بارودۆخی سزادراوانی بادینان خراپە و داوای بەهاناوەچوون دەكەن

31-08-2021 05:59

پەرەگراف

سزادراوانی بادینان سكاڵا لەدەست خراپیی شوێنی مانەوە و خواردن و گوزەرانیان لە ئاسایشی گشتیی هەولێر دەكەن، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن بەهانایانەوە بچن. پارێزەرێكی دۆسیەكەش وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە "كەمتەرخەم" دەزانێت لە ئاست كەیسەكە.

ئەمڕۆ سزادراوانی بادینان كە تا ئێستا لە زیندانی ئاسایشی گشتیی هەولێر هێڵدراونەتەوە، بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ كەسوكاریان كردووە و جارێكی دیكە باسیان لە خراپیی بارودۆخیان لە زیندان كردووە.

سەعید عیسا، برای هاریوان عیسا كە یەكێكە لە سزادراوەكان، بە پەرەگرافی وت "هاریوان بۆ ماوەی حەوت-هەشت خولەك قسەی لەگەڵ كردم. وتی: بارودۆخمان لە زیندانی ئاسایشی گشتیی هەولێر زۆر خراپە. زۆر لاواز بووین. بێتاقەتین و شوێنمان زۆر ناخۆشە".

برای ئەو سزادراوە باسی لەوە كرد كە شوێنی سزادراوانی بادینان "زۆر قەرەباڵخ و گەرمە"، هەروەها "خواردنیان باش نییە".

سەعید عیسا بە پەرەگرافی وت "زیندانییەكان تكایان كرد كە دەنگیان بگەیەندرێتە تیمی پارێزەران و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و پەرلەمانی كوردستان، تا بە هاواریانەوە بچن. بگوازرێنەوە بۆ چاكسازیی گەورانی هەولێر، یان چاكسازیی زركا لە دهۆك".

براكەی هاریوان عیسا وتیشی كە "زۆر پرسیارم لە هاریوان كرد، ئەو نەیتوانی وەڵام بداتەوە، نەیدەتوانی زۆر قسە بكات، ئەو شتانەی كە زۆر پێویست بوون، ئەوانەی پێی وتم".

"با كاركردن لەسەر كەیسەكەی ئێمە بەردەوام بێت و دانەخرێت، ئێمە بێتاوانین"، ئەمە دواپەیامی هاریوان عیسا بووە.

هەر ئەمڕۆ شێروان شێروانی پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ خێزانەكەی ئەنجام داوە. ڕووگەش عیززەدین، هاوسەری شێروان شێروانی، بە پەرگرافی وت "باری تەندروستیی من باشە، بەڵام شوێنەكەمان هەر وەكوو پێشتر ناخۆشە". وتووشیەتی لەبەر ئەوەی لە قاعەیەكی جیاوازە، ئاگای لە بارودۆخی سزادراوەكانی دیكە نییە.

هەر لەوباریەوە، هەرێم ڕەفعەت، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركروانی بادینان، بۆ پەرەگراف وتی "ئەمڕۆ سزادراوەكان تەلەفۆنیان بۆ خانەوادەكانیان كردووە. بارودۆخیان زۆر خراپە. داوا دەكەن لایەنی پەیوەندیدار بەهانایانەوە بچێت و شوێنەكانیان بگوازێتەوە".

ئەو پارێزەرە، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی بە "كەمتەرخەم" لە ئاست دۆسیەی سزادراوان ناو برد و وتی "ئەو كەسانە سزا دراون و هیچ پەیوەندییەكایان بە وەزارەتی ناوخۆوە نەماوە تا لە زیندانی ئاسایش بن، دەبێت بگوازرێنەوە بۆ چاكسازییەكان تا بۆ گەڕانەوە بۆ ناو كۆمەڵگە ئامادە بكرێنەوە".

"هیچ پاساوێكی یاسایی نییە بۆ مانەوەی زیندانییەكان لە زیندانی ئاسایش. باس لەوە دەكرێت كە زیندانەكان سووتێنراون، بەڵام ئێستا چاككراونەتەوە و بە بەڵگەوە ئاگادارین كە زیندانیكراوانیان لێیە. ئەو كەسانە كە خێزانەكانیان لە دهۆك دەژین، دەتوانرێت بگوازرێنەوە بۆ چاكسازیی زركا لە دهۆك"، هەرێم ڕەفعەت وای وت.

دەربارەی بەدواداچوونی تیمی پارێزەران بۆ دۆسیەكە و هەوڵی گواستنەوەی سزادراوەكان بۆ چاكسازییەكان، پارێزەرەكەی دەستگیركروانی بادینان وتی "دەچینە دادگای تاوان، دەڵێن ئیشیان لای ئێمە تەواو بووە. دەچینە داواكاری گشتییش دەڵێت ئیشیان لای ئێمە تەواو بووە. ئاسایشیش هیچمان لێ‌ وەرناگرێت. تاكە چارەسەر لای وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتییە".

پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسە حوكمدراوەكەی بادینان كە هەریەك لە (شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعید)ن، ماوەی نزیكەی ساڵێكە دەستگیر كراون و زیاتر لە شەش مانگیشە بە تۆمەتی "سیخوڕی" و "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم" سزای شەش ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام تا ئێستا لە زیندانی ئاسایش هێلدراونەتەوە و نەیانگواستوونەتەوە بۆ چاكسازییەكان.