ڕوونكردنەوەیەك لە لاهور شێخ جەنگییەوە بۆ ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی

25-08-2021 03:04

پەرەگراف

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئەندامانی سەركردایەتی حزبەكەی ئاگادار دەكاتەوە، هیچ ڕێككەوتنێكی نەكردووە كە بۆ ماوەیەكی كاتیی بچێتە دەرەوەی وڵات، دوای ئەو ڕوونكردنەوەیەش ئەو ئەندامانەی سەرکردایەتی یەکێتی کە نزیکن لە لاھور شێخ جەنگی پشتیوانییان بۆ ناوبراو ڕاگەیاند، سەركردایەتییەکی یەكێتی ئەو واژۆیەی كشاندەوە كە ئەمڕۆ لە دەباشان لە بەردەم بافڵ تاڵەبانی كردوویەتی.

ڕوونكردنەوەكەی لاهور شێخ جەنگی لە نوسینگە ڕۆژنامەوانییەكەیەوە بۆ پەرەگراف نێردراوەو تێیدا هاتووە "بەڕێز لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاگاداركراوەتەوە كە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ـی٨ـی٢٠٢١، چەند ئەندامێكی سەركردایەتی بانگهێشتكراون بۆ دەباشان و پێیان ڕاگەیاندوون كە گوایە ڕێككەوتنێك كراوە لە نێوان بەڕێزان هاوسەرۆكانی یەكێتیی، بۆ ئەوەی بەڕێز لاهور شێخ جەنگی بۆ ماوەیەكی كاتی بچێتە دەرەوەی وڵات".

"لێرەوە بەڕێز هاوسەرۆك لاهور شێخ جەنگی هەموو ئەندامانی سەركردایەتی بەگشتی، بە تایبەت ئەوانەی بە بیانووی جیاواز بانگكرابوون ئاگادار دەكاتەوە، كە بەڕێزیان دوور و نزیك ئاگاداری سەرلەبەری ئەو خاڵانە نییە كە خراوەتە بەردەمیان و دوورن لە ڕاستییەوە، بە هیچ شێوەیەك ڕێككەوتنی لەم جۆرە نەكراوە و ناشكرێت" نوسینگەی ڕۆژنامەوانی لاهور شێخ جەنگی وادەڵێت.

دەشڵێت "هەر لێرەوە بە ئەندامان و كاردر و لایەنگران و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی رادەگەیەنین، كە بەڕێز لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، داوایكردووە بۆ هەر بابەتێك كە بیانەوێت باسی لێوەبكەن دەبێت لە ڕێگەی كۆبوونەوەی ڕەسمیی ئەنجوومەنی سەركردایەتییەوە بێت، كە بەرزترین ئۆرگانی حزبییە".

دوای ڕوونكردنەوەكەی لاهور شێخ جەنگی، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ئەو واژۆیەی كشاندەوە كە ئەمڕۆ لە دەباشان كردبووی‌و دەڵێت "ئیمزام كردووە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی سەركردایەتی نەك ڕێككەوتنی نێوان هەڤاڵانی هاوسەرۆك، چونكە بۆمان ڕوونبووەتەوە كە هیچ جۆرە ڕێككەوتنێك نەكراوە".

چرا عومەر ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، لە ڕوونكردنەوەیەكدا كە بۆ پەرەگراف نێردراوە دەڵێت، شەوی ڕابردوو پەیوەندیی پێوەكراوە كە ڕۆژی چوارشەممە سەعات ١٠:٣٠ لە دەباشان ئامادەبن، ئەمڕۆش بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ كۆمەڵێك لە ئەندامانی سەركردایەتی چوونەتە دەباشان و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی كۆبوونەتەوە.

"لە كۆبوونەوەكەدا نووسراوێك خرایە بەردەممان، دواتر هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی قسەی كرد و وتی؛ دەمانەوێت دۆخەكە ئارام بكەینەوە. داوای لێكردین نووسراوەكە بخوێنینەوە، دوای خوێندنەوەی نووسراوەكە پێنج خاڵ لە ناوەڕۆكەكەیدا هاتبوو كە ئیمزای بڕیاردەری كارگێڕی مەكتەبی سیاسی لەسەر بوو. لای خۆمەوە ئەو خاڵەم ڕەتكردەوە كە باس لە سەفەركردنی هەڤاڵ لاهور دەكات بۆ دەرەوەی وڵات" چرا عومەر وادەڵێت.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی دەشڵێت "بۆیە من لێرەوە ڕایدەگەیەنم كە ئیمزام كردووە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی سەركردایەتی نەك ڕێككەوتنی نێوان هەڤاڵانی هاوسەرۆك چونكە بۆمان ڕوونبووەتەوە كە هیچ جۆرە ڕێككەوتنێك نەكراوە. بۆیە من ئیمزاكەم دەكشێنمەوە، دووپاتیشی دەكەمەوە كە هەر ڕێككەوتنێك لە نێوان هەڤاڵانی هاوسەرۆك بكرێت ئامادەم لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی حزبەكەمدا دەنگی لەسەر بدەم".