كۆچی پێچەوانەی ئاوارەكان دەستی پێ كردووە؛ بۆچی عێراقییەكان لە زێدی خۆیانەوە دەگەڕێنەوە بۆ كەمپەكان؟

23-08-2021 08:35

پەرەگراف

چوار ساڵ پێش ئێستا جەنگی دژی داعش لە عێراق كۆتایی هات، چاوەڕوان دەكرا بەدوایدا ئاوارەكان بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان، بەڵام ئەوەی ڕووی دا پێچەوانە بوو، ئەوانەش كە گەڕابوونەوە شوێنەكانی خۆیان جێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە كەمپەكان.

نزیكەی یەك ملیۆن ئاوارەی عێراقی لەناو كەمپە و ئەو شوێنانە تایبەتە دەژین كە بۆیان دابین كراوە، بەتایبەت لە پارێزگاكانی باكوور و ڕۆژئاوا، زۆرینەشیان لە هەرێمی كوردستان، بەتایبەت خەڵكی پارێزگاكانی نەینەوا، سەلاحەدین، دیالە، ئەنبار، كەركورك.

ئەوەی سەیرە زۆرێك لەو ئاوارانە دوای ئەوەی گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان، كە ساڵی 2014 ڕێكخراوی تیرۆرستیی داعش كۆنترۆڵی كردبوو، بەخێرایی دوای ماوەیەك دەگەڕێنەوە بۆ كەمپەكان، ئەوەش بەهۆی ئاوەداننەكردنەوەی ناوچەكانیان و پێشكەشنەكردنی خزمەتگوزارییەكان، هەروەها خراپیی ئاستی گوزەران و دۆخی دارایی ئەو كەسانە.

كەمپەكە زۆر لە موسڵ باشترە

خەڵەف، ئاوارەیەكی خەڵكی مووسڵە، دەڵێت "لە نێوان دوو بژاردەدا بووین، باشەكەیان تاڵبوو، ئەوانیش یاخود گەڕانەوە بۆ ناوچە كارەساتبارەكەمان، یان مانەوە لە كەمپەكە، هەرچەندە گەڕاینەوە بۆ شوێنی خۆمان و هەوڵمان دا لەگەڵ دۆخەكە ڕابێین، بەرگەی ناخۆشی و ماندوێتی بگرین، بەڵام لە كۆتاییدا ناچاربووین ژیانی كەمپ هەڵبژێرینەوە و بۆی بگەڕێینەوە".

"هیچ هەلی كار نییە، ئاسایش نییە، نە ئاو نە كارەبا نە هیچ خزمەتگوزارییەك وەك پێویستە. لەو واقیعەدا هیوامان لەدەست دا، ئەوەش لەو چەند ساڵەی دوایدا چەشستمان و ڕووبەڕووی بووینەوە، ژیانی سەرەو ژێركردین، بە ڕادەیەك لە نیشتمانی خۆشماندا بێگانەین، تەنانەت ئەو كاتەش كە گەڕابووینەوە بۆ ناوچەكانمان، كە ماڵ و خزم و كەسوكار، هاوڕێ، بیروەرییەكانمانی لێیە، هەستمان بە غەریبی و دڵەڕاوكێ و ناسەقامگیری دەكرد"، ئەو پیاوە مووسڵییە وا دەڵێت.

خەڵەف دەڵێت "من كرێكارم، بەڵام زۆرینەی ڕۆژانی هەفتە كارم دەست نەدەكەوت، لەگەڵ گرانی و بەرزبوونەوەی نرخ و خراپی گوزەران، نەمتوانی قووتی خێزانەكەم دابین بكەم، بۆیە بڕیارم دا بگەڕێمەوە بۆ ئەو كۆمەڵگەیەی لێوەی هاتبووین، كە لێرە كەمێك بارگرانییەكە كەمترە، هەرچەندە ژیانیش لە شوێنێی بە كۆمەڵ قورسە، بەڵام هەرچۆنێك بێت كۆمەك و هاوكارییەكان لە ڕێكخراوەكانەوە بۆ دێت.

دانپێدانانی حكومەت

لەبارەی ئەو دیاردە پێچەوانەیەوە، ئیڤان فایەق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و سەرۆكی لیژنەی جێبەجێكردنی پلانی نیشتمانی بۆ گێڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچە ڕزگاركراوەكانیان جەختدەكاتەوە لەسەر "لەگەڵ گەڕانەوەی بەشێكی زۆری ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان، بەڵام بەداخەوە كۆچی پێچەوانە هەیە، ئەوەش بەهۆی ئاڵەنگارییەكان لە ئەنجامی نەبونی خوزمەتگوزارییە گشتییەكانی وەك كارەبا و ئاو، وێرانی ناوچەكان، لەگەڵ بونی كێشە عەشایرییەكان، ئەو كێشانەش دەبنە بەربەستی سەرەكی لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكان".

لای خۆیەوە ئەندامێكی لیژنەی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و كۆچ و كۆچبەران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گومانی هەیە و دەڵێت "ئەم دواكارییانەی حكومەت سودی نییە، چونكە پلانێكی تۆكمە نییە، هەروەها پێویستی بە بڕیاری سیاسی ڕوون و جێبەجێكردنی كۆمەڵێك ئالیەت و چاودێری ورد هەیە".

ئەندامەكەی پەرلەمان ئەوەشی نەشاردۆتەوە "كۆمەڵێك بەرژوەندی سیاسی و ئابوری لایەنە جێبەجێكارەكان هەیە لەنێوان بەغداد و هەولێردا، وایكردووە دۆسیەی ئاوارە و كەمپەكان بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە، ئەوەش لەڕێی دواخستنی دابینكردنی مەرجەكانی گەڕانەوەیەكی خۆشگوزەران و پڕ هێمنی بۆ ئەو ئاوارانە".

دابینكردنی ژیانێكی باشتر

ئەندامەكەی لیژنەی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و كۆچ و كۆچبەران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت "تەنها گەڕانەوە گرنگ نییە لە ژێر هەر دۆخێكدا بێت، تاوەكو بكرێتە دروشم موزایەدە، ئەوەش پێویستە باشتركردنی مەرجەكانی ژیان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە لە ناوچە كارەساتبارەكان كە هاوڵاتیان لێی هەڵهاتوون، وەك شنگال و چەند ناوچەیەكی دیكە، كە بەئاگری تیرۆر داخ بوون و دانیشتوانەكەی ئاوارەبوون".

"كۆمەڵێك وردەكاری هەیە پەیوەندی بەئاسایش و ژیان و ئابورییەوە هەیە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە گوزەرانی ئاوارە گەڕاوەكان و قەرەبوكردنەوەیانەوە هەیە، هەروەها دابینكردنی شوێنی گونجاو و هەلی كار بۆیان، بەتایبەت كە ژێرخانی ئەو ناوچانە بە تەواوی وێرانبووە، زۆرینەی شوێنەكان پێویستیان بە چاكردن و دووبارە بونیادنانەوە هەیە" پەرلەمانتارەكە وادەڵێت.

ئەو باسی لەوەشكردووە "عەیبەبە یۆ دەسەڵاتدارانی عێراق خەڵك لەژَێر خێمەدا بژین، لەبری ژیان لە ناوچەیەك كە بچوكترین مەرجەكانی مرۆڤایەتی تێدا نییە، بەدانپێدانانی وەزیری كۆچ و كۆچبەرانیش كە كۆچی پێچەوانە هەیە بەرەو كەمپەكان، كە بە هەموو خراپییەكانییەوە هێشتا بە باشتر دادەنرێت بەراورد بە خزمەتگوزاری لە ناوچەكانی دیكەی عێراق، ئەوەش زەنگێكی مەترسیدارە كە دەبێت حكومەت چارەسەری هۆكارەكانی بكات، كە وای لە هاوڵاتیان كردووە ژیانی كەمپەكانیان پێخۆشتر بێت لە گوزەرانی شار و گوندەكانیان".