دوو گەشتیار لە هێرشێكی توركیا لە گوندێكی دهۆك كوژران؛ لە قامیشلۆیش ئۆتۆمبێلێك كرایە ئامانج

22-08-2021 05:46

پەرەگراف

لە هێرشێكی توركیا لە سنووری پارێزگای دهۆك، دوو هاووڵاتیی مەدەنی كە گەشتیار بوون، گیانیان لەدەست داوە. هاوكات توركیا هێرشە ئامانجدارەكانی بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان چڕ كردووەتەوە، ئەمڕۆیش ئۆتۆمبێلێكی لە قامیشلۆ كردووەتە ئامانج.

دوو گەشیاری عەرەب كە لە ڕۆژی هەینییەوە ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەكانی ناحیەی باتیفای سەر بە پارێزگای دهۆك كردووە، بێسەروشوێن بوون و پاش بەدواداچوون ئەمڕۆ ئۆتۆمبێل و تەرمەكانیان لە سنووری گوندی بانكێ دۆزراونەتەوە.

میدیكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، دەڵێن "ئەو دوو هاووڵاتییە لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا"وە كراونەتە ئامانج، بەڵام میدیكانی نزیك لە پارتی دیموكرات لە زاری بەڕێوەبەری ناحیەی باتیفاوە بڵاویان كردووەتەوە كە ئەو دوو گەشتیارە "چوونە ناوچەیەكی قەدەخەكراو و بە تۆپێك كراونەتە ئامانج".

ئەو دوو گەشتیارە ناویان (ئەحمەد شاكر - تەمەن ٤٠ ساڵ) و (یوسف عومەر - تەمەن ٢٦ ساڵ)ـە و خەڵكی پارێزگای مووسڵن، پاش پچڕانی پەیوەندییان لەگەڵ كەسوكاریان، خێزانەكانیان لایەنە پەیوەندیدارەكانی ناوچەكەیان ئاگادار كردووەتەوە و ئەمڕۆ دۆزرانەوە.

ئۆتۆمبێلی دوو گەشتیارەكە. وێنە: ڕۆژنیووز

لە ڕۆژئاوای كوردستانیش، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە گوندی هیمۆ لە ڕۆژئاوای قامیشلۆ، هێرشیان كردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێك.

میدیاكانی نزیك لە پەكەكە بڵاویان كردەوە كە ئەو ئۆتۆمبێلە "لە بەردەم ماڵی برینداران" كراوەتە ئامانج، بەڵام هیچ زانیارییەكیان سەبارەت بە ناسنامەی سەرنشینەكانی ناو ئۆتۆمبێلەكە و زیانە گیانییەكان بڵاو نەكردووەتەوە.

هاوكات میدیاكانی نزیك لە پارتی دەڵێن كە ئەو ئۆتۆمبێلەی كراوەتە ئامانج، سەر بە ئیدارەی خۆسەری ڕۆئاوایە و لە هێرشەكەدا ژمارەیەك كەس بریندار بوون.

ئەو ئۆتۆمبێلەی لە گوندی هیمۆ كراوەتە ئامانج. وێنە: ANHA

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا هێرشەكانیان بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان زیاد كردووە و لە ماوەی سێ‌ ڕۆژدا سێ‌ هێرشیان ئەنجام داوە. لە هەرێمی كوردستانیش بەردەوامن لە كردنە ئامانجی گەریلاكانی پەكەكە و هێزەكانی نزیك لەو پارتە.

ڕۆژی 16ی ئەم مانگە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێكیان لە بازاڕی كۆنی شنگال كردە ئامانج. دواتر یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال ڕایگەیاند "سەعید حەسەن، فەرماندەی یەبەشە و برازایەكی، كە هاوكات شەڕڤانێكی یەبەشەیە بە ناوی عیسا خوەدێدا، شەهید بوون، هەروەها سێ هاووڵاتییی مەدەنی بە ناوەكانی؛ مەدیا قاسم سمۆ، شامر عەباس بەرجەس و میرزا عەلی بریندار بوون".

ڕۆژی دواتریش فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا نەخۆشخانەی گوندێكیان لە شەنگال بۆردوومان كرد، بەهۆیەوە لانیكەم پێنج كەس گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەكی زیاتر لەوەش بریندار بوون كە لەنێویاندا منداڵ هەبوو.

* توركیا نەخۆشخانەیەكی لە شەنگال بۆردومانكرد؛ لانیكەم 5 كەس گیانیان لەدەستدا