وەزیری دارایی عێراق باسی ناردنی 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێم دەكات

26-08-2021 04:56

پەرەگراف

وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتەكەی ناڕازییە لە ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام بڕیارەكە هی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەو ئەوان جێبەجێی دەكەن‌.

عەلی عەللاوی وەزیری دارایی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوەش كرد، ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی كوردستان "تەنها لەبەر هۆكاری مرۆییە"، وتیشی، ئەوان هەڵوێستیان بێلایەنانەو پیشەیی‌و بابەتییە لەبارەی مووچەی هەرێمی كوردستان، "بۆیە پێویستە مانگانە 200 ملیار دیناریان بۆ بنێرین".

وەزیری دارایی عێراق، ڕەخنە لە هەرێمی كوردستان دەگرێت كە "پابەندی ڕێككەوتنەكان نابێت"، داوایشی كرد، هەرێم داهات‌و شایستەی نەوت بۆ بەغداد بنێرێت.

ڕۆژی 11-7-2021، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، یەكەمین بڕەپارە لە لایەن حكومەتی عێراقەوە كە 200 ملیار دینار بوو، خرایە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێم.

بڕیارە مانگانە بەغداد ئەو 200 ملیارە بۆ هەرێم بنێرێت تا كورتهێنانی بودجەی پێ پڕبكرێتەوەو حكومەتی هەرێم بتوانێت مانگانە مووچە بەبێ لێبڕین دابەش بكات.

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بە پشتبەستن بەو 200 ملیارەی بەغداد، لە 25-7-2021 ڕایگەیاند "بە بڕیاری ئەنجومەنی باڵای ئابووری و ئەنجومەنی وەزیران، لەم مانگەوە مووچە بە بێ‌ لێبڕین دابین دەكرێت".

سەبارەت بە مانگەكانی داهاتوویش، مەسرور بارزانی وتی "هیوادارم حكومەتی فیدراڵی لە بەڵێنی خۆی بەردەوام بێت بۆ ناردنی ئەو بڕە بودجەیە، بۆ ئەوەی بتوانین لە مانگەكانی داهاتوویش بەم شێوەیە مووچە بەبێ‌ بڕین دابەش بكەین".