وەزیری سامانە سروشتییەكان: چاوەڕوانی گەیشتنی بەنزینەكەی بەغداین

05-09-2021 01:00

پەرەگراف

كەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان، دەڵێت "لە ئێستادا چاوەڕوانی گەیشتنی یەك ملیۆن لیتر بەنزینەكەی وەزارەتی نەوتی عێراقین". سەبارەت بە نەوتی سپی بۆ ماڵانیش ناوبراو باس لەوە دەكات كە "وەزیری نەوتی عێراق بەڵێنی دا ئەوەش چارەسەر بكەن، بۆیە لە سەرەتای مانگی ١٠ دەست بە هێنانی نەوتی سپیش دەكەین".

لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزیری سامانە سروشتییەكان باس لە پلان و كێشەكانی بەردەم وەزارەتەكەی دەكات و دەڵێت "لە سەرەتای پێكهێنانی، ئەم وەزارەتە تا ئێستا ڕۆڵێكی سەرپەرشتیكارانە دەبینێت، ڕۆڵی جێبەجێكردنی نەبووە".

سەبارەت بە كێشەی بەنزین، كەمال ئەترووشی ئاماژە بەوە دەكات كە "ئەو بەنزینەی هاوردە دەكرا زۆربەیان كوالێتییەكەیان باش نەبوو، ئێمە هەرچەند كۆنتڕۆڵمان كرد، بەڵام هەر بنبڕ نەدەكرا، بۆیە لە كۆتاییدا هاوردەكردنی ئەو بەنزینە لە دەرەوە بە تەواوەتی ڕاگیرا".

پێشتر وەزیری سامانە سروشتییەكان لە 25-8-2021 ڕایگەیاند كە لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق گەیشتووەتە ڕێككەوتنێك بۆ ئەوەی ڕۆژانە یەك ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت و بڕیارەكە لەمشەوەوە جێبەجێ‌ دەكرێت، كەچی پاش 10 ڕۆژ هێشتا بەنزینەكە نەنێردراوە.

"بە نووسراوی فەرمی فەرمان كراوە بۆ سەرۆكی دامەزراوەی دابەشكردنی نەوت و غاز لە بەغدا كە ئەو بڕە‌ بدرێتە هەرێمی كوردستان، بەڵام لایەنی لۆجستی پێویستە كە ئەو بڕە‌ بە چ شێوەیەك بێت، لە ڕێی بۆڕی یاخود لە ڕێی تانكەرەوە. ئێستا لیژنەیەكم لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئامادە كردووە كە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە پەیوەندیدایە بۆ ئەوەی بتوانن لایەنی لۆجستی گەیاندنی ئەو بڕە‌ بەنزینە بە شێوەیەكی بەردەوام بە هەرێمی كوردستان بگات"، وەزیری سامانە سروشتییەكان وا دەڵێت.

كەمال ئەترووشی سەبارەت بە دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا دەڵێت "عێراق، نەوتی سپی لە دەرەوە و لە وڵاتانی وەك قەتەر و كوەیت دەیكڕێت و هاوردەی دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش بوودجەیەكی گەورە دادەنێت، بۆیە دەبێت ئێمەش بە هاوبەشی ئابووری و نرخ لەگەڵ عێراق ڕێك بخەینەوە و ڕێ لە گەندەڵی بگیرێت لەناو بازاڕی نەوتی سپیدا، بزانین پێویستیمان چەندە و ئەولەویەتمان خەڵكی هەژار بێت و‌ ئەو شوێنانەی دوورن و كەشوهەوا تێیدا ساردە وەك گوندەكان، ئەوان لەپێشترن بۆ وەرگرتنی نەوتی سپی".