مردن بە كۆرۆنا لە ئێران گەیشتە 12 كەس

24-02-2020 12:54


پەرەگراف

وەزیری تەندروستی ئێران نوێترین ئاماری تووشبوون‌و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنای لە وڵاتەكەی ئاشكرا كردو وتی، 12 كەس مردوون‌و 47 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون.

دەربارەی گومانەكان لەسەر ئەو ئامارانەی ئێران بە فەرمیی ڕایدەگەیەنێت، سەعید نەمەكی وەزیری تەندروستی ئێران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا گومانەكانی ڕەتكردەوە، بەڵام وتی"ئەگەر ئامارەكانی مردن‌و تووشبوون بەو ڤایرۆسە زیاتر لە نیوە+1ی ئەوەبێت كە من ڕامگەیاندووە ئەوە من دەست لەكار دەكێشمەوە".

لەبارەی چۆنیەتی گەیشتنی كۆرۆنا بە ئێران، وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتە باسیلەوە كرد یەكێك لە گومانەكانیان بازرگانێكە كە لە ئیماراتەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران‌و بەرلەوەش سەردانی چینی كردووە.

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 28 وڵاتی جیهان تۆمار كراوەو ئێران پلەی یەكەمی هەیە لە زۆریی تووشبووان‌و مردن بە ڤایرۆسەكە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو كەسانەی كە لە ئێران دەگەڕێنەوە هەرێم بۆ ماوەی 14 ڕۆژ لە ژێر چاودێرییدا دەمێننەوە لەو شوێنانەی بۆیان دابینكراوە.

هەرێمی كوردستان ڕێوشوێنی تووندی گرتووەتەبەرو سنورەكانی بە ڕووی ئێراندا داخستووە، لە نەخۆشخانەكان چەند شوێنێكی تایبەت دیاریی كراون بۆ ئەو نەخۆشییەو ئەمڕۆش وەزیری تەندروستی داوای لە خەڵكی كوردستان كرد، گومانیان لە هەركەسێك هەیە كە تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا بێت بەتایبەت كە لە وڵاتانی دەرەوە گەڕابێتەوەو نیشانەكانی تێدابێت، با دەستبەجێ پەیوەندییان پێوەبكرێت تا تیمی گەڕۆكی وەڵامدانەوەی خێرا بگەنەلای ئەو كەسەو بیخەنەژێر چاودێرییەوە.

د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ئەوەی خستە ڕوو، چەند ژمارە تەلەفۆنێك لەسەرجەم شارەكان ڕادەگەیەندرێت وەك هێڵی گەرم بۆ پەیوەندیی كردن‌و تیمی گەڕۆكی وەڵامدانەوەی خێرایان بۆئەو مەبەستە دروست كردووە.

وەزیری تەندروستی وتیشی"باشترین‌و گرنگترین ڕێگای خۆپارێزی لەكاتی ئێستادا دۆزینەوەی حاڵەت‌و گومانلێكراوێكە، لەكاتی دۆزینەوەی هەر حاڵەت‌و گومانلێكراوێك دەتوانم بڵێم ئەوە ڕێكارێكی گرنگە، چونكە ئەگەر نەخۆش هەبێت‌و نەیدۆزینەوە ئەوە باش نییە، ئەگەرنا دۆزینەوەی حاڵەت یەكێكە لە ڕێكارە هەرە گرنگەكان‌و بەشێكی گەورەی بەرنامەی خۆپارێزییە بۆئەوەی ئەو نەخۆشە دووربخرێتەوە لە خەڵك‌و چارەسەری پێویستی بۆ بكرێت".

وەزیری تەندروستی تەئكیدی لەوەش كردەوە، تائێستا هیچ حاڵەتێكی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوەو هیچ گومانلێكراوێكیش نییە، ئاماژەی بەوەش كرد، لە 13 شوێن لە هەولێرو سلێمانی‌و دهۆك كەرەنتین بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دەكرێت كە لە ئێران گەڕاونەتەوە، تا درەنگانی شەوی ڕابردووش هەزارو 249 گەشتیار لە ئێران گەڕاونەتەوەو لە ژێر چاودێرییدان.

كۆرۆنا لە ئێران

لەگەڵ تەشەنەسەندنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران، ژمارەی ئەو وڵاتە دراوسێیانەی سنوورەكانیان بە ڕووی ئێراندا داخستووە، بۆ شەش وڵات بەرز بووەوە؛ عێراق، توركیا، گورجستان، ئەرمەنستان، پاكستان‌و ئەفغانستان.

هەر بەهۆی مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە چەندین پارێزگای ئێران، پڕۆسەی خوێندن ڕاگیراوە و سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن داخراون، ناوەندەكانی خوێندن لەو پارێزگایانە بە مادەی پاككەرە و دژە ڤایرۆس خاوێن دەكرێنەوە.

مردن بە كۆرۆنا لە ئێران ڕێژەیەكی بەرزی هەیەو نزیكەی لەسەدا 20ی تووشبووان دەمرن بەپێی ئەو ئامارە فەرمییانەی ڕاگەیەندراوە، ئەوە لەكاتێكدایە لە چین كە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەو گەشەی ڤایرۆسەكەیەو زۆرترین تووشبووان‌و مردووان بە ڤایرۆسەكە لەو وڵاتەن، ئەوانەی دەمرن كەمترە لە لەسەدا 3ی ژمارەی تووشبووان ئەوەش بەپێی ئامارە فەرمییەكان.

سەعید نەمەكی وەزیری تەندروستی ئێران، هۆكاری بەرزیی ئاستی گیانلەدەستدان و تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای لە ئێران بەراورد بە وڵاتانی دیكە بۆ "شەفافیەت لە سیستمی پێدانی زانیاریی" لە وڵاتەكەی گەڕاندەوە.

هاوكات دوێنێ ئیبراهیم ئەمینی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانیی تاران، ئاشكرای كرد كە حەوت ئەندامی ئەنجوومەنەكە بەهۆی گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا قەرەنتینە كراون(واتە خراونەتە ژێرچاودێریی تەندروستیی‌و دابڕێندراون لە خەڵك).

قەرەنتینەكردنی ئەو حەوت ئەندامەی ئەنجوومەنی شارەوانیی تاران پاش ئەوە هات كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ سەرۆی شارەوانیی ناوچەی 13ی تاران هەبووە كە تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا پشتڕاست كراوەتەوە.

لە دوای چین ئێران دووەم وڵاتە لە زۆری ژمارەی مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا. سەدان كەس لەژێر چاودێریی پزیشك‌و لە نەخۆشخانەكانی ئێراندان بە گومانی تووشبوونیان بە كۆرۆنا، بەڵام هێشتا پشتڕاست نەكراونەتەوە.

ڤایرۆسەكە جیهاندا بەدەوامە لە بڵاوبوونەوە، لەسەر ئاستی جیهان ژمارەی تووشبووان 79 هەزار كەسی تێپەڕاندووە كە زۆربەی هەرە زۆریان لە چینن‌و دوای چین، یابان بە پلەی دووەم دێت كە 838 تووشبووی هەیە، ژمارەی مردووانیش بەو ڤایرۆسە زیاتر لە 2 هەزارو 600 كەسن كە 33یان لە دەرەوەی چینن‌و دوای چین ئێران پلەی دووەمی هەیە لە تۆماركردنی مردن بە كۆرۆنا، ڤایرۆسەكە لە 28 وڵات بڵاوبووەتەوە.

مەترسیی ڤایرۆسەكە وایكردووە، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیی بۆ پێنجهەمین جار لە مێژوویدا باری لەناكاوی لە سەرتاسەری دونیا ڕاگەیاندووە.