بافڵ تاڵەبانی: بەڵگەم ھەیەو پشکنینەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە ژەھرخوارد کراوم

01-09-2021 09:08
وێنەی بافڵ تاڵەبانی و ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دیدارەكەیان لەگەڵ ئەنجام داوە

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆكی یەكێتی دەڵێت، لە ماڵەكەی خۆم لە دەباشان ژەھرم بۆ كراوەتە شەربەتەوە و پشكنینەكان پشتڕاستیان كردووەتەوە كە ژەھرخوارد كراوم.

ھاوسەرۆكی یەكێتی ئەوەی لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا گوتووە كە ئەمڕۆ بۆ ژمارەیەكی دیاریكراو لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ئەنجامی داوە. لە دەرەوەی چاوپێكەوتنەكەش زانیاریی بە ڕۆژنامەنووسەكان داوە و وەڵامی پرسیارەكانی داونەتەوە، ھێشتا ڤیدیۆی چاوپێكەوتنەكە نەدراوەتەوە بە كەناڵەكان تا بڵاو بكرێتەوە.

ڕۆژنامەنووسێكی بەشداربوو لە چاوپێكەوتنەكە بۆ پەرەگراف وتی "بافڵ تاڵەبانی وتی: ئەو ڕۆژەی ژەھر خوارد كرام، لاھور لە هەموو ڕۆژێك سەیرتر ماڵاوایی لێ‌ كردم".

لەبارەی ھەبوونی بەڵگە؟ ھاوسەرۆكی یەكێتی گوتویەتی "پشكنینەكانم ناردووە بۆ دەرەوە و پشتڕاست كراوەتەوە كە ژەهرخوارد كراوم. لەبەرئەوەی وەرزش دەكەم و بەرگریی جەستەم بەهێزە، بەرگەی ژەهرەكەم گرتووە. پشكنینی چەند وڵاتێك و ڤیدیۆ و دانپێدانانیش ھەن. پشكنینەكەم دا بە كەسێك تا پیشانی دكتۆرێكی بدات، وتم لای دكتۆرەكە بڵێ‌ پشكنینی پوورمە، دكتۆرەكە كە سەیری پشكنینەكەی كردبوو، بەو كەسەی وتبوو: پوورت ماوە؟!".

لەبارەی ژەھرخواردكردنی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدی دایكی، بافڵ تاڵەبانی گوتوویەتی "مەسەلەی ژەهرخواردكردنی دایكم یەكلایی نەبووەتەوە".

بافڵ تاڵەبانی، وێنەی كەسێكی لە مۆبایلەكەیدا پیشانی ڕۆژنامەنووسەكان داوە و گوتوویەتی "ئەم كەسە سیخوڕەكە بووە". پاشان وێنەی پشكنینی ژەهرخواردكردنەكەی پیشان داون.

لەبارەی دۆخی سلێماییشەوە، گوتوویەتی "سلێمانی ئارامە، تەنیا دەوروبەری ئوتێل لالەزار ئەڵێی مەقادیشۆیە"، وەك ئاماژەیەك بۆ ھەبوونی چەكدار لە ماڵی لاھور شێخ جەنگی.

سەبارەت بە ئایندەی لاهوور شێخ جەنگی، بافڵ تاڵەبانی گوتوویەتی "هێزی سەربازی و ئابووریم لێ‌ بڕیوە و سۆشیال میدیام بەسەریدا ڕووخاندووە، هاوسەرۆك نامێنێت و قبووڵم نییە ببێت بە ئەندامی سەركردایەتیش".

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "لاھور خۆی پێشنیازی كردووە كە لە ڕێی سەركردایەتییەوە داوا بكرێت بچێتە دەرەوە، ١٠٦ ئەندامی سەركردایەتیی واژووی چوونە دەرەوەییان كردووە، بەڵام خۆم و بەرهەم ساڵح واژوومان نەكردووە".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا مەسعود بارزانی بە مەرجەع دەزانیت؟ بافڵ تاڵەبانی تەنیا گوتوویەتی "مەرجەعی خۆمان هەیە".