ئەمریکا بە مووشەک ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوی داعشی کردە ئامانج لە کابووڵ

29-08-2021 06:40

پەرەگراف

فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی ئەمڕۆ ھێرشێکی مووشەکیی لە کابووڵی پایتەختی ئەفغانستان ئەنجامدا، ھێرشەکە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوی داعشی کردەئامانج.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسانەوە بڵاویکردەوە، ئۆتۆمبێلەکە خۆکوژێکی بۆمبڕێژکراوی تێدابووە بە ئامانجی ھێرشکردنەسەر فڕۆکەخانەی کابووڵ.

بەرپرسێکی ئەمەریکی دەڵێت، ھێرشەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لەدەرەوەی ئەفغانستانەوە ھاتووە ئەنجام دراوە، تەقینەوەی دوای ھێرشەکە ئەوە دەردەخات ئۆتۆمبێلەکەی داعش بڕێکی زۆر ماددەی تەقینەوەی تێدابووە.

پێنج شەممەی ڕابردوو داعش ھێرشی کردەسەر فڕۆکەخانەی کابووڵ و دوو تەقینەوەی ئەنجامدا کە تێیاندا ١٣ سەربازی ئەمەریکی کوژران. دوێنێش جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دۆخەکەی بە مەترسیدار ناوبرد و ئاشکرای کرد کە بەرپرسانی سەربازیی پێیان گوتووە لە ٢٤ بۆ ٣٦ کاتژمێری داھاتوودا ھێرشی دیکەی چەکداریی ئەنجام دەدرێت.

لە دوای تەقینەوەکانی پێنج شەممەی داعش، ڕۆژی ھەینی ئەمەریکا ھێرشی ئاسمانیی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدا لە پارێزگای نەنگەھاری ئەفغانستان، کە ژمارەیەک ئەندامی داعشی کردە ئامانج، دواتر وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، لەو ھێرشانەدا دوو بەرپرسی باڵای پلاندانەری سەرەکیی داعش کوژراون و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.