تاپۆی چەمچەماڵ مەترسیی ڕووخانی لەسەرەو ٥٥ هەزار تۆماری خانوبەرەی تێدایە

02-09-2021 04:51

پەرەگراف

بینای تۆماری خانوبەرەی قەزای چەمچەماڵ، مەترسی داڕوخانی لێدەكرێت و بەڕێوەبەری فەرمانگەكەش دەڵێت: ٥٥ هەزار تۆماری خانوبەرە لە ژێر مەترسیدان.

ئالان ساڵح، بەڕێوەبەری تۆماری خانوبەرەی چەمچەماڵ بۆ پەرەگراف وتی، بینای تۆماری خانوبەرە تەمەنی بە نزیكەیی ٦٠ ساڵەو لە شەستەكانی سەدەی ڕابردوو بۆ كۆمەڵگەی فەرمانگەكان دروستكراوە و تائێستاش دەوامی تێدا دەكرێت.

"بەهۆی كۆنیی بیناكەو داڕوخانەوە ٣٠٪ی بەتەواوەتی چۆڵكراوە، كۆی بیناكەش مەترسی هەرەسهێنانی لەسەرەو لەگەڵ هەر بومەلەرزە و لافاوێكدا بەشێكی تری زیانی پێدەگات" ئالان ساڵح وای وت.

ئەوەشی خستە ڕوو، زەویی تایبەت بە خۆیان هەیە و بڕیاربوو بینایەكیان بۆ دروست بكرێت، بەڵام ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەكە جێبەجێ نەكرا. تائێستاش هەنگاو بۆ دروستكردنی بینای نوێ نەنراوە.

فەرمانگەكە ٥٥ هەزار تۆماری خانووبەرەی هاوڵاتیانی لە قەزای چەمچەماڵ و پێنج ناحیە و ٢٣٠ گوندی تێدایە، ئەو مەترسییەی لەسەر بینای فەرمانگەكە هەیە مەترسیی لەسەر فەرمانبەران‌و تۆمارەكانیش دروست كردووە.