تاڵیبان ڕاگەیاندنی حكومەتی دواخست؛ لە پەنجشیر چی دەگوزەرێت و دواپەیامی سەركردەكەیان چییە؟

04-09-2021 05:26

پەرەگراف

ڕووبەڕووبوونەوەی سەخت لە نێوان هێزەكانی تاڵیبان و بەرەی بەرەنگاریی نیشتمانیی ئەفغانستان لە پەنجشیر بەردەوامە. تاڵیبان هەندێك ناوچەی كۆنترۆڵ كردووە و بەرەی بەرەنگارییش دەڵێت "هەزاران" چەكداری تاڵیبانی گەمارۆ داوە. كۆتا پەیامی ئەحمەد مەسعود وازنەهێنانە لە "تێكۆشان لە پێناوی ئازادی و دادپەروەریدا". پێكهێنانی حكومەتەكەی تاڵیبانیش بۆ هەفتەی ئایندە دواخرا.

ئێوارەی ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەكانی تاڵیبانەوە بڵاوی كردەوە كە ڕاگەیاندنی حكومەتی نوێی ئەفغانستان بۆ هەفتەی ئایندە دواخراوە.

پێشتر وتەبێژانی تاڵیبان ڕایانگەیاندبوو كە ئەمڕۆ شەممە 4-9-2021 پێكهێنانی حكومەت ڕادەگەیەنن. دوێنێش ڕۆیتەرز بڵاوی كردەوە كە بە ئەگەری زۆر حكومەتەكەی تاڵیبان لەلایەن مەلا عەبدولغەنی برادەر، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی تاڵیبانەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.

هاوكات لە ویلایەتی پەنجشیر شەڕی سەخت لە نێوان هێزەكانی تاڵیبان و بەرەی بەرەنگاریی نیشتمانیی ئەفغانستان بەڕێوە دەچێت. بەپێی دواین زانیارییەكان كە میدیا جیهانییەكان بڵاویان كردووەتەوە، هێزەكانی تاڵیبان لە پێشڕەوییەكانیان بەردەوامن و ناوچەی ئانابەی سەر بە ویلایەتی پەنجشیریان كۆنترۆڵ كردووە.

لە نوێترین لێدوانیشدا، فەهیم دەشتی كە یەكێكە لە وتەبێژانی بەرەی بەرەنگاریی نیشتمانی، ڕایگەیاند "بەهۆی تەقینەوەی شاخێكەوە" لە پشتیانەوە، هێزەكانی تاڵیبان لە ناوچەی دەشتی ڕیوت "گەمارۆ دراون".

فەهیم دەشتی دەشڵێت "پێكدادانی توند لە مەیدانەكەدا بەردەوامە. ڕێڕەوی خاواك داخراوە و هەزاران تیرۆریست (چەكداری تاڵیبان) لە ناوچەی پەریان گەمارۆ دراون".

هەرچەندە شەوی ڕابردوو هەندێك لە میدیا و ئاژانسە جیهانییەكان لە زاری سەرچاوەكانی تاڵیبانەوە كۆنترۆڵكردنی ویلایەتی پەنجشیر و تەواوی ئەفغانستانیان ڕاگەیاند، بەڵام هیچ سەرچاوەیەكی فەرمیی بزووتنەوەكە زانیارییەكەی پشتڕاست نەكردەوە.

ئەمروڵڵا فیترەت كە بەرپرسێكی دیاری تاڵیبانە، لە تویتەری فەرمیی خۆی ڕەتی كردەوە كە تەواوی ویلایەتی پەنجشیر كۆنترۆڵ كرابێت، بەڵام وتی "ڕووبەڕووبوونەوە لە ناوەندی ویلایەتی پەنجشیر بەردەوامە".

بەیانیی ئەمڕۆیش، عەلی مەیسەم، وتەبێژی بەرەی بەرەنگاریی نیشتمانیی ئەفغانستان، لە تویتێكدا پەیامێكی كورتی ئەحمەد مەسعودی بڵاو كردەوە كە دەڵێت "هەرگیز واز لە تێكۆشان لە پێناوی ئازادی و دادپەروەریدا ناهێنم".

تا ئێستا ئاماری كوژراو و برینداری شەڕی پەنجشیر دیار نییە، بەڵام تۆڕی هەواڵی بی بی سی دەڵێت "سەدان كەس كوژراون".

هەر ئەمڕۆ، ئەحمەد مەسعود، كوڕی ئەحمەد شا مەسعودی سەركردەی دیاری پەنجشیر، كە سەرۆكایەتیی بەرەی بەرەنگاریی نیشتمانی دەكات، لە تویتێكی توانجئامێزدا وتی كەتەقەكانی شەوی ڕابردوو بەهۆی سەركەوتنەكانی پەنجشیرەوە نەبوو، بەڵكوو بە بۆنەی گەیشتنی سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی پاكستانەوە بوو.

بەیانیی ئەمڕۆ، ژەنەراڵ فەیز حەمید، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی پاكستان (ئای ئێس ئای) گەیشتە كابووڵ، بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ نەجیبوڵڵای سەرۆكی هەواڵگریی تاڵیبان و بەرپرسانی ئەو بزووتنەوە. ئەوە یەكەم بەرپرسی باڵای پاكستانە كە لە دوای كۆنترۆڵكردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە سەردانی ئەو وڵاتەی كردووە.

شەوی ڕابردوو لە كاتی بڵاوبوونەوەی هەواڵی كۆنترۆڵكردنی ویلایەتی پەنجشیر، چەكدارانی تاڵیبان لە چەندین شوێنی ئەو وڵاتە و بە تایبەتیش كابووڵی پایتەخت، تەقەی خۆشییان دەست پێ‌ كرد. بەوهۆیەوە تەنیا لە كابووڵ "بە لای كەمەوە 17 كەس گیانیان لەدەست داوە و 40 كەسیش بریندار بوون".

هەر شەوی ڕابردوو وتەبێژی تاڵیبان داوای لە چەكدارانی بزووتنەوەكەی كرد تەقە ڕابگرن. ئەمڕۆیش ئەحمەدوڵڵا وەسیق، وتەبێژ لە بزووتنەوەی تاڵیبان، لە زاری مەلا یەعقوب، جێگری ڕابەری تاڵیبانەوە ڕایگەیاند كە هەر كەسێك لە ڕیزی بزووتنەوەكە تەقەی خۆشی بكات، "چەكەكەی لێ‌ دەسەندرێت و زیندانی دەكرێت". جێگری ڕابەری تاڵیبان وتوویەتی "تەقەكردن بە ئاسماندا، بەهەدەردانی سامانی دەوڵەتە".

پەنجشیر كە دەكەوێتە باشووری كابووڵی پایتەختەوە، یەكێك لە بچووكترین ویلایەتەكانی ئەفغانستانە. تاكە ویلایەتە كە تا ئێستا لەلایەن تاڵیبانەوە كۆنترۆڵ نەكراوە.

هێزەكانی بەرەی بەرگریی نیشتمانیی ئەفغانستان كە لە هێزە سەربازی و ئەمنییەكانی پێشووی ئەفغانستان و خەڵكی ناوچەكە پێك دێت، دەگوترێت ژمارەیان نزیكەی "150 بۆ 200 هەزار" سەربازە، لە پشتی شاخە سەختەكانی ئەم ناوچەوە خۆیان حەشار داوە و ڕووبەڕووی تاڵیبان بوونەتەوە.

ئەو هێزانە لەلایەن ئەحمەد مەسعودەوە سەركردایەتیی دەكرێن، كە ئەحمەد شا مەسعودی باوكیشی لە دەیەی 80ی سەدەی ڕابردوو دژی یەكێتیی سۆڤیەت و لە دەیەی 90یشدا دژی تاڵیبان وەستاوەتەوە و ڕێگریی لە داگیركردنی ناوچەكەی كردووە.