كونسووڵی ئەمریكا لە هەولێر: ئەمریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە

30-08-2021 01:56

پەرەگراف

كونسووڵی گشتیی ئەمریكا جەخت لە مانەوەی وڵاتەكەی لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەكاتەوە، وەڵامی نیگەرانیی خەڵكی عێراق لە دوای كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان دەداتەوە و پێی وایە بەراوردكردنی ئەو دوو وڵاتە بە یەكدی، نادروستە.

ڕۆبەرت پالەدینۆ، كونسووڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر، لە وەڵامی پرسیاری: ئایا ئەمریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە یان بەجێی دەهێڵێت؟ وتی "بە ڕوونی وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەمەوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و دەمێنێتەوە". جەختیشی كردەوە كە مانەوەیان لە عێراق "بۆ ماوەیەكی درێژمەودا" دەبێت.

لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا كە تایبەت بەو پرسە ڕێكی خستبوو، كونسووڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر دەربارەی جیاوازیی بارودۆخی عێراق و ئەفغانستان، پەندێكی وڵاتەكەی بە نموونە هێنایەوە و وتی "ئێمە لە ئەمریكا دەڵێین: ناتوانرێت سێو و پرتەقاڵ بە یەكدی بەراورد بكرێن". هەروەها ئیدیۆمێكی كوردیشی بۆ نیشاندانی جیاوازیی نێوان ئەو دوو وڵاتە هێنایەوە و وتی "جیاوازیی عێراق و ئەفغانستان وەكوو ئاسمان و ڕێسمان وایە".

"هەر پەیوەندییەكی دوولایەنەی نێوان وڵاتان تایبەتمەندیی خۆی هەیە و هەر وڵاتێك پەیوەندییەكانی لەسەر بنەمای باشترین بەرژەوەندییەی كانی خۆی دادەڕێژێت، لە باشترین بەرژەوەندییەكانی عێراق و ئەمریكایە كە درێژە بە پەیوەندییەكانیان بدەن و بەردەوام بن"، ڕۆبەرت پالەدینۆ وای وت.

كونسوڵی ئەمریكا ئاماژەی بەوە كرد كە لە كۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێرق، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا "بە ڕوونی وتی كە سەقامگیریی عێراق گرنگە بۆ سەقامگیریی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سەرۆك بایدن لە گرنگیی عێراق و هەرێمی كوردستان تێ دەگات".

دەربارەی كشانەوەی هیێزەكانی ئەمریكایش لە عێراق لە كۆتایی ئەمساڵدا، ڕۆبەرت پالەدینۆ وتی "ئەوە كۆتاییهێنانە بە ڕۆڵی شەڕكردنی ئەمریكا لە عێراق و ئەمە تاكە گۆڕانكارییە كە ڕوو دەدات".

"سەرۆك بایدن وتی كە ویلایەتە یەكگرتووەكان پابەندە بە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و لەناویشیدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە ئەمركیا دەیەوێت عێراقێكی بەهێز و خاوەن سەروەری ببینێت"، ڕۆبەرت پالەدینۆ وای وت.