كێشەكانی ماڵی مام جەلال‌و لاهور شێخ جەنگی بە كوێ گەیشتوون؟

22-08-2021 04:34

پەرەگراف

كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان ماڵی مام جەلال‌و لاهور شێخ جەنگی وەك خۆیەتی‌و هیچ بەرەوپێشچوونێك بە ئاڕاستەی ڕێككەوتن‌و كۆتاییهێنان بە كێشەكان نییە، ئەمە دەرئەنجامی دواین كۆبوونەوەی نێوان قوباد تاڵەبانی ‌و لاهور شێخ جەنگییە كە دوو ڕۆژ لەمەوبەر بە نێوەندگیریی بەرهەم ساڵح لە مێرگەپان بەڕێوەچووە، بەپێی دوو سەرچاوەی ئاگادار بۆ پەرەگراف.

سەرچاوەكان كە نزیكن لەو دوو ئاڕاستە ناكۆكەی ناو یەكێتی، باسلەوە دەكەن، هەردوولایان سوورن لەسەر هەڵوێست‌و بۆچوونەكانیان.

"هیچ ئاسۆیەك نییە بۆ كاركردنیان بەیەكەوە، ئەوەی كەمێك گۆڕاوە ئەوەیە ماڵی مام جەلال دەیانەوێت بە ئارامیی كۆتایی بە لاهور شێخ جەنگی‌و براكانی بهێنن لەناو یەكێتی ‌و ئەو بابەتە كاریگەریی نەبێت لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە لە مانگی 10ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت" سەرچاوەیەكی ئاگادار وادەڵێت.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "لە دواین كۆبوونەوەشدا قوباد تاڵەبانی بە لاهور شێخ جەنگی گوتووە كە بافڵ تاڵەبانی بەهیچ شێوەیەك تۆی قبوڵ نییەو جارێكی دیكەش داوای لێكردووە ئەگەر بۆ ماوەیەكی كاتییش بێت كوردستان جێبهێڵێت، بەڵام لاهور شێخ جەنگیی ئەوەی ڕەتكردووەتەوەو داوای كردووە ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی كراون لە دادگا یەكلایی بكرێنەوەو گۆڕانكاریی‌و كێشە حزبییەكانیش ببرێنە كۆبوونەوەی سەركردایەتی".

لە وەڵامی ئەو داوایەی لاهور شێخ جەنگیدا، قوباد تاڵەبانی گوتوویەتی، "لە ئێستادا كات گونجاو نییە بۆ كۆبوونەوەی سەركردایەتی".

بەپێی سەرچاوەكانی پەرەگراف، ماڵی مام جەلال دەیانەوێت، ئەگەر لاهور شێخ جەنگی نەچێتە دەرەوەی وڵات، ئەوا بە فەرمیی پشتیوانیی بۆ كاندیدەكانی یەكێتی دەرببڕێت لە هەڵبژاردن‌و كاریگەریی نەبێت لەسەر بەشدارینەكردن‌و بایكۆتی هەڵبژاردن لەلایەن دەنگدەری یەكێتییەوە، بەڵام لاهور شێخ جەنگی لە بەرامبەر ئەوەدا دەیەوێت ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوخۆی یەكێتی‌و چارەسەری كێشەكان بكاتە مەرج بۆ دەربڕینی ئەو هەڵوێست‌و پشتیوانییە.

لە دوای ڕووداوەكانی ٨ی تەمموزو گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتی كە بەھۆیانەوە لاھور شێخ جەنگی دەسەڵاتەكانی ڕادەستی بافڵ تاڵەبانی كرد، لە میدیای یەكێتییەوە چەندین تۆمەتی قورس ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگی‌و كەسە نزیكەكانی كران، پاشان لەسەر سكاڵای بازرگانێك فەرمانی دەستگیركردن بۆ لاهور شێخ جەنگی‌و دوو برای دەركرا.

لاھور شێخ جەنگی و براكانی، 18ی ئەم مانگە ئامادەبوون لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە لە سلێمانی، لەسەر ئەو سكاڵایە كە لەسەریان تۆماركراوە بە تۆمەتی "ڕفاندن و لێسەندنی موڵك و ماڵی لەژێر فشارو ھەڕەشەدا"، پاش وەرگرتنی وتەكانیان دادوەر "بڕیاری ئازادكردنی دان".

ماڵی مام جەلال دەیانەوێت بە تەواوەتی لاهور شێخ جەنگی دووربخەنەوەو لە حزبەكەیان دایببڕن، داوای جێهێشتنی كوردستانیش لەو چوارچێوەیەدایە تا لاهور شێخ جەنگی بە "ئامادەنەبوو" لە قەڵەم بدرێت، بەوپێیەی مادەی 36 لە پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی دەڵێت: لەكاتی ئامادەنەبوونی هەریەكێك لە هاوسەرۆك، هاوسەرۆكەكەی دیكە دەسەڵاتەكانی دەگرێتە ئەستۆ.

ئەگەر لاهور شێخ جەنگی سووربێت لەسەر جێنەهێشتنی كوردستان، ئەوا ماڵی مام جەلال چەند ڕێگایەكی دیكەیان لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكەیان كە دوورخستنەوەی یەكجاریی لاهور شێخ جەنگییە، بۆئەوەش دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كە لە 124 ئەندام پێكدێن‌و ئێستا زۆینەی ڕەهایان لەگەڵ ماڵی مام جەلالدان.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، ئەگەر هاوسەرۆكی یەكێتی خۆی دەستلەكار كێشانەوە پێشكەش بكات، ئەوا پێویستی بە دەنگی زۆرینەی سادەی سەركردایەتی هەیە بۆ پەسەندكردنی كە دەكاتە 63 دەنگ.

بەڵام ئەگەر متمانەی لێوەربگیرێتەوە بەهۆی "پابەند نەبوون بە ئەرك و دەسەڵاتەكان"، ئەوا پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەیە كە 83 دەنگ دەكات.

هەرچەندە لە كۆنگرەی یەكێتیدا لاهور شێخ جەنگی دەنگی یەكەمی هێناو دواتریش زۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتی لەگەڵدابوو كە نزیكەی 80 ئەندام دەبوون، بەڵام ئێستا كەمینەیەكی زۆر كەمی لەگەڵدا ماوە.

بەدەر لە هەوڵەكانی دوورخستنەوەی یەكجاریی لاهور شێخ جەنگی، بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت سیستمی هاوسەرۆكی بگۆڕێت بۆ یەك سەرۆكی‌و ئەو پۆستە بۆ خۆی بێت. هەروەها سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی هەڵبوەشێنێتەوەو سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی نوێ لە 30 بۆ 40 كەس پێكبهێنێت.

بۆ ئەو گۆڕانكارییانە دەبێت پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی هەموار بكرێتەوە، ئەوەش دەبێت 50 ئەندامی سەركردایەتی داوای هەموارەكە بكەن‌و هەر گۆڕانكارییەكیش لە پەیڕەودا پێویستی بە دەنگی چوار لەسەر پێنجی سەركردایەتی هەیە كە 100 دەنگ دەكات لەكۆی 124 ئەندامی سەركردایەتی، بەبێ ئەوەی بۆیان هەبێت دەستكاریی بنەما گشتییەكان بكەن.