بارزانی‌و مالكی: هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت

25-08-2021 01:46

پەرەگراف

مەسعود بارزانی‌و نوری مالكی داوا دەكەن، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە لە 10-10ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ لە سەلاحەدین پێشوازیی لە نوری مالكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و شاندێكی یاوەری كرد.

بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا دەڵێت: ڕۆشنایی خرایە سەر هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و هەردوو لا جەختیان لەوە كردەوە كە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ببێتە هۆی سەقامگیری و ڕاستەڕێبوونی پڕۆسەی سیاسی، پێویستە هەڵبژاردنەكان لە وادەی خۆی ئەنجام بدرێت و گەرەنتی ئەوەش هەبێت كە هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد و دادپەروەرانە لە ژینگەیەكی ئارام و دوور لە دەسكاری بەڕێوەبچێت و هەروەها هەموو لایەكیش ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و ئیرادەی گەل بگرن.

بارزانی‌و مالكی لە كۆبوونەوەكەیاندا، بارودۆخی سیاسی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆر و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراقیان تاوتوێ كردووە.

ئەو هەڵوێستەی بارزانی‌و مالكی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتێكدایە، بەهۆی بایكۆتی چەند حیزب‌و لایەنێكەوە كە دیارترینیان موقتەدا سەدرە، دەنگی دواخستنی هەڵبژاردن لە شەقامی عێراقیدا بەهێزەو بڕیارە لەم چەند ڕۆژەدا شیعەكان بەتەواویی ئەو پرسە یەكلایی بكەنەوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ سەدرییەكان هەیەو پێشتریش بە فەرمیی لە بەیاننامەیەكدا داوای لە موقتەدا سەدر كرد لە بڕیاری بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردن پاشگەز ببێتەوە.