پەكەكە: پارتی حەوت گەریلای شەهید كردین

04-09-2021 04:15
ژمارەیەك گەریلای پەكەكە لە قەندیل. وێنە؛ ڕێبەر نەجم/پەرەگراف

پەرەگراف

پەكەكە ڕایگەیاند، ئەو حەوت گەریلایەیان لە هەرێمی خەلیفان كە لە 30ی ئابەوە پەیوەندییان لەگەڵیان پچڕاوە، "لەلایەن چەكدارانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە شەهید كراون".

ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە(باڵی سەربازیی پەكەكە)، لەسەر چارەنووسی حەوت گەریلا، كە لە ڕۆژی ٣٠ی ئابەوە پەیوەندییان لەگەڵ پچڕاوە، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو دەڵێت "بەپێی زانیارییەكانمان، گروپێك لە هەڤاڵانمان پێكهاتوو لە حەوت گەریلا، كاتێك لە ئاوی زاپ لە هەرێمی خەلیفان پەڕیونەتەوە، لەلایەن چەكدارانی پەدەكەوە بۆسەیان بۆ دانراوە و هێرشیان كراوەتە سەر و شەهیدكراون".

"چەكدارانی پەدەكە، بە شیوازێكی نامەردانە بۆسەیان بۆ هەڤاڵانمان داناوە و حەوت هەڤاڵی ئێمەیان شەهید كردووە، ئەم كردەوە قیزەونە هیچ پەیوەندییەكی بە كوردایەتییەوە نییە" هەپەگە وادەڵێت.

هێشتا پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ وەڵام‌و ڕاگەیەندراوێكی لەسەر ئەم بابەتە بڵاو نەكردووەتەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا چەندجارێك بەرپرسانی باڵای پەكەكە داوای ئاشكراكردنی چارەنووسی ئەو گەریلایانەیان لە پارتی كردووە، بەڵام پارتی وەڵامی نەداونەتەوە.

هەپەگە لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەیدا، دەڵێت "ئەم هێرشە زیانێكی گەورە بە دۆزی ئازادیی گەلی كورد دەگەیەنێت، ماوەیەكە دەسەڵاتدارانی پەدەكە، هێزەكانیان لە نزیك گەریلاكانمان جێگیردەكەن و بە پێداگرییەوە شەڕمان پێدەدەفرۆشن، بەڵام ئێمە لەپێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی گەلەكەمان، ئەوانمان نەكردووەتە ئامانج، ئێستاش هەر ئەوان خائینانە بۆسە بۆ هەڤاڵانمان دادەنێن و شەهیدیان دەكەن، بەمشێوەیەش شەڕێكی تاكلایەنەیان دژی ئێمە ڕاگەیاندووە".

هەپەگە دەشڵێت "پێویستە هەموو گەلی كورد، پرسیار لە پەدەكە و بارزانی بكەن، لە شەڕێكی ناوخۆیی و ڕشتنی خوێنی گەنجانی كورد، چیی بەدەست دێنن؟ بۆچی قیزەونانە شەڕمان پێدەفرۆشن؟ لەم قۆناغەدا دروستكردنی شەڕی كورد بە كورد، ئایا نابێتە لاپەڕەیەكی ڕەش لە مێژووی گەلەكەماندا، پێویستە كورد و دۆستانی ئەم پرسیارانە لە پەدەكە و بارزانی بكەن".

لەگەڵ بەردەوامیی هێرش‌و سنوربەزاندنەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان بە پاساوی شەڕ دژی پەكەكە، گرژیی‌و ئاڵۆزیی لە نێوان پارتی‌و پەكەكەش دروست بووە لە ناوچە سنورییەكان، ئەوەش چەندجارێك شەڕو پێكدادان‌و شەهیدو برینداری لێكەوتووەتەوەو ترسی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی‌و پەكەكەی بەدوای خۆیدا هێناوە.