ئەورووپا بە پێنج مەرج دەرگای گفتوگۆ و داننان بە حوكمی تاڵیباندا دەكاتەوە

05-09-2021 04:19

پەرەگراف

دوای ماوەیەك لە دوودڵی و یەكلانەكردنەوەی بڕیارەكان یەكێتیی ئەورووپا، ڕایگەیاند ڕەنگە دان بە حوكمی تاڵیبان لە ئەفغانستاندا بنێت و دەرگای گفتوگۆی بە ڕوودا بكاتەوە، ئەگەر پێنج مەرج جێبەجێ بكات كە برۆكسل بە پێوانەی ڕاستۆگۆ و جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی دادەنێت لەلایەن بزووتنەوەكەوە، كە باسیان لە گۆڕانكاری كردبوو بەراورد بە حوكمی یەكەمجاریان.

ئەوەی وای لە یەكێتیی ئەورووپا كردووە دەرگای گفتوگۆ بە ڕووی تاڵیباندا بكاتەوە، دوو بابەتە: تیرۆر و پەنابەران. بزووتنەوەی تاڵیبانیش بە گرنگییەوە دەڕوانێتە ئەوەی كە دانپێدانانێكی نێودەوڵەتیی هەبێت، چونكە بەهۆیەوە دەتوانێت یارمەتی و هاوكارییەكانی بەدەست بگات.

دیاریكردنی مەرجەكانی ئەورووپا، دوای كۆبوونەوەیەكی نافەرمی هات كە وەزیرانی دەرەوەی یەكێتییەكە ئەنجامیان دا، لویس بۆینۆی وتەبێژیان ئەنجامەكەی ڕاگەیاند.

چاودێران پێیان وایە قورسە بزووتنەوەی تاڵیبان پابەندی ئەو مەرجانە بێت و جێبەجێیان بكات، بەڵام پێشبینی دەكرێت لە ڕێی گفتوگۆوە هەردوو لایەن بگەنە ڕێكەوتن و چارەسەری مامناوەندی بدۆزنەوە.

وردەكاریی مەرجەكان

مەرجی یەكەم بەكارنەهێنانی خاكی ئەفغانستانە بۆ بڵاوكردنەوەی تیرۆر. پێشتریش تاڵیبان پابەندبوونی پێشوەختەی بەو مەرجەوە ڕاگەیاندبوو، بەڵام باسی لەوە كرد بێ هاوكاریی هەواڵگریی نێوانیان، ئەو ئامانجە بەدەست نایەت، بەتایبەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێكخراوە تیرۆرستییانەی لە ئەفغانستان بوونیان هەیە، بەتایبەت "داعشی خۆراسان".

مەرجی دووەم تایبەتە بە "ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ بەتایبەت ژنان، سەروەریی یاسا، ئازادیی ڕۆژنامەوانی". بۆ ئەم مەرجەیان هەرچەندە شێوازی مامەڵەی تاڵیبان بەراورد بە سەردەمی نەوەدەكان گۆڕاوە، بەڵام قورسە پابەندی پێوەرە ئەورووپییەكان ببێت بۆ مافی ژن و ڕۆژنامەنووسان.

پێكهێنانی حكومەتی ئینتیقالی لە ئەفغانستان، مەرجی سێیەمە كە دەبێت گشتگیر بێت و دانسوتان لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بكرێت، ئەم خاڵەش ناكۆكیی لەسەرە.

دوو مەرجی كۆتایی كە یەكێتیی ئەوروپا دایناوە، بۆ تاڵیبان زۆر ئاسانە، ئەوانیش بریتین لە "دڵنیاییدان لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ كەسانی خاوەن پێداویستی بەپێی پێوەرە نێودەوڵتییەكان، پابەندبوونی تاڵیبان بە بەڵێنەكانی بۆ چوونە دەرەوەی بیانییەكان و ئۆپۆزسیۆنی ئەفغانی، ئەوانەی مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، ئەوەش بەپێی بڕیاری نێودەوڵەتی 2593".

پێشتر تاڵیبان ئامادەیی بۆ وەرگرتنی هاوكاریی مرۆیی ڕاگەیاند، ئاماژەی بەوەش كرد ڕازییە بە جێبەجێكردنی بەڵێنە لۆجستییەكان بۆ ئەو لایەنە، ئەمە جگە لەوەی ئامادەیی تەواوی نیشاندا بۆ هاوكاریكردنی چوونە دەرەوەی بیانییەكان و ئەو كەسانەی دەیانەوێت وڵات جێبهێڵن.

بۆچی ئەم هەنگاوە لەلایەن ئەورووپاوە؟

هەمبەر سەلیم، نووسەر و شرۆڤەكار، ڕایدەگەیەنێت "ئەورووپا هەست بەو مەترسییە دەكات كە لە ئەفغانستان هەیە، یەكێتییەكە دڵنیایە لەوە خراپتربوونی دۆخەكە، شەپۆلێك كۆچبەر بەرەو وڵاتەكانی دەبات، ئەوەش قورساییەكی ئابووری و سیاسی لەسەر وڵاتەكان و خودی یەكێتیی ئەورووپاش دروست دەكات، ئەمە جگە لەو دڵەڕاوكێیەی لەناو یەكێتییەكە لەبارەیانەوە دروست دەبێت".

"هەمان شتیش كە پەیوەندیی بە تیرۆرەوە هەیە، ئەوەش ئاڵەنگارییەكی گەورەیە لەبەردەم ئاسایشی ئەورووپا، بەراورد بە هەر ناوچەیەكی دیكە، ئەوەش بەهۆی پەیوەندیی جوگرافی، بوونی تۆڕە توندڕەوەكان لەناو سیستمی یەكێتیی ئەورووپادا"، سەلیم وا دەڵێت.

ئەو نووسەرە پێی وایە یەكێتییەكە دەیەوێت بە ڕێكەوتنێكی گونجاو لەو مەترسییانە دووربكەوێتەوە. ئەگەر دان بە بزووتنەوەكەدا بنرێت، دۆخی جیهان و ئەفغانستانیش دەگۆڕێت و مەترسییەكان كەم دەبنەوە.