هاوپەیمانییەكەی یەكێتی‌و گۆڕان ڕۆژی دەستپێكردنی بانگەشەی دیاری كرد؛ دروشمی سەرەكییان چییە؟

28-08-2021 03:29

پەرەگراف

هاوپەیمانی كوردستان كە یەكێتی‌و گۆڕان پێكیان هێناوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دروشمی سەرەكیی بانگەشەی پەسەند كردو ڕۆژی دەستپێكردنی بانگەشەو ناساندنی كاندیدەكانی دیاری كرد.

سەرچاوەیەكی باڵا لە هاوپەیمانییەكە بۆ پەرەگراف، وتی "ڕۆژی 9-9 بانگەشەی هەڵبژاردن‌و ناساندنی كاندیدەكان دەستپێدەكەین بە دروشمی (بەیەكەوە بەهێزترین)"، سەرچاوەیەكی دیكەش هەمان زانیاریی پشتڕاست كردەوە.

بەوتەی سەرچاوەكە، بڕیارە یەكەم ڕۆژی دەستپێكردنی بانگەشەو مەراسیمی ناساندنی كاندیدەكانی هاوپەیمانیی كوردستان "لە شاری كەركوك" ئەنجام بدرێت.

"لە هەڵمەتی بانگەشەدا لۆگۆی یەكێتی‌و گۆڕان بەكارناهێنرێت‌و بە لۆگۆی هاوپەیمانییەكەو وێنەی خوالێخۆشبووان مام جەلال‌و كاك نەوشیروانەوە بانگەشە دەكرێت" سەرچاوەكەی پەرەگراف وای وت.

ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی هاوپەیمانییەكەو ئەندامانی لیژنەی باڵا لە یەكێتی‌و گۆڕان كۆبوونەوەی هاوپەیمانییەكە بەڕێوەچوو، میدیاكانی یەكێتی‌و گۆڕان بڵاویان كردەوە كە پەیام‌و دروشم پەسەند كرا و ڕۆژی سازدانی مەراسیمی ناساندنی كاندیدەكان دیاریكرا. بەڵام زانیاریی دیكەیان لەوبارەیەوە ئاشكرا نەكرد.

بەپێی ڕێككەوتنەكەی نێوانیان كە بۆ هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆكە، لە كۆی 43 كاندید گۆڕان حەوت كاندیدی دەبێت لەناو هاوپەیمانییەكەدا؛ چوار لە سلێمانی و دوو لە ھەولێر و یەك لە كەركوك.

لەو بازنانەی هەڵبژاردن كە گۆڕان كاندیدی نییە، دەنگ بە كاندیدی یەكێتی دەدات، لە بازنەكانی دیكەش كار بۆ دەرچواندنی كاندیدەكانی خۆی دەكات.

بڕیارە هەڵبژاردنەكە لە 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازەو عێراق كراوە بە83 بازنەو 83 كورسیی بۆ كۆتای ژنان دیاریكراوە.

هەرێمی كوردستان 44 كورسیی پەرلەمانی بۆ دانراوەو كراوە بە 12 بازنەی هەڵبژاردن؛ سلێمانی كراوە بە 5 بازنەی هەڵبژاردن‌و 18 كورسیی، هەولێر 4 بازنە‌و 15 كورسییە، دهۆك 3 بازنەیەو 11 كورسیی بۆ دانراوە.

بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن، لەم هەڵبژاردنەدا هاووڵاتیی دەنگ بە لیست نادات، بەڵكو ڕاستەوخۆ دەنگ بە كاندید دەدات لەوبازنەی هەڵبژاردنەی مافی دەنگدانی تێدا هەیە.

بردنەوەی كورسییەكانی هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن بەپێی ژمارەی دەنگی كاندیدەكانەو هەر كاندیدێك زۆرترین دەنگ بهێنێت كورسیی پەرلەمان دەباتەوە.