مەکتەبی سیاسی یەکێتی: بڕیاردرا لاھور شێخ جەنگی لە ماوەی سێ ڕۆژدا گەشتی دەرەوەی وڵات بکات

25-08-2021 07:29

پەرەگراف

مەکتەبی سیاسی یەکێی لە بڕیارێکدا کە دوێنێ دەریکردووە، سێ ڕۆژ مۆڵەت دەدات بە لاھور شێخ جەنگی بۆئەوەی گەشتی دەرەوەی وڵات بکات و نەگەڕێتەوە تا دوو ھەفتە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

بەپێی بڕیارەکە کە واژۆی بڕیاردەری مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسەرەو لە ٥ خاڵ پێکھاتووە، دەبێت بڵاوە بە ھێزە نافەرمییەکان قەرەباڵغییەکان بکرێت و ٢٤ کاتژمێر مۆڵەت بۆ ئەوە دانراوە، پاشان ھێزە فەرمییەکان لە نزیک ماڵی لاھور شێخ جەنگی دەکشێندرێنەوە.

لە خاڵێکی دیکەی بڕیارەکەدا ھاتووە، بافڵ تاڵەبانی ھێزە فەرمییەکان ڕادەسپێرێت بۆ پاراستنی لاھور شێخ جەنگی تا گەشتەکەی دەکات. لەگەڵ ڕاگرتنی کۆی ھێرش و پەلامارە میدیاییەکان.

خاڵی کۆتایی بڕیارەکە دەڵێت "لەمڕۆوە کە ٢٤-٨-٢٠٢١ ھەڤاڵ لاھور پشتیوانی خۆی بۆ سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان و پرۆسەی حزبی لەناو (ی.ن.ک) ڕابگەیەنێت، بە ھەماھەنگی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی".

بەپێی ئەو بڕیارە تەنھا سبەینێ مۆڵەت ماوە تا لاھور شێخ جەنگی کوردستان بەجێبھێڵێت، بەڵام ناوبراو ئەوە ڕەت دەکاتەوەو پابەندی ئەو بڕیارە نابێت.

خاڵەکانی دیکەی بڕیارەکەش جێبەجێ نەکراون، وەک؛ ڕاگرتنی ھێرشی میدیایی و دەربڕینی پشتیوانیی بۆ ھاوپەیمانی کوردستان لەلایەن لاھور شێخ جەنگییەوە.

بە مەبەستی کۆکردنەوەی پشتیوانیی بۆ ئەو بڕیارە، ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی بانگھێشت کردووە بۆ دەباشان تا واژۆی خاڵەکانی ناو بڕیارەکە بکەن، بەڵام دواتر لاھور شێخ جەنگی ڕوونکردنەوەیەکی ئاڕاستەی ئەندامانی سەرکردایەتی حزبەکەی کردو وتی، ھیچ ڕێککەوتنێکی نەکردووەو نایکات بە مەبەستی چوونە دەرەوەی وڵات.

دوای ئەو ڕوونكردنەوەیەش ئەو ئەندامانەی سەرکردایەتی یەکێتی کە نزیکن لە لاھور شێخ جەنگی پشتیوانییان بۆ ناوبراو ڕاگەیاند، سەركردایەتییەکی یەكێتییش ئەو واژۆیەی كشاندەوە كە ئەمڕۆ لە دەباشان لە بەردەم بافڵ تاڵەبانی كردوویەتی.