لەبارەی تۆمەتباركردنی بە كوشتنی حەوت گەریلا، پارتی وەڵامی پەكەكەی دایەوە

05-09-2021 01:20

پەرەگراف

لە وەڵامی پەكەكەدا كە دەڵێت حەوت گەریلای لەلایەن پارتییەوە كوژراون، وتەبێژی پارتی دەڵێت "ئەو ئیدیعایە ھیچ بنەمایەكی نیە و دورە لە ڕاستی".

مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "ناوەندێكی سەر بە پەكەكە بە ناوی ھەپەگە، لە ڕاگەیاندراوێكدا ئیدیعای ئەوەی كردووە كە حەوت چەكداریان لە دەڤەری خەلیفان بە دەستی پارتی كوژراون".

مەحموود محەمەد لەگەڵ ڕەتكردنەوەی ئەو زانیارییانە، دەشڵێت "مەبەستیان لە ناوھێنانی پارتی دیموكراتی كوردستان و بڵاوكردنەوەی بابەتی ناڕاست، بۆ شاردنەوەی تاوانەكانیانە و پاساو ھێنانەوەیە بۆ كردەوە نایاسایی و دەستدرێژییەكانیان بۆ سەر ھەرێمی كوردستان".

"خەڵكی كوردستان دەپرسن و پێویستە پەكەكە وەڵامیان بداتەوە كە چەكدارانی پەكەكە چی دەكەن لە دەڤەری خەلیفان و ئیشیان چییە و پەیوەندییان بەو دەڤەرەوە چییە؟"، وتەبێژی پارتی وا دەڵێت.

دوێنێ‌ 4-9-2021، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە (باڵی سەربازیی پەكەكە)، لەسەر چارەنووسی حەوت گەریلا كە لە ڕۆژی ٣٠ی ئابەوە پەیوەندییان لەگەڵ پچڕاوە، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو دەڵێت "بەپێی زانیارییەكانمان، گرووپێك لە هەڤاڵانمان پێكهاتوو لە حەوت گەریلا، كاتێك لە ئاوی زاپ لە هەرێمی خەلیفان پەڕیونەتەوە، لەلایەن چەكدارانی پەدەكەوە بۆسەیان بۆ دانراوە و هێرشیان كراوەتە سەر و شەهید كراون".

"چەكدارانی پەدەكە، بە شیوازێكی نامەردانە بۆسەیان بۆ هەڤاڵانمان داناوە و حەوت هەڤاڵی ئێمەیان شەهید كردووە، ئەم كردەوە قیزەونە هیچ پەیوەندییەكی بە كوردایەتییەوە نییە"، هەپەگە وا دەڵێت.

هەپەگە لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەیدا دەڵێت "ماوەیەكە دەسەڵاتدارانی پەدەكە، هێزەكانیان لە نزیك گەریلاكانمان جێگیردەكەن و بە پێداگرییەوە شەڕمان پێ دەدەفرۆشن، بەڵام ئێمە لەپێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی گەلەكەمان، ئەوانمان نەكردووەتە ئامانج، ئێستاش هەر ئەوان خائینانە بۆسە بۆ هەڤاڵانمان دادەنێن و شەهیدیان دەكەن، بەمشێوەیەش شەڕێكی تاكلایەنەیان دژی ئێمە ڕاگەیاندووە".

لەگەڵ بەردەوامیی هێرش ‌و سنووربەزاندنەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان بە پاساوی شەڕ دژی پەكەكە، گرژی ‌و ئاڵۆزی لە نێوان پارتی ‌و پەكەكەش لە ناوچە سنوورییەكان دروست بووە، ئەوەش چەند جارێك شەڕ و پێكدادان‌ و شەهید و برینداری لێ كەوتووەتەوە و ترسی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی‌ و پەكەكەی بەدوای خۆیدا هێناوە.