دوا كاتژمێرەكان لە فڕۆكەخانەی كابووڵ؛ چەند ئەفغانییەك دەستی خۆیان شكاند لەپێناوی ڕزگاربوون

01-09-2021 03:52

پەرەگراف

بەشێكی ئەو ئەفغانییانەی لە سنوری فڕۆكەخانەی كابووڵ مابونەوە، هیچ بژاردەیەكیان لەبەردەستدا نەمابوو، ئەوە نەبێت دەستی خۆیان بشكێنن، بەو هیوایەی هەلێكیان بۆ بڕەخسێت تا "دۆزەخەكەی تاڵیبان" جێبهێڵن و لە وڵاتەكەیان ڕابكەن.

ئەو ڕووداوانە لە دوا كاتژمێرەكانی چۆڵكردنی فڕۆكەخانەی كابووڵ ڕوویدا، كاتێك دواین فڕۆكەی ئەمریكی ئەفغانستانی جێهێشت، پێش ئەوانیش ئەوروپییەكان پڕۆسەی چۆڵكردنەكەیان تەواوكردبوو.

دەیان هەزار كەس لەناو فڕۆكەخانەو دەرەوەیدا لە چاوەڕوانیدابوون، هەموو دەیانزانی ناتوانرێت سەرجەمی خەڵكەكە بگوازرێنەوە، بەتایبەت لەگەڵ نزیكبونەوەی كۆتایی هاتنی ئەو ماوەیەی بۆ ڕادەستكردنی فڕۆكەخانەكە دیاریكرابوو كە 31ی ئاب بوو.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان، 40 هەزار ئەفغانی لەناو سنورەكانی فڕۆكەخانەی حەمید كارزای نێودەوڵەتیدا بوون، سێ بەشی ئەو ژمارەیە لەناو فڕۆكەخانەكەدا بوون، ئەوانی دیكەش لەودیو دیوارەكانەوە.

كامدری یەكێك بووە لەو كەسانەی لەناو سنوری فڕۆكەخانەدابووە، وەك بەڵێندەرێكی ناوخۆیی كاریكردووەو نەیتوانیوە گرێبەست لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بكات.

"كات لێرە زۆر بەخێرایی دەڕوات، دەقە بە دەقە حساب دەكەین، لەكاتێكدا دەمانزانی ژمارەیەكی كەمی گەشت ماوە، ئەوانەی لێرەن بەشێوەیەكی ترسناك قەرەباڵغی دروست دەكەن و هەوڵی ڕزگاربوون دەدەن" ئەو بەڵێندەرە وادەڵێت.

كامدری دەشڵێت "لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دەرفەتی زیاتری ڕۆیشتن بۆ ژن و منداڵ بوو، ئەوە وای لە بەشێكی كوڕە گەنجەكان كرد لەگەڵ كچە تەنهاكان ڕێكەوتن بكەن، بۆ ئەوەی وەك هاوسەری وەهمی قبوڵیان بكەن و ئەوانیش هەلی ڕزگاربوونیان هەبێت".

نرخەكان فڕیون

ئەو پیاوە ئەفغانییە ئاشكرای كردووە "سەبارەت بە خزمەتگوزاری تەندروستی و خواردن، دۆخەكە لەناو فڕۆكەخانە زۆر لە چواردەوری باشتربوو، لەگەڵ ئەوەی گرانییەكی زۆر هەبوو، بەجۆرێك نرخی ژەمێك خواردن گەیشتە 200 دۆلار ، بەڵام هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكان لە گەشتەكانی گەڕانەوەدا بەشێك خواردنیان دەهێنا".

لەڕووی پزیشكییەوە نزیكەی 20 پسپۆڕ سەرپەرشتی و چاودێری نەخۆشەكانیان دەكرد لەو چەند ڕۆژەی لە فڕۆكەخانەكەدا بوون.

ئەوانەی مانەوە و هەلی ڕزگاربونیان بۆ نەڕەخسا، لەوە دەترسن بزوتنەوەی تاڵیبان تۆڵەیان لێبكاتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی دەستیان بەسەر فڕۆكەخانەدا گرت و بونە باڵاترین دەسەڵات لە وڵاتدا، هەروەها بزوتنەوەكە ئەو كەسانە بە دوژمنی خۆی دادەنێت.

جگە لەوە ئەوان ترسێكی دیكەشیان هەیە، ئەویش هێرشی تیرۆرستی و تەقینەوەكانە كە لەلایەن داعشەوە ئەنجام دەدرێت.

دەست و پەنجەی خۆیان شكاند

زۆرێك لە ئەفغانییەكان دەپاڕانەوە لە ئەمریكییەكان لەگەڵ خۆیان بیانبەن، بەشێكیان دروشمێكیان بەرزكردبووەوە كە نوسرابوو، بەرپرسیارێتی چارەنوسیان لە ئەستۆی ئەمریكییەكانە ئەگەر نەگوازرێنەوە.

تراژیدیترین دیمەن ئەو گەنجە ئەفغانییانە بوون كە دەست و پەنجەی خۆیان دەشكاند، بۆ ئەوەی پێش بخرێن‌و ڕزگارببن، بەڵام لە بەختی خراپیان هێزە بیانییەكان گرنگییان بەوە نەدەدا.

بزوتنەوە تاڵیبان دەیویست ترسی خەڵكەكە لەناو فڕۆكەخانە‌و دەرەوەی كەمبكاتەوە، دەیانوت ئەو لێبوردنەی دەریانكردووە هەموو ئەفغانییەكان دەگرێتەوە، ئەوانەش كە لەناو فڕۆكەخانەدا بوون، بەڵام خەڵكەكە گومانیان لە نیازی چەكدارەكانی تاڵیبان هەبوو، باسیان لە چارەنوسی ئەو كەسانە دەكرد كە پێشتر هاوكاریی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بوون و لەلایەن چەكدارە توندڕەوەكانەوە چییان بەسەر هێنراوەو چۆن بە خراپیی مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە.