چوار پەرلەمانتار بۆ ماكرۆن: فشار لە بەرپرسانی هەرێم بكەن بۆ ئازادكردنی ڕۆژنامەنووسان

28-08-2021 05:05

پەرەگراف

"داوا لە بەرێزتان ئەكەین كە فشار لە بەرپرسانی هەرێم بكەن و ئازادكردنی ڕۆژنامەنوسان بكەنە پێشمەرج بۆ پشتیوانیكردنی حكومەت لە ئایندەدا" ئەمە بەشێكە لە نامەیەكی چوار پەرلەمانتاری كورد لە بەغداد كە گەیاندوویانەتە دەست ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا.

ئەو پەرلەمانتارانە لە نامەكەیاندا داوا دەكەن، ماكرۆن پرسی مافی مرۆڤ و ئازادییەكان بكاتە بڕگەیەكی گرنگی گفتوگۆكانی كاتێك سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات‌و لەگەڵ دەسەڵاتداران كۆدەبێتەوە.

دەقی نامەی پەرلەمانتارەكان

بەرێز سەرۆك ماكرۆن سەرۆك كۆماری فەرەنسا

بابەت: پرسەكانی مافی مرۆڤ و ئازادی لە كوردستان

سەرەتا بەخێرهاتنت دەكەین بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، سوپاسی پشتیوانی بەردەوامی وڵاتی فەرەنسا دەكەین بۆ گەلانی عێراق بەگشتی، بەتایبەت پشتیوانی مێژویی وڵاتی فەرەنسا بۆ هەرێمی كوردستان لە دوای راپەرینی ۱۹۹۱ هەرگیز لەبیرناكەین.

بەرێز فەخامەتی سەرۆك ماكرۆن، ئێمە دڵنیاین لەم سەردانەت دا بابەتی گرنگ هەیە لەگەڵ سەركردەكانی عێراق تاوتوێی بكەن بۆ بەرژەوەندی هەردوو وڵات، بەڵام ئەم سەردانەتان بە دەرفەت ئەزانین كە پرسی مافی مرۆڤ و ئازادییەكان بكەنە بڕگەیەكی گرنگی گفتوگۆكانت، بەتایبەت كاتێك سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەیت لە شاری هەولێر چاوت بە بەرپرسانی باڵای هەرێم و دەسەڵات دەكەوێت، كە بەرپرسن لە زیندانی كردن و ئەشكەنجەدان و حوكمدانی ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانان لە هەرێم.

داوا لە بەرێزتان ئەكەین كە فشار لە بەرپرسانی هەرێم بكەن و ئازادكردنی ڕۆژنامەنوسان بكەنە پێشمەرج بۆ پشتیوانیكردنی حكومەت لە ئایندەدا.

ئێمە وەك بەشێك لە نوێنەرانی هاوڵاتیانی هەرێم كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جارێكی تر سوپاسی گەل و حكومەتی فەڕەنسا ئەكەین بۆ پشتیوانیكردنی گەلەكەمان، چاوەڕوانی ئەوەین بەرێزتان لەم بابەتەش دا پشتیوانی فراوانكردنی مەوداكانی ئازادی بن، كە لەئێستادا لەبەردەم هەڕەشەی جدی دایە بەهۆی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانەوە.

ڕێزی بێپایانمان،

ئەحمەد حەمە رەشید
رێبوار كەریم مەحمود
غالب محمد عەلی
سەركەوت شەمسەدین