وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەربارەی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە: عێراق و هەرێم كەمترین ستانداردەكانیان بەدی نەهێناوە

24-08-2021 09:52

پەرەگراف

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بە بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە، جارێكی دیكە عێراق لە "ئاستی دوو"دا ماوەتەوە كە ئاستێكی مەترسیدارە. ڕاپۆرتەكە حكومەتەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی تۆمەتبار كردووە بەوەی كە "كەمترین ستانداردەكانیان بەدی نەهێناوە" بۆ ڕێگری لە بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە، بەڵام باسی لەوەش كردووە كە هەوڵەكان بۆ دادگاییكردنی زیاتری بازرگانان بە مرۆڤەوە لەناویشیاندا كاربەدەستی تێوەگلاو، بەردەوام بووە.

بەپێی ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بە بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە لە ساڵی 2021دا "حكومەتی عیراق بە تەواوی پابەند نییە بە كەمترین ستانداردەكان بۆ نەهێشتنی بازرگانیكردن بە مرۆڤ. حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چەندین بواردا كەمترین ستانداردەكانیان بەدی نەهێناوە".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕەخنەی لە فەرمانگەكانی هەردوو حكومەتی بەغدا و هەولێر گرتووە دەربارەی "نەبوونی هۆشیاری لەسەر بازرگانیكردن بە مرۆڤ و ڕێگربوون لەوەی چەندین قوربانی خزمەتگوزاری پاراستنی گونجاو وەربگرن".

"فەرمانگەكان چالاكانە هەوڵیان نەداوە بۆ دەستنیشانكردنی قوربانییەكانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ لەناو گرووپە لاوازەكان، ئەمەش بووەتە هۆی بەردەوامبوونی سزای هەندێك لە قوربانییەكان لە ئەنجامی هەندێك كردەی نایاسایی كە بازرگانەكان ناچاریان كردوون ئەنجامی بدەن، وەك پێشێلكارییەكانی پەیوەست بە یاسای كۆچ یان لەشفرۆشی"، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وا دەڵێت.

لە ڕاپۆرتەكەدا ڕەخنە لە حكومەتی هەرێم گیراوە كە "هێزەكانی بەرزەفتكردنی یاسای حكومەتی هەرێمی كوردستان سیستمێكی ڕوونی نییە بۆ ڕاپۆرتدان لەسەر تاوانەكانی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە". وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێیشی وایە "زۆر كاربەدەستی حكومەت كە بەرپرسن لە مامەڵەكردن لەگەڵ بازرگانیكردن بە مرۆڤ، ڕاهێنانی تایبەتمەندیان پێویستە لەسەر دەستنیشانكردن و لێكۆڵینەوە لە كەیسە شیاوەكان".

لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە "بە لەبەرچاوگرتنی كاریگەریی كۆڤید-19 لەسەر تواناكانی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ، حكومەتی عێراق هەوڵی زیاتری داوە بەراورد بە ماوەی ڕاپۆرتدانی پێشوو، لەبەر ئەوە عێراق هێشتا لە ئاستی (2)دا ماوەتەوە".

ڕاپۆرتەكە باس لەوە دەكات كە حكومەتی عێراق لە هەوڵەكانی بەردەوام بووە بۆ "دادگاییكردنی زیاتری بازرگانان بە مرۆڤەوە، لەناویاندا كاربەدەستی تێوەگلاو". هەروەها كار كردووە بۆ "بەهێزكردنی توانای بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە لە وەزارەتی ناوخۆ، ئەوەش لە ڕێگەی تەرخانكردنی دارایی و كارمەندی زیاتر هەروەها زیادكردنی ڕاهێنانەكانی هێزەكانی جێبەجێكردنی یاسا بە مەبەستی باشتركردنی زانیاریی كاربەدەستان لەسەر یاساكانی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە".

سەبارەت بە حكومەتی هەرێمیش، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت "یەكەی پۆلیسی تایبەتمەندی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤی پێكهێناوە لە هەر یەكێك لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی عێراق، هەروەها بەردەوامە لە ڕێخۆشكردن بۆ ئازادكردنی ئێزیدییە بەندكراوەكانی ژێردەستی داعش".

بەپێی ڕاپۆرتەكە، لە ساڵی 2021دا یەكەی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق "394 كەسی دەستگیر و بەند كردووە" لەسەر تۆمەتی تێوەگلان لە تاوانەكانی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە. لەو ژمارەیە "35" كەسیان ڕەوانە كراون بۆ دادگاییكردن بەپێی یاسای ساڵی 2012ی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە، هەروەها "82 كەس بێتاوانییان سەلمێنراوە و 21 كەسی تر بە كەفالەت ئازاد كراون". تا كۆتایی ماوەی ڕاپۆرتدانیش "256 كەسەكەی تر هێشتا لەژێر لێكۆڵینەوەدان".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت "حكومەتی عێراق 127 بازرگانیكار بە مرۆڤی دادگایی كردووە و حوكم داوە لە 18 دۆسیەدا، حوكمەكانیان لە نێوان پێنج تا 15 ساڵ بەندكردن بووە".

لە كۆی 127 حوكمدراوەكە، 80 كەسیان لەسەر تاوانی بازرگانیكردنی سێكسی، 28 كەس لەسەر كارپێكردنی زۆرەملێ، نۆ كەس لەسەر هەردوو تاوانی بازرگانیكردنی سێكسی و كارپێكردنی زۆرەملێ و 10 كەس لەسەر بازرگانیكردن بە منداڵ.

هەروەها حكومەتی عیراق 504 تۆمەتباری بازرگانیكردن بە مرۆڤ دەستگیركردووە، لەو ژمارەیە 105 تۆمەتباری ڕەوانەی دادگا كردووە و 67 كەسیان حوكم دراون.

بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، حكومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی نەزانراو دەستگیركردنی ئەنجام داوە، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەك لەسەر دادگاییكردن یان حوكمدانەكانیان بڵاو بكاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت "هێشتا نیگەرانی بەرچاو هەیە لەسەر تێوەگلانی بەرپرسان لە تاوانەكانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ،بەڵام حكومەت ڕاپۆرتی داوە لەسەر حوكمدانی هەشت فەرمانبەر – لەوانە شەش ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ و دوو ئەفسەری سوپای عێراق – لەسەر بازرگانیكردنی سێكسی بە منداڵەوە".