وتەبێژی تاڵیبان دەربارەی پێشهاتەكانی ئەفغانستان دەدوێت؛ "كێشەی پەنجشیر بچووكە و بە ئاشتی چارەسەری دەكەین"

24-08-2021 06:22

پەرەگراف

وتەبێژی تاڵیبان ڕایدەگەیەنێت كە كێشەی ویلایەتی پەنجشیر بچووكە و بە ڕێگەی ئاشتییانە چارەسەری دەكەن. ئەو بەرپرسەی تاڵیبان جەخت لە حوكمكردن بە شەریعەت دەكاتەوە مانەوەی هێزی بیانییش لە وڵاتەكەی بە هێزەكانی توركیاشەوە ڕەت دەكاتەوە. هاوكات واشنتۆن پۆست ئەنجامدانی كۆبوونەوەی نهێنی لە نێوان سەرۆكی سی ئای ئەی و جێگری ڕابەری تاڵیبان ئاشكرا دەكات.

زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان، كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیی بۆ قسەكردن لەسەر پێشهاتەكانی ئەفغانستان ئەنجام دا، كە ئەمە دووەم كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی بەرپرسانی باڵای تاڵیبانە لە دوای كۆنترۆڵكردنی كابووڵەوە.

وتەبێژی تاڵیبان بابەتی ویلایەتی پەنجشیری بە "كێشەیەكی بچووك" ناو برد و وتی "هەوڵەكان بەردەوامن تا بە گفتوگۆ ئەم بابەتە چارەسەر بكرێن".

زەبیحوڵڵا موجاهید جەختی كردەوە كە تاڵیبان كۆتایی بە شەڕ هێناوە و هەوڵەكانی چارەسەری كێشەی ویلایەتی پەنجشیریش لەسەدا 80 بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینیوە. وتیشی "دڵنیاین ئەم بابەتە بە ڕێگەی ئاشتییانە چارەسەر دەبێت".

سەبارەت بە مانەوەی هێزی وڵاتان لە فڕۆكەخانەی كابووڵ، وتەبێژی تاڵیبان وتی "بوونی هێزەكانی ئەمریكا، دژیەكە لەگەڵ ڕێككەوتننامەی نێوانمان. ئێمە داوا لە ئەمریكا دەكەین كە تا وادەی دیاریكراو هێزەكانیان بكشێننەوە، بە پێچەوانەوە ئێمە هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیەنین".

"دەمانەوێت پەیوەندیی باشمان لەگەڵ هەموو وڵاتان هەبێت. داوا لە وڵاتان دەكەین كە لە خاكی ئەوانەوە كێشە بۆ وڵاتەكەمان دروست نەكرێت، بە هەمان شێوە ئێمەیش ڕێگە نادەین هیچ كەسێك خاكی ئێمەوە دژی كەس بەكار بهێنێت"، زەبیحوڵڵا موجاهید وای وت.

دەربارەی پەیوەندییان لەگەڵ توركیا، وتەبێژی تاڵیبان وتی "توركیا وڵاتێكی موسڵمانە، پێمان خۆشە پەیوەندیی باشمان لەگەڵیان هەبێت، بەڵام دژی بوونی سەربازانی توركیاین لە ئەفغانستان،هەر ئەوەندەی كێشەكان چارەسەر ببن، ئێمە پێویستمان بە هێزی بیانی نییە".

وتەبێژی تاڵیبان لە كۆنفراسە ڕۆژنامەوانییەكەدا داوای كرد كە مافی پرسیاركردن سەرەتا بە ڕۆژنامەنووسە ئافرەتەكان بدرێت. سەبارەت بە نیگەرانی و مەترسییەكانی ئافرەتانیش لە ئەفغانستان، وتی "هەندێك كێشە هاتوونەتە پێش، ئێمە دەبێت لەوبارەیەوە دەستوورێكی كاركردن بۆ هێزەكانی خۆمان دەر بكەین تا هەموان بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئافرەتان دەكەن".

هەروەها موجاهید جەختی كردەوە كە لێخۆشبوونی گشتی دەركراوە و ئەوان هیچ لیستێكیان بۆ دەستگیركردنی كەسانێكی دیاریكراو لەبەردەستدا نییە.

سەبارەت بە كێشەی باڵیۆزخانەكانیش، وتەبێژی تاڵیبان وتی "ئێمە لە ڕێگەی نووسینگەی سیاسیی خۆمانەوە پێمان ڕاگەیاندبوون كە ترسیان نەبێت. هێزەكانی ئێمە ئاسایشی باڵیۆزخانەكانیان دابین كردووە و هیچ مەترسییەكیان لەسەر نییە.

ئەمڕۆ ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاشكرای كرد كە ویلیان بێرنز، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریكا (سی ئای ئەی)، بە نهێنی لە كابووڵی پایتەختی ئەفغانستان لەگەڵ مەلا عەبدولغەنی برادەر،جێگری ڕابەری بزووتنەوەی تاڵیبان كۆبووەتەوە، كە ئێستا باڵاترین بەرپرسی تاڵیبانە لە كابووڵ.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئەمریكییەكە، كۆبوونەوەكە لە ڕۆژی 23ی ئەم مانگە ئەنجام دراوە. هەرچەندە زانیاریی پشتڕاستكراوە سەبارەت بە ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە دەست واشنتۆن پۆست نەكەوتووە، بەڵام ئاماژەی بەوە كردووە كە پێدەچێت گفتوگۆ دەربارەی وادەی بردنە دەرەوەی هاووڵاتیانی ئەمریكی و كارمەندە ئەفغانییەكانی ئەمریكا لە كابووڵ كرابێت.

وتەبێژی تاڵیبان وتی كە ناتوانێت زانیارییەكان لەبارەی ئەندامدانی ئەو كۆبوونەوەیەوە پشتڕاست بكاتەوە.

دەربارەی ئەوەیش كە ئایا مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، ڕابەری بزووتنەوەی تاڵیبان، ئێستا لە كوێیە؟ تەنیا وتی "لە ئایندەیەكی نزیدا ئەو دەبینن".

نوێنەری هونەرمەندان و سینەماكاران لە زەبیحوڵڵا موجاهیدی پرسی: ئایا ڕێگە بە چالاكییەكانی ئێمە دەدەن؟ ئەویش لە وەڵامدا وتی "دەسەڵاتی ئایندە كار بە بنەماكانی شەریعەتی ئیسلام دەكات، هەر شتێك لەگەڵ شەریعەت یەكبگرێتەوە، ڕێگەپێدراوە".

یەكێك لە لەمپەرەكانی بەردەم بزووتنەوەی تاڵیبان، كێشەی ویلایەتی پەنجشیرە كە نەیارێكی دێرینەی تاڵیبانە و بەشێك لە سەركردە سەربازییە هەڵاتووەكانی ئەفغانستانیش ڕوویان لەو ویلایەتە كردووە.

پەنجشیر كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی تاجیكی فارسی زمانن، تاكە ناوچەی ئەفغانستانە كە تا ئێستا لەلایەن تاڵیبانەوە كۆنترۆڵ نەكراوە. ئەو ویلایەت لەسەردەمی داگیركاریی یەكێتیی سۆڤیەت و دواتریش لە بەرانبەر تاڵیبان، بە ڕێبەرایەتیی ئەحمەد شا مەسعودی سەركردەی دیاری ناوچەكە، بەرگریی گەورەی كردووە و هیچ كامیان نەیانتوانیوە كۆنترۆڵی بكەن. ئێستایش ئەحمەد مەسعود، كوڕی ئەحمەد شا مەسعود، فەرمانڕەوای ویلایەتەكەیە.

ئەحمەد مەسعود ڕایگەیاندووە كە ویلایەتەكەی ڕادەستی تاڵیبان ناكات، بەڵام ئامادەیی بۆ گفتوگۆ دەربارەی پێكهێنانی حكومەتێكی هەمەلایەنە لە ئەفغانستان نیشان داوە. هاوكات تاڵیبان كە جەخت لە چارەسەركردنی كێشەی ویلایەتەكە بە گفتوگۆ دەكاتەوە، بەڵام وتەبێژێكی بزووتنەوەكە لە ئەگەری شكستهێنانی دانوستانەكاندا دەڵێت "پەندێكی عەرەبی هەیە دەڵێت: داخكردن كۆتا چارەسەرە".

ئەحمەد مەسعود كە كوڕی ئەحمەد شامەسعودی ڕابەری دیاری بزووتنەوەی بەرگریكاری ئەفغانستانی ساڵانی دەیەی 80ی سەدەی ڕابردووە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ كەناڵی ئەلعەرەبیە، وتی كە ئەفغانستان پێویستی بە حكومەتێكی هەمەلایەنەیە كە تاڵیبانیش بەشێك دەبێت لێی، بەڵام جەختی كردەوە كە "ئەگەر تاڵیبان گفتوگۆ ڕەت بكاتەوە، شەڕ ڕوو دەدات".

ئەحمەد مەسعود ئاماژەی بەوەش كرد كە هێزەكانی ئەفغانستان لە چەندین ویلایەتەوە گەیشتوونەتە ویلایەتی پەنجشیر و "هاتوونەتە ڕیزی بەرەی بەرگریی نیشتمانیی ئەفغانستان".

هاوكات ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری ئەحمەد مەسعودەوە بڵاوی كردووەتەوە كە هیوادارە گفتوگۆكان لەگەڵ تاڵیبان ئەنجامی هەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ئامادەباشیدایە بۆ شەڕ لەگەڵ بزووتنەوەكە.

لای خۆیشیەوە محەمەد نەعیم، وتەبێژی نووسینگەی سیاسیی بزووتنەوەی تاڵیبان لە قەتەر، بەبێ ئەوەی ناوی ئەحمەد مەسعود بهێنێت، لەبارەی كێشەی ویلایەتی پەنجشیرەوە بۆ بەشی فارسیی بی بی سی ئاماژەی بەوە كرد كە "كەسەكان لای ئێمە گرنگ نین، ئەوەی لای ئێمە گرنگە چارەسەركردنی كێشەكانە لە ناوچەكە".

ئەو وتەبێژەی تاڵیبان جەتی كردەوە كە "لە ڕێگەی ڕیشسپییان و زانایانی ناوچەكەوە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان هەیە بە گفتوگۆ، چونكە ئێمە دەمانەوێت بەر لەوەی توندوتیژی ڕوو بدات، كێشەكان بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێن".

ئەو بەرپرسەی تاڵیبان نەیشاردەوە كە شەڕ یەكێكە لە بژاردەكان و وتی "لە زمانی عەرەبیدا پەندێك هەیە دەڵێت: اخر الدواْ الكی. كاتێك كە دەرمان و چارەسەرەكان كاریگەریی نەبێت، ئیتر كۆتا چارەسەر داخكردنە، بەڵام نامانەوێت بەم قۆناغە بگەین".

"چارەنووسی گەلێك، شتێكی سادە نییە. هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی بە گفتوگۆ كێشەی ویلایەتی پەنجشیر چارەسەر بكرێت".

بزووتنەوەی تاڵیبان كە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە كابووڵی پایتەختی ئەفغانستانی بەدەستەوەیە، لەگەڵ سەركردەكانی پێشووی ئەو وڵاتە و كەسایەتییە دیارەكان لە گفتوگۆدایە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی هەمەلایەنە، تاكلایەنەیش ڕایگەیاندووە كە دەوڵەتی نوێ ئیسلامی و لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلام دەبێت.