ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی حکومەت لەبارەی؛ بەنزین، نەوت، ئاردو ئاو

01-09-2021 08:43

پەرەگراف

ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند، ناردنی بەنزینی ئۆکتان بەرز و نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوەو چەند پرسێکی تاوتوێ کرد، لەوانە؛ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، دابەشکردنی نەوتی سپی، کۆنترۆڵکردنی نرخی ئارد، دابینکردنی ئاوی خواردنەوەو دەستپێکردنەوەی خوێندن.

ئەنجومەنەکە لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی کوالێتیی ئارد و وەرگرتنی ڕێکاریی قانونی بەرامبەر سەرپێچیکاران.

ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران  

ئەمڕۆ چوارشەممە 1 ی ئەیلوولی 2021 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە .

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئاماژەی بە سەردانی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکڕۆن کرد بۆ هەرێمی کوردستان و بە سەردانێکی گرنگ و مێژوویی ناوبرد کە دووپاتکردنەوەی گرنگیدانی فەڕەنسایە بە پەیوەندیی لە گەڵ هەرێمی کوردستان و نیشانەی پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا .

پاشان هەریەک لە فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، پوختەیەکیان دەربارەی گرنگیی بەشداریی هەرێمی کوردستان لە دایەلۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سوودەکانی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو .

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ، تیشکیان خستە سەر میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیاری دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان لە وەرزی سەرما و چارەسەرکردنی کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بە ڕەچاوکردنی تەندروستیی وژیانی هاووڵاتیيان و بەرگرتن لە هێنانی سووتەمەنی کوالیتی خراپ بۆ ناو هەرێم . هەروەها هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق خرایەڕوو بۆ ناردنی بەنزینی ئۆکتان بەرز و نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوە ، خستنەڕووی ئەنجامی کۆبوونەوەی وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان بوو سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی فڕن و نانەواخانەکان و گرانبوونی نرخی نان و سەموون و ئاسانکاری و پشتیوانیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەم بوارەدا، ئەو بڕیارانە خرانەڕوو کە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە ماوەی ڕابردوو دەریانچواندوون بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکاریی وپشتیوانیی وەزارەتەکان بۆ نانەواخانە و سەمونخانەکان لە دابینکردنی پێداویستیيەکانییان و ڕێکخستنەوەی بابەتی هێنانی ئارد لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان . ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد ، ڕێکاریی پێویست وەربگرن بۆ پشتیوانیی ئەم بوارە و کارکردن بۆ دڵنیابوون لە کوالیتی ئاردی هاوردەکراو لە ڕووی خۆراکیی وتەندروستیەوە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە و وەرگرتنی ڕێکاریی قانونی بەرامبەر سەرپێچیکاران، ئەویش بە ئاراستەی پاراستنی ژیان و تەندروستی هاووڵاتیيان ودابینکردنی نان وسەمون کە پێداویستی سەرەکین بە گونجاوترین نرخ و کوالیتی و ڕاسپاردنی لیژنەکانی قایمقامیەت و ئاسایشی بازرگانیی بۆ بەدواداچوونی بازاڕ.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پڕۆژە وهەنگاوەکانی وەزارەتەکانیان بۆ دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان خستەڕوو، بە تایبەتی لە بواری پاراستنی ئاوی ژێر زەویی و بەرگرتن لە زیادبوونی دابەزینی ئاستیان و سوود وەرگرتن لە سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی لە ڕێگای تەواوکردنی پڕۆژەی بەنداو و پۆندەکان بۆ گلدانەوەی ئاو و دابینکردنی بودجەی بەکاربردنی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی شارەکان.

دواتر ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە و سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی باسیان لە ئامادەکاریی وڕێکارەکانی خۆپارێزیی کردنەوەی قوتابخانەکان و دەسپێکی ساڵیی نوێی خوێندنی 2021-2022 بە ئاراستەی زیادکردنی سەنتەرەکانی پێدانی ڤاکسین بە مامۆستایانی پەروەردە ومامۆستا وقوتابی و فێرخوازانی زانکۆ و پەیمانگاکان، ئەنجومەن وەزیران جەختی کردەوە لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەی گرنگیدان وبرەودان بە پەروەردە و فێرکردن و مامۆستایان کە خوڵقێنەری نەوەیەکی خوێندەوار و تەندروست وڕۆشنبیرن بە ڕەچاوکردنی پاراستنی ژیان وتەندروستیشیان.

لەکۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپارد بۆ وەرگرتنی ڕێکاریی پێویست بۆ قەدەغەکردنی مامەڵەکردن بە سیم کارتی مۆبایلی بێ فۆڕم وبەرایی، بە شێوەیەک پێویستە لەمەودوا تەواوی زانیاری کڕیارانی سیمکارت دیاربێت ، هەموو ئەو سیمکارتانەش ڕابگیرێن کە بێ فۆڕمن، بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە کۆمپانیاکانی مۆبایل پابەند بن و وەزارەتی ناوخۆ ڕاسپێردرا ڕێکار بەرامبەر ئەو سەرپێچیکارانە بگرێتەبەر کە ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بەشێوەیەکی خراپ بەکاردەهێنن.