ڕابەری تاڵیبان لە چ ویلایەتێكە و كەی دەچێتە كابووڵ؟

29-08-2021 06:59

پەرەگراف

هەواڵی گەیشتنی مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، ڕابەری بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ كابووڵی پایتەخت بڵاوە، بەڵام وتەبێژی بزووتنەوەكە دەڵێت "لە قەندەهارە و بە زوویی دەگاتە كابووڵ". هاوكات نەیارانی تاڵیبان لە پەنجشیر سەرقاڵی داڕشتنی پلانی گفتوگۆن لەگەڵ تاڵیبان.

میدیاكانی ئەفغانستان بڵاویان كردەوە كە مەلا هەیبەتوڵڵا گەیشتووەتەوە ویلایەتی قەندەهار. سەرچاوەیەكی نزیك لە تاڵیبانیش زانیاریی گەیشتنی ڕابەری بزووتنەوەكەی بۆ ویلایەتی قەندەهار، بۆ تۆڕی هەواڵی بی بی سی پشتڕاست كردووەتەوە.

بەڵام دواتر وتەبێژێكی تاڵیبان بۆ بی بی سی، هەواڵی تازە گەیشتنی ڕابەری تاڵیبانی بۆ ویلایەتی قەندەهاری باشووری ئەفغانستان ڕەت كردووەتەوە و وتوویەتی "مەلا هەیبەتوڵڵا هەمیشە لە قەندەهار بووە".

هاوكات بەشێك لە میدیاكانی ئەفغانستان بڵاویان كردووەتەوە كە مەلا هەیبەتوڵڵا لە قەندەهارەوە گەیشتووەتەوە كابووڵ، بەڵام هیچ سەرچاوەیەكی فەرمیی تاڵیبان ئەو زانیارییەی پشتڕاست نەكردووەتەوە.
وتەبێژەكەی تاڵیبان كە ناوی ئاشكرا نەكراوە، بە بی بی سیی وتووە "مەلا هەیبەتوڵڵا لە قەندەهارە و بە زوویی دەگاتە كابووڵ".

ئەمە لە كاتێكدایە، دوای زیاتر لە هەفتەیەك لە كۆنترۆڵكردنی كابووڵ، مەلا عەبدولغەنی برادەر، جێگری سیاسیی ڕابەری تاڵیبان، لە دەوحەی پایتەختی قەتەرەوە گەیشتە ویلایەتی قەندەهار و دواتریش كابووڵی پایتەخت.

پێشتر زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژانامەوانیدا لەبارەی دەركەوتنی ڕابەری بزووتنەوەكەوە ڕایگەیاند كە بە زوویی مەلا هەیبەتوڵڵا دەگاتە كابووڵ.

لە ویلایەتی پەنجشیریش كە تاكە شوێنی ئەفغانستانە لەلایەن تاڵیبانەوە كرنترۆڵ نەكرابێت، نەیارانی تاڵیبان سەرقاڵی خۆئامادەكردنن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ تاڵیبان.

خالید نوور، كوڕی عەتا محەمەد نووری والیی پێشووی ویلایەتی بەڵخ، بە ڕۆیتەرزی وتووە كە نەیارانی تاڵیبان بۆ "گفتوگۆی دەستەجەمعی" لەگەڵ تاڵیبان، كۆبوونەتەوە. جەختی لەوە كردووەتەوە كە "ڕادەستبوون بە تاڵیبان" بابەتی جێگای گفتوگۆ نییە و ڕەت كراوەتەوە.

هاوكات وتەبێژی تاڵیبان باسی لەوە كردووە كە ئاڵوگۆڕی پەیامیان لەگەڵ گرووپەكانی دژی تاڵیبان لە ویلایتەی پەنجشیری باكووری كابووڵ كردووە. جارێكی دیكە هیوای خواستووە كە كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن و دەڵێت "لەسەدا 60" ئەگەری سەركەوتنی دانوستانەكان هەیە.

هەر ئەمڕۆیش لۆری بریستۆ، باڵیۆزی بەریتانیا لە كابووڵ، بە دواین گەشتی گواستنەوەی هاووڵاتیانی بەریتانی، ئەفغانستانی جێهێشت و گەڕایەوە وڵاتەكەی.

باڵیۆزی بەریتانیا ڕایگەیاند كە چالاكییەكانی باڵیۆزخانەی ئەفغانستان بۆ وڵاتی قەتەر دەگوازنەوە و لە پەیامێكی ڤیدیۆییشدا ڕایگەیاند كە باڵیۆزخانەكە لە نزیكترین كاتی گونجاودا جارێكی دیكە دەكرێتەوە.

سەبارەت بە دۆخی فڕۆكەخانەی كابووڵیش بە تایبەت لە دوای تەقینەوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو كە كوژرانی 170 كەس لەناویاندا 13 سەربازی ئەمریكای لێ‌ كەوتەوە، بەرپرسێكی بزووتنەوەی تاڵیبان بە ڕۆیتەرزی وتووە "ئێمە چاوەڕێی وەڵامی كۆتایی ئەمریكاین تا كۆنترۆڵی فڕۆكەخانەكە بگرینە دەست".

ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوەیەك لە كابووڵ بیسترا. دواتر میدیاكان بڵاویان كردەوە كە خانوویەك لە نزیك فڕۆكەخانەی كابووڵ بە مووشەك كراوەتە ئامانج.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریكاوە بڵاوی كردووەتەوە كە ئەمریكا هێرشی بۆ سەر ئامانجێك لە كابووڵ ئەنجام داوە. ئەو بەرپرسانەی ئەمریكا ئاماژەیان بەوە داوە كە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان ئەو هێرشە چەكدارانی باڵی خۆراسانی ڕێكخراوی داعشی كردووەتە ئامانج.

بەڵام دواتر بەرپرسێكی سەربازیی ئەمریكا بە تۆڕی هەواڵی سی بی ئێسی وت، لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرش بۆ سەر ئۆتۆمبێلێك ئەنجام دراوە كە خۆكوژێكی تێدا بووە و هەوڵی ئەنجامدانی هێرشی بۆ سەر فڕۆكەخانەی كابووڵ داوە.

ئەو بەرپرسە وتووشیەتی كە "ئێمە دڵنیاین ئامانجی خۆمان پێكاوە و زانیارییە سەرەتاییەكان نیشانی دەدات كە هاووڵاتیی مەدەنی نەبووەتە قوربانی".