وەزارەتی دارایی لەبارەی دوو مووچەییەوە بڕیاری دا

06-09-2021 11:52

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند ئەو مووچەخۆرانەی زیاتر لە مووچەیەكیان وەرگرتووە تا ڕێكەوتی 1-7-2020، مووچە زیادەكانیان لێ‌ وەرناگیرێتەوە، بەڵام مووچەی دوای ئەو ڕێكەوتەیان لێ‌ وەردەگیرێتەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم لە نووسراوێكی ڕێنماییدا كە ئاراستەی "گشت وەزارەت و فەرمانگەكانی نەبەستراو بە وەزارەت"ی كردووە، دەڵێت "بڕی ئەو مووچانەی كە وەرگیراوە لەلایەن ئەو مووچەخۆرانەی كە زیاتر لە مووچەیەكیان وەرگرتووە لە پێش ڕێكەوتی 1-7-2020، لێیان وەرناگیرێتەوە".

هەروەها لە وەزارەتی دارایی دەڵێت "بڕی ئەو مووچەیەی كە زیاتر لە مووچەیەك وەرگیراوە لەلایەن مووچەخۆرەوە لە دوای ڕێكەوتی 1-7-2020، لێیان وەردەگیرێتەوە و تەنیا ئەو مووچەیە وەردەگرێت كەخۆی هەڵیبژاردووە، هەر بڕە پارەیەكیش كە پێش ئەو بەروارە لێیان وەرگیرابێت، بۆیان دەگەڕێندرێتەوە".

بەپێی بڕیارەكانی وەزارەتی دارایی، بڕی لێوەرگیرانەوەكە مانگانە دەبێت، بە جۆرێك بڕی كانگانەی لێوەرگرتنەوەكە لە ڕێژی یەك لەسەر پێنجی كۆی مووچەی مووچەخۆرەكەی زیاتر نەبێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم ئاماژەی بەوە كردووە گە ئەم بڕیارانە "بەپێی ماددەی 14/أ لە یاسای ژمارەی دووی ساڵی 2020 و دوابەدوای ڕێنمایی ڕێنمایی دارایی ژمارە پێنجی ساڵی 2012، دەركراون".