60 كۆچبەری كوردی هەرێم ڕادەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كراون

31-08-2021 11:19

پەرەگراف

شەست كۆچبەری كوردی هەرێمی كوردستان پاش 10 ڕۆژ لە دەستبەسەری، لەلایەن پۆلیسی توركیاوە ڕادەستی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سووریا كراون، دەزگای لووتكە لە هەوڵی ئازادكردن و گەڕاندنەوەیاندایە بۆ هەرێم و سەرۆكی دەزگاكە دەڵێت "ژیانی ئەو پەنابەرانە لە مەترسیدا نییە".

ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لووتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، بە پەرەگرافی وت "60 پەنابەری كورد، نزیكەی 10 ڕۆژ لەمەوبەر ویستوویانە بچن بەرەو ئیزمیر و لەوێوە بۆ ئەورووپا بڕۆن، لەناو دۆڵمژدا لەلایەن پۆلیس و جەندرمەی توركییەوە دەستگیر كراون".

ئاری جەلال وتیشی "ئەو پەنابەرانە لە كاتی دەستگیركردنیاندا خۆیان بە سووری لەقەڵەم داوە و ڕەوانەی كەمپێك لە غازی عەنتاب كراون".

وەكوو سەرۆكی دەزگای لووتكە ئاماژەی پێ‌ دا، پەنابەرەكان لەو كەمپە "ناسنامەی خۆیان ئاشكرا كردووە كە عێراقین، بەڵام پۆلیس و جەندرمەی ئەو كەمپە گوێی پێ‌ نەداون و ڕادەستی سووریای كردوون".

ئەو 60 پەنابەرە "كوردی باشووری كوردستانن، خەڵكی سلێمانی، هەولێر، قەزا و ناحیەكانی پارێزگا جیاوازەكانی هەرێمی كوردستانن". سەرەتا دەزگای لووتكە وای بڵاو كردەوە كە ڕادەستی بەرەی نوسرە كراون، بەڵام ئاری جەلال بۆ پەرەگراف وتی "لای بەرەی نووسرە نین، لای گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە سوورییەكانی دروستكراوی توركیان".

"ئەمڕۆ ڕەوانەی سووریا كراون و تا ئێستا ژیانیان لە مەترسیدا نییە. ئێمەش لە ڕێگەی هەندێك لینك و پەیوەندییەكانی خۆمانەوە لە هەوڵداین بۆ ئازادكردنیان، تا ڕەوانەی شارە كوردییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بكرێن و لەوێوە بیانگەڕێنینەوە بۆ هەرێمی كوردستان"، سەرۆكی دەزگای لووتكە وای وت.