەكێكە لە كلتوورە سەرەكییەكانی یادی عاشوورا، چونكە ملیۆنان شیعە لە ناوچە جیاوازەكانەوە بە پێ بەرەو كەربەلا بەڕێ دەكەون، لەبەر ئەوەی لەوێ مەزاری ئیمام حسێنی لێیە، كە شیعەكان یادی كوژرانی لە ساڵی 61ی كۆچیدا دەكەنەوە.

لەو چەند ڕۆژەدا دەیان هەزار كەس كاری ڕێكخستن و ئامادەكردنی خێمەی خواردن و پشوودان بۆ میوانەكان دەكەن كە بە كەژاوەی گەورە دەگەنە شوێنەكە.

ئەو كەسانە چەند جۆرێكی خواردن بۆ ماتەمگێڕان دەهێنن، كە دیارترینیان بریتین لە ماسی و برنج و گۆشت، لەگەڵ چەند جۆرێكی خواردن كە تایبەتە بە عاشوورا و دەبێت بۆ ئەو یادە ئامادە كرابێت.

ساڵانێكی درێژە ئەو خواردنانە بەپێی ناوچەكان بۆ یادی عاشوورا ئامادە دەكرێت، چەند گۆڕانكارییەكیش لە شێوازی ئامادەكردنەكەیدا ئەنجام دراوە، بەڵام كەرەستە سەرەكی و بنچینەییەكان وەك خۆی ماونەتەوە.

قیمە

جۆرێك شلەی خەستە، بە گۆشت و نۆك، پیاز، دۆشاوی تەماتە ئامادە دەكرێت، بۆ ماوەی چەند كاتژمێر لەسەر ئاگر دەبێت تا پێ دەگات و ئامادە دەبێت بۆ خواردن.

موئەیەد زوبەیدی خەڵكی نەجەفە، یەكێكە لە شێفە دیارەكانی لێنانی قیمە، باس لەوە دەكات، دروستكردنی پێویستی بە ئامادەكارییەكی زۆری ماددی و مرۆیی هەیە، چونكە دەبێت ڕێژەی گۆشت و نۆكەكە یەكسان بێت، بەردەوام لەسەر ئاگرەكە بێ وەستان تێك بدرێت، تا گۆشت و نۆكەكە بە تەواوی دەشێلرێن و ئاوێتەی یەك دەبن.

قیمە نەجەفی تامێكی تایبەتتری هەیە. زوبەیدی بە پێكەنینەوە دەڵێت كە پیاهەڵدان بۆ قیمەی شارەكەی ناكات، بەڵام "هەموو عێراق قیمەی نەجەفی دەزانێت، زۆر خەستە و زۆر بە وردی ئامادە دەكرێت، بڕێكی زۆر گۆشت دەكرێتە پێكهاتەكەیەوە".

بۆ ئامادەكردنی قیمە، گۆشتی گوێرەكە و بەرخ، هەندێك جاریش حوشتر بەكار دێت، لەگەڵیشیدا برنج بە زەعفەران لێدەنرێت و پێكەوە پێشكەش دەكرێن.

زوبەیدی ئاشكرای دەكات، بەشێوەیەكی گشتی بۆ هەر شەوێكی 10 شەوی یەكەمی مانگی موحەرەم، 50 كیلۆ گۆشت و 150 كیلۆ برنج ئامادە دەكات.

هەریسە
قیمە زیاتر خواردنێكی تایبەتە بە ژەمی نیوەڕۆ، بۆیە لە بەرانبەریشیدا هەریسە هەیە كە عێراقییەكان بە بڕێكی زۆر ئامادەی دەكەن.

هەریسە جۆرێكی شۆربایە، لە گۆشت و گەنم دروست دەكرێن، واتە گۆشت و گەنمەكە پێكەوە دەكوڵێنرێت تا هاوشێوە شۆبای گەنمەكوتاوی لێ دێت، دواتر چەند تام خۆشكەرێكی تێ دەكرێت، لەگەڵ شەكر و دارچینی، بە گەرمی و ساردییش پێشكەشی میوان دەكرێت.

عەبدولغەنی سوڵتانی كە شێفێكی ناسراوی هەریسەیە لە كەربەلا، دەڵێت "ڕۆنی ئاژەڵی گەرم دەكەم و دەیكەم بەسەر هەریسەكەدا، بۆ ئەوەی تامێكی خۆشتری بداتێ".

"دەبێت خوێ پێش شەكر بكرێتە هەریسەكەوە، بەوەش هەر یەكێك لە تامەكان ون دەبن بە خواردنەكەدا"، سوڵتانی بەو شێوەیە باسی شێوازی تایبەتی ئامادەكردنی ئەو خواردنە دەكات.

ئەو شێفە ئاماژەی بەوەش كردووە، هەریسە بە تەنیا یاخود بە نانەوە دەخورێت، بەتایبەت لە بەیانیاندا، چونكە قورسە بۆ گەدە.

شێوازی ئامادەكردنی هەریسە هاوشێوەی قیمە، بەپێی ناوچەكانی عێراق دەگۆڕێت، بەڵام لە هەموویدا پێویستی بە تێكدانی بەردەوامە، بۆیە بەردەوام لێنانرێت و دانراوە بۆ ڕۆژانی عاشوورا.

زەردە

بەرامبەر بە خواردنە قورس و چەورەكانی عاشوورا، عێراقییەكان جۆرێك شیرینی دروست دەكەن كە بە برنجی هاڕاو، شەكر، زەعتفەران ئامادە دەكرێت، ڕەنگێكی زەرد و تایبەتی هەیە و دواتر دارچینیی هاڕاوی دەكرێت بەسەردا.

مەیسا عوبەیدی، خانمێكی دانیشتووی ناوچەی عەزەمیەی بەغدادە و ئاشكرای دەكات، زەردە جگە لە یادی عاشوورا، بۆ ڕۆژی لەدایكبونی پێغەمبەر محەمەد (د.خ.) دروست دەكرێت.

"قیمە و هەریسە زیاتر خواردنێكی شیعەكانە، بەڵام زەردە لەناو هەموو مەزهەبەكاندا بڵاوە"، مەیسا وا دەڵێت.

ئەو خانمە باسی لەوە كردووە، زەردەی بەغداد تامی لە زەردەی پارێزگاكانی دیكە خۆشترە، چونكە خەستە و شیرینیی كەمە، بڕێكی زۆر زعفەران كراوەتە پێكهاتەكەیەوە.

نانی عەباس

خێزانە هەژار و كەمدەرامەتەكان، یاخود ئەو گەنجانەی داهاتێكی زۆریان نییە و كاتیان بۆ دروستكردنی خواردنە قورسەكان نییە، نانی عەباس ئامادە دەكەن، كە لە نانی عێراقی پێكهاتووە، چەند جۆرێكی سەوزە و پەنیر و هەندێك كاتیش گۆشت دەكرێتە ناوەكەی.

جگە لە نانی عەباس، جۆرێكی دیكەش نان هەیە كە بە عروگ ناسراوە، ئەو جۆرە گۆشتی ورد یاخود قیمە دەكرێتە ناو هەویرەكە و دواتر بە تەنوور دەبرژێنرێت.

دوایی لووتت بكەوە

لەگەڵ ئەو بڕە زۆرەی خواردن كە بۆ مەراسیمی عاشوورا ئامادە دەكرێت، بەڵام هەر خواست لەسەر زیاترە، چونكە گەنجان و منداڵان تەنانەت كەسانی بەتەمەنیش، بەردەوام بە مەنجەڵێكەوە لەسەر شەقامەكانن و بەدوای شوێنی ئامادەكردنی خواردنەكاندا دەگەرێن، بۆ ئەوەی بە دەستی پڕەوە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە.

ئەحمەد ڕەسووڵ، گەنجێكی خەڵكی بەغدادە و دەڵێت "لە منداڵیەوە فێربووم بچمە دەرەوە و بەدوای شوێنی ئامادەكردنی قیمە و برنج و هەریسەدا بگەڕێم، بۆ ئەوەی بڕێكی لێ ببەمەوە بۆ ماڵەوە و بە چێژەوە لەوێ بیخۆم".

"هەستی شەشەم یارمەتیت دەدات لە دۆزینەوەی قیمە و هەریسە و دیاریكردنی شوێنەكەی"، ئەحمەد بە پێكەنینەوە وا دەڵێت. باس لەوەش دەكات دەبێت ئەوەی بەدوای خواردنەكەدا دەگەڕێت، متمانەی بە لووتی هەبێت، دوای بۆنی خۆشی خواردنەكە و دەكەڵەكەی بكەوێت.