بەرپرسێكی باڵای سەربازیی ئێران هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرش لەناو خاكی هەرێمدا دەكات

06-09-2021 02:45

پەرەگراف

فەرماندەی هێزە زەمینییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران، هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توند لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان دەكات، داوایش لە دانیشتوانی ناوچەكانی نزیك لە بنكە و بارەگای ئەو حیزبانە دەكات، لەو بنكە و بارەگایانە دوور بكەونەوە "تا زیانیان پێ‌ نەگات".

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی كردەوە كە محەمەد پاكپوور، فەرماندەی هێزە زەمینییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران، بۆ بەدواداچوونی جووڵە سەربازییە نوێیەكانی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی وڵاتەكەی، بنكە و بارەگا سەربازییەكانی سوپای پاسدارانی لە باكووری ڕۆژئاوای ئێران بەسەر كردووەتەوە.

محەمەد پاكپوور دەربارەی بەكارهێنانی خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتەكەی، ڕایگەیاندووە "بەردەوامبوونی ئەم بارودۆخە بۆ ئێمە جێگای قبووڵكردن نییە و وەڵامی پێویستی تیرۆریستەكان دەدەینەوە".

ئەو بەرپرسە باڵا سەربازییەی ئێران، هەرێمی كوردستانی بە "هەرێمی باكووری عێراق" ناو هێناوە و دەڵێت "ساڵانێكە گرووپەكانی تیرۆریستی و دژ بە شۆڕشی ئیسلامی كە وابەستەی زلهێزەكانی جیهان و دەزگا سیخوڕییەكانی بێگانەن، سوود لە خاكی هەرێمی باكووری عێراق وەردەگرن بۆ تێكدانی ئاسایش و ئارامیی ناوچە سنوورییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و دروستكردنی ئازار و مەینەت بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە، لەو ڕووەوە بیرهێنانەوەی پێویست دراوەتەوە دەوڵەتی عێراق و هەرێمی باكووری ئەو وڵاتە".

بەرپرسی هێزە زەمینییەكانی ئێران جەختی لەوە كردووەتەوە كە عێراق و هەرێمی كوردستان، نابێت ڕێگە بە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی وڵاتەكەی بدەن كە بنكە و بارەگا لە خاكی ئەواندا بۆ "هەڕەشە و تێكدانی ئاسایشی ئێران" دابمەزرێنن. دەشڵێت "هەر جۆرە كەمتەرخەمی و پشتگوێخستنێك لەوبارەیەوە، بە پێچەوانەی نیەتپاكیی دراوسێیەتی و پەیوەندیی باشی نێوان هەردوو وڵات دەزانین".

"بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ناوچەكە و ئەگەری وەڵامدانەوەی توندی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ گرووپە تیرۆریستییەكان كە لە هەرێمی باكووری عێراق جێیان خۆش كردووە، داوا لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەكەین خۆیان لە بارەگاكانی تیرۆریستان بەدوور بگرن تا زیانیان پێ‌ نەگات"، محەمەد پاكپوور وا دەڵێت.