كۆرۆنا لە ئێران؛ گیانلەدەستدان لەسەدا 60 و تووشبوون لەسەدا 54 زیادی كرد

23-02-2020 07:51


پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماری نوێی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای بڵاو كردەوەوە، بەپێی ئامارەكە لە ماوەی 24 كاتژمێردا ڕێژەی گیانلەدەستدان لەسەدا 60 و تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لەسەدا 54 زیادی كردووە.

هاوكات هەریەك لە ئەفغانستان و توركیا ڕایانگەیاند كە سنووری وڵاتەكانیان بە ڕووی ئێراندا دادەخەن. لە ئێستادا توركیا سنووری زەمینی و ئەفغانستانیش سنووری زەمینی و ئاسمانیی بە ڕووی ئێراندا داخستووە.

كیانووش جیهانپوور، بەڕێوەبەری ناوەندی پەیوەندییە گشتییەكان و پێدانی زانیاریی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ڕایگەیاند "لە دوێنێوە سێ‌ كەسی دیكە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە و 15 كەسی دیكەیش تووشی ڤایرۆسەكە بوون".

لەو 15 تووشبووە حەوت كەس لە شاری قوم، چوار كەس لە تاران، دوو كەس لە پارێزگای گیلان، لە پارێزگای مەركەزی و شاری تەنكابن یەكی یەك كەس تۆمار كراوە.

بەو پێیەش ژمارەی ئەو كەسانەی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران گیانیان لەدەست داوە بۆ هەشت كەس بەرزبووەتەوە و ژمارەی تووشبووانیش گەیشتووەتە 43 كەس.

لەو سێ‌ تووشبووەی كە تازە گیانیان لەدەست داوە، دوانیان لە تەنكابن و ئەراك بوون ‌و ئەوەی دیكەیان لە مازەندەران بووە‌و هەروەها سەرۆكی زانكۆی پزیشكیی مازەندەران گیانلەدەستدانی ڕاگەیاندووە.

هەر بەهۆی مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە 10 پارێزگای (تاران، كرمان، لوڕستان، ئازەربایجانی ڕۆژاوایی و ڕۆژهەڵاتی، گولستان، ئەردەبیل، كوردستان (سنە) و ئەلبورز، ناوەندی، قوم، گیلان و مازەندەران)ی ئێران، پڕۆسەی خوێندن ڕاگیراوە و سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن داخراون.

ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی دەڵێت "بەرپرسانی باڵای تەندروستی و پەروەردەی ئێران بڕیاران داوە ناوەندەكانی خوێندن لەو پارێزگایانە بە مادەی پاككەرە و دژە ڤایرۆس خاوێن بكرێنەوە".

گرتنەبەری ڕێكاری نوێ‌ لە قوم

تا ئێستا بەرزترین ئاستی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری قوم بووە. سەعید نەمەكی، وەزیری تەندروستیی ئێران ڕایگەیاند، لە شارەكە دەست بە دابەشكردنی دەمامك دەكەن.

هاوكات جگە لە دەمامك، دەرمانی دژە ڤایرۆس بۆ دەستشتن و ڕێنمایی تەندروستی بەسەر هەموو خێزانەكانی شاری قومدا دابەش دەكرێت.

سەبارەت بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە قوم، وەزیری تەندروستیی ئێران ئاماژەی بەوە كرد كە بەهۆی ئەو كەسانەوە گوازراوەتەوە كە سەفەریان بۆ چین كردووە و "یەكێك لەو كەسانەی گیانی لەدەست داوە، سەفەری بۆ چین كردبوو".

مردن بە كۆرۆنا لە ئێران ڕێژەیەكی بەرزی هەیەو نزیكەی لەسەدا 20ی تووشبووان دەمرن بەپێی ئەو ئامارە فەرمییانەی ڕاگەیەندراوە، ئەوە لەكاتێكدایە لە چین كە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەو گەشەی ڤایرۆسەكەیەو زۆرترین تووشبووان‌و مردووان بە ڤایرۆسەكە لەو وڵاتەن، ئەوانەی دەمرن كەمترە لە لەسەدا 3ی ژمارەی تووشبووان ئەوەش بەپێی ئامارە فەرمییەكان.

سەعید نەمەكی هۆكاری بەرزیی ئاستی گیانلەدەستدان و تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای لە ئێران بەراورد بە وڵاتانی دیكە بۆ "شەفافیەت لە سیستمی پێدانی زانیاریی" لە وڵاتەكەی گەڕاندەوە.

حەوت ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی تاران قەرەنتینە كراون

ئیبراهیم ئەمینی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانیی تاران، ئاشكرای كرد كە حەوت ئەندامی ئەنجوومەنەكە بەهۆی گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا قەرەنتینە كراون(واتە خراونەتە ژێرچاودێریی تەندروستیی‌و دابڕێندراون لە خەڵك).

قەرەنتینەكردنی ئەو حەوت ئەندامەی ئەنجوومەنی شارەوانیی تاران پاش ئەوە هات كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ سەرۆی شارەوانیی ناوچەی 13ی تاران هەبووە كە تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا پشتڕاست كراوەتەوە.

لە دوای چین ئێران دووەم وڵاتە لە زۆری ژمارەی مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا. سەدان كەس لەژێر چاودێریی پزیشك‌و لە نەخۆشخانەكانی ئێراندان بە گومانی تووشبوونیان بە كۆرۆنا، بەڵام هێشتا پشتڕاست نەكراونەتەوە.

بۆ ڕێگریی لە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە، هەرێمی كوردستان وەك دراوسێی ئێران لە سەرجەم دەروازە سنورییەكانەوە ھاتووچۆی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ڕاگرتووە. تەنھا ئەو ھاووڵاتییانەی ھەرێم كە ئێستا لە ئێرانن ڕێگەیان پێدەدرێت بێنەوە ناو ھەرێم، ئەوەش دوای ئەنجامدانی پشكنین و خستنە ژێر چاودێریی تەندروستییەوە بۆماوەی دوو ھەفتە.

ڤایرۆسەكە لەسەر ئاستی جیهان بەدەوامە لە بڵاوبوونەوە، لەسەر ئاستی جیهان ژمارەی تووشبووان نزیك بووەتەوە لە 79 هەزار كەس كە زۆربەی هەرە زۆریان لە چینن‌و دوای چین، یابان بە پلەی دووەم دێت كە 838 تووشبووی هەیە، ژمارەی مردووانیش بەو ڤایرۆسە نزیكەی 2 هەزارو 470 كەسن كە 25یان لە دەرەوەی چینن‌و دوای چین ئێران پلەی دووەمی هەیە لە تۆماركردنی مردن بە كۆرۆنا، ڤایرۆسەكە لە زیاتر لە 25 وڵات بڵاوبووەتەوە.

مەترسیی ڤایرۆسەكە وایكردووە، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیی بۆ پێنجهەمین جار لە مێژوویدا باری لەناكاوی لە سەرتاسەری دونیا ڕاگەیاندووە.

ڤایرۆسی كۆرۆناو خۆپاراستن لێی