توركیا بە چڕیی چیاكانی پێنجوێن‌و شارباژێڕی بۆردومان كرد

24-08-2021 01:04
وێنەكە لە ڤیدیۆیەكی بۆردومانەكەی ئەمڕۆوە وەرگیراوە كە توركیا بڵاوی كردووەتەوە.

پەرەگراف

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بەیانیی ئەمڕۆ بە چڕیی چیاكانی قەزای پێنجوێن‌و شارباژێڕیان لە پارێزگای سلێمانی بۆردومان كرد، وەزارەتی بەرگیی توركیا دەڵێت: 28 ئامانجیان پێكاوە.

وەزارەتی بەرگریی توركیا، لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەوە دەخاتەڕوو، زیاتر لە 20 فڕۆكەی ئێف 16‌و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە بۆردومانەكەدا بەكار هاتوون كە زنجیرە چیاكانی ئاسۆسی گرتووەتەوە، دەشڵێت "حەشارگە، كۆگای چەك و تەقەمەنی و بارەگای پەكەكە" لەو چیایانە كراونەتە ئامانج.

ئەوە یەكەمجارە توركیا بەو چڕییە پێنجوێن‌و شارباژێڕ بكاتە ئامانج، وەزارەتی بەرگریی توركیا باسلەوەش دەكات، هەڵمەتەكە بەهەماهەنگیی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی توركیا ٢٠٠ كیلۆمەتر لە قوڵایی خاكی عێراقدا بووە.

بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە میدیای توركیا بڵاوی كردووەتەوە، خولوسی ئاكار وەزیری بەرگریی توركیا ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی هەڵمەتی بۆردومانەكەی ئەمڕۆی كردووە.

توركیا دەشڵێت "گورزێكی تووند لە پەكەكە وەشێندراوەو سوپای توركیا بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".

هێشتا پەكەكە هیچ ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی ئەو بۆردومانانەو زیانەكانی بڵاو نەكردووەتەوە.

توركیا هێرشەكانی بۆسەر باشورو ڕۆژئاوای كوردستان چڕ كردووەتەوە بە پاساوی لێدان لە بنكەو بارەگاكانی پەكەكەو ئەو هێزانەی بە سەربە ئەوان لە قەڵەمیان دەدات.

دوو ڕۆژ لەمەوبەریش لە هێرشێكی توركیا لە سنووری پارێزگای دهۆك، دوو هاووڵاتیی مەدەنی كە گەشتیاری عەرەب بوون، گیانیان لەدەست دا. هاوكات توركیا ئۆتۆمبێلێكی لە قامیشلۆ لە ڕۆژئاوا كوردستان كردە ئامانج.