هەڵوێستی 150 پارێزەر لەبارەی بارودۆخی سلێمانییەوە: گوێمان لێ‌ نەگیرێت سكاڵا تۆمار دەكەین

26-08-2021 02:41

پەرەگراف

150 پارێزەری سلێمانی لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا "ناڕەزایی" بەرانبەر ئەو بارودۆخە ئەمنییە نیشان دەدەن كە لە دوای 8ی تەمموز لە شاری سلێمانی هاتووەتە ئاراوە. داوای چارەسەری كێشەكانی نێوان هەردوو هاوسەرۆكی یەكێتی لە ڕێگەی "یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی"یەوە دەكەن و هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵا لەسەر "هەر بەرپرسێك" دەكەن كە پێشێلی یاسا بكات.

ئەو پارێزەرانە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند كە "لە ڕووانگەی هەستكردنمان بە بەرپرسیارێتییەوە، نەك لایەنگری، داواكارین ئەو ناكۆكییانەی لە نێوان هەردوو هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا هەیە، پاڵپشت بە یاسای عێراق و هەرێمی كوردستان و پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەكەیان چارەسەر بكرێن".

بورهان ڕەشید، نوێنەری پارێزەرەكان، لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا سەبارەت بە بڕیاری مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بۆ چوونە دەرەوەی لاهور شێخ جەنگی لە وڵات، وتی "داواكارییەكی نایاساییە و پێچەوانەی دەستوورە".

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەش كرد كە "سێ‌ هەفتەیە، چوار-پێنج كەس دەستگیر كراون و لە دەزگای زانیارین، تا ئێستا نەیانهێناون تا وەكالەتنامە بۆ پارێزەرەكانیان بكەنەوە".

لە بەیاننامەی ئەو پارێزەرانەدا هاتووە "پەنابردن بۆ بەكارهێنانی هێز لەناو شاری سلێمانی و گەڕەكی گردی سەرچنار بە تایبەتی، دەبێتە هۆی تێكدانی ئارامیی خەڵكی مەدەنی و دروستكردنی دڵەڕاوكێ‌، كە ئەمەش دژی یاسایە، لەبەر ئەوە داواكارین ئەم دیاردە ناشیرینە كۆتایی پێ‌ بێت".

"داواكارین لە هێزەكانی پێشمەرگە، پۆلیسی بەرگری و فریاكەوتن، ئاسایش، دژەتیرۆر و دەزگای زانیاری بێلایەنیی خۆریان بپارێزن و نەبنە لایەن لە كێشە حیزبییەكاندا"، پارێزەرەكان وا دەڵێن.

پارێزەرانی سلێمانی جەخت دەكەنەوە كە "ئەو كێشانەی لە نێوان دوو هاوسەرۆكی یەكێتیدایە، مۆركری گشتیی هەیە و پەیوەستە بە ئارامیی شاری سلێمانی و دانیشتوانەكەی"، هەر بۆیە داوا دەكەن "كێشەكان بە ئاشتییانە چارەسەر بكرێن. دادگا نەكرێت بە لایەن لە كێشەكاندا، لە كاتی پێشێلكردنی یاسادا فەرمانگەی داواكاری گشتی بجوڵێت دژی پێشێلكار".

ئەو 150 پارێزەرە هۆشدارییان داوە كە "ئەگەر گوێمان لێ‌ نەگیرێت، هەڵوێستی توندترمان دەبێت و سكاڵای یاسای لەسەر ئەو كەسانە تۆمار دەكەین لە هەر پۆست و پلەیەكدا بن". باسیان لەوەش كردووە كە "خۆپیشاندانی مەدەنییانە و پەنا بردن بۆ كونسوڵخانەكان" دوو بژاردەی دیكەی بەردەمیانە.