وتەبێژی هێزەكانی ئەحمەد مەسعود كوژرا؛ شەڕی سەخت لە ناوەندی ویلایەتی پەنجشیر بەردەوامە

05-09-2021 11:23

پەرەگراف

بزووتنەوەی تاڵیبان بانگەشەی كۆنترۆڵكردنی هەموو قەزاكانی سەر بە ویلایەتی پەنجشیر دەكات و دەڵێت "نزیكبووینەتەوە لە كۆنترۆڵكردنی ناوەندی ویلایەتەكە". هاوكات ئەحمەد مەسعود، سەركردەی بەرەی بەرگریی نیشتمانیی دژی تاڵیبان، پێشوازی لە دەستپێشخەریی یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئەفغانستان بۆ ڕاگرتنی شەڕ دەكات، بەڵام تاڵیبان ڕەتی كردەوە. بەرەی بەرگریی نیشتمانیش، كوژرانی وتەبێژی بەرەكەی ڕاگەیاند.

عەلی مەیسەم نەزەری، وتەبێژی ئەحمەد مەسعود، لە تویتێكدا دەڵێت "من هیچ وشەیەكم بۆ وتن نییە، زۆر خەمبارم بە شەهیدبوونی برایانم (دەشتی و ژەنەراڵ زەڕڕە)، تۆڵەیان دەسەندرێتەوە".

فەهیم دەشتی، وتەبێژی بەرەی بەرگریی نیشتمانی بوو، كە ئەمڕۆ بەر لە كوژرانی ڕایگەیاند كە قەزای پەریانیان بە تەواوی كۆنترۆڵ كردووەتەوە كە پێشتر كەوتبووە دەست تاڵیبان. هەروەها ژەنەراڵ ساحیب عەبدولوەدوود زەڕڕە، خوشكەزای ئەحمەد شا مەسعود بوو.

بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ وتەبێژی مەكتەبی سیاسیی تاڵیبان بە كەناڵی جەزیرەی وتووە "هێزەكانمان سەرجەم قەزاكانی سەر بە ویلایەتی پەنجشیریان كۆنترۆڵ كردووە و نزیكبوونەتەوە لە كۆنترۆڵكردنی ناوەندی ویلایەتەكە".

سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەت و ڕۆڵی ڕابەری تاڵیبان لە دەوڵەتدا، وتەبێژی مەكتەبی سیاسیی تاڵیبان ئاشكرای كرد "هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، ڕابەری بزووتنەوەی تاڵیبان، ئەمیری دەوڵەت دەبێت و هێشتا پۆستی سەرۆكوەزیرانیش یەكلا نەكراوەتەوە".

لای خۆیشیەوە، ئەحمەد مەسعود لە بەیاننامەیەكدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، دەڵێت كە پێشوازی لە دەستپێشخەرییەكەی شوورای زانایانی ئاینیی ئەفغانستان دەكات بۆ ڕاگرتنی شەڕ، بە مەرجێك تاڵیبانیش هێرشەكانی ڕابرگرێت و لە ویلایەتەكە بكشێتەوە.

لە وەڵامی هەمان دەستپێشخەریدا، وتەبێژی مەكتەبی سیاسیی تاڵیبان بە كەناڵی ئەلجەزیرەی وتووە "دوای ڕەتكردنەوەی پێشنیازی ئاشتی لەلایەن ئەحمەد مەسعودەوە، هیچ شتێك نەماوەتەوە تا گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت".

یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئەفغانستان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا شەڕی پەنجشیری بە "نادروست" ناو برد و وتی "ئەم شەڕە بنەمای شەرعیی نییە"، داوایشی لە هەردوو لایەنی شەڕ كرد كۆتایی بە ڕووبەڕووبوونەوەكان بهێنن.