شەش زیندانیی فەڵەستینی لە توندترین بەندینخانەی ئیسرائیل هەڵهاتن

06-09-2021 04:00

پەرەگراف

شەش زیندانیی فەڵەستینی لە بەندینخانەی جەلبوع لە باكوری ئیسرائیل، لەڕێی هەڵكەندنی تونێلێكەوە هەڵهاتن، بەشێوەیەك كە زیاتر لە فیلمەكانی هۆڵیوود بینراوە، ئیسرائیل هەڵمەتێكی فراوانی بۆ دووبارە دەستگیركردنەوەیان دەستپێكردووە.

ئەو كەسانە پێكەوە لە ژوورێكی بەندینخانەكەدا بوون، تونێلێكی تەسكیان لەژێر دەستشۆری ژوورەكەیان هەڵكەندووە كە بەپێی ڕاپۆرتە ئیسرائیلییەكان ماوەی چەند مانگێك پێوەی سەرقاڵ بوون.

چاكسازیی زیندانیانی ئیسرائیل كە دامەزراوەیەكە ئامانجی كۆمەڵایەتی هەیە‌و سەر بە دەزگای جێبەجێكردنی یاسایە، وێنەو ڤیدیۆی تونێلەكەی بڵاوكردۆتەوە كە زۆر تەسكە و لە تەوالێتی ژوورەكەدا و لەژێر دەستشۆرەكەدا هەڵكەندراوە، بەدووریی چەند مەترێك لە دیواری زیندانەكەوە سەری دەرهێناوە.

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت "لە هەوڵداین بۆ دۆزینەوەی ئەو زیندانییە ئەمنییانەی لە بەندینخانەی جەلبوع هەڵهاتوون"، فڕۆكەی تایبەتیش بۆ ئەركی چاودێریكردن ڕاسپێردراوە.

چاكسازیی زیندانیان باسی لەوەكردووە، كار بۆ گواستنەوەی 400 زیندانی ئەمنیی دیكە دەكەن لە بەندینخانەكە، نەوەك تونێلی دیكە لە ژوورەكانی دیكەشدا هەڵكەندرابێت.

لای خۆیەوە یانەی دیلە فەڵەستینییەكان ناوی ئەو كەسانەی بڵاوكردۆتەوە كە سەركەوتوبوون لە هەڵهاتن لە زیندانەكە، كە سەرجەمیان خەڵكی شاری جەنینن، یەكێكیان سەركردەی پێشووی كەتیبەكانی شەهیدانی ئەقسایە، پێنجەكەی دیكەش سەر بە بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامین.

بەپێی بەیاننامەی یانەی دیلە فەڵەستینییەكان، ئەو كەسانە چواریان سزای زیندانی هەتاهەتاییان هەبووە، ئەوانیش بریتین لە: مەحمود عاریزە (46 ساڵ) لە 1996وە دەستگیركراوە. محەمەد عاریزە (39 ساڵ) لە 2002 دەستگیركراوە. یەعقوب قادری (49 ساڵ) لە 2003 دەستگیركراوە. ئەیهەم كەمامجی (35 ساڵ) لە 2006 دەستگیركراوە.

دوو زیندانییەكەی دیكەش زوبەیدی (45 ساڵ)، مونازیل نەفیعات (32 ساڵ) كە هەردووكیان لە ساڵی 2019وە دەستگیركراون.

ئەم وێنەیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەتەوەو دەگوترێت وێنەی هەڵهاتووەكانە

بەندینخانەی جەلبوع بە سەرپەرشتی كۆمەڵێك پسپۆڕی ئێرلەندی دروستكراوە و ساڵی 2004 كرایەوە، بە یەكێك لە توندترین بەندینخانەكانی ئیسرائیل دادەنرێت لەڕووی پاسەوانی و چاودێرییەوە.

بەندینخانەكە لە ئیسرائیل بە "زیندانی نهێنی" ناودەبرێت، بەهۆی زۆریی ئەو ڕێكارانەی تێیدا دەگیرێنەبەر تاوەكو هیچ كەسێك توانای هەڵهاتنی نەبێت لەوێ.

یوسی میلیمان شرۆڤەكاری ئەمنی ئیسرائیلی لە تیوتێكدا باسی لەوەكردووە، ڕووداوی هەڵهاتنەكە هاوشێوەی ئەوەبووە كە لە فیلمەكاندا هەیە.

بەرپرسانی خزمەتگوزاریی زیندانیان و پۆلیسی ئیسرائیل، هەڵمەتی فراوانی گەڕان و پشكنینیان دەستپێكردووە، پۆلیس و هێزی تایبەت و سوپا تێیدا بەشدارن، لەگەڵ سەگی پۆلیسی و هەلیكۆپتەر، لەگەڵ دانانی چەندین خاڵی پشكنین لە ناوچەكە.

هیزە ئەمنییەكان چاودێریی ئاسەواری هەڵهاتنەكە دەكەن

نەفتالی بێنێت سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل هەڵهاتنەكەی بە "ڕووداوێكی مەترسیدار" وەسفكردووە، باسی لەوەشكردووە بە وردی چاودێریی دۆخەكە و پڕۆسەكانی گەڕان دەكات.

بەڵام بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی پڕۆسەی هەڵهاتنەكەی بە "كارێكی پاڵەوانانەی گەورە" ناوبردووە‌و دەڵێت "هەژانێكی گەورەی لە سیستمی ئەمنیی جولەكەدا دروستكردووە و گورزێكی بەهێزبووە بۆ سوپای داگیركەر".

بزوتنەوەی حەماسیش دەڵێت "كارێكی پاڵەوانانە و ئازایانەبووە، سەركەوتنی ئیرادەی دیلەكانە، ئاڵەنگارییەكی ڕاستەقینەیە بۆ سیستمی ئەمنیی جولەكە".

ئەمە یەكەمجار نییە ڕووداوی لەو شێوەیە لە ئیسرائیل ڕوودەدات، لە تەمموزی 1958 شۆڕشێكی گەورە لەناو یەكێك لە بەندینخانەكان سەریهەڵدا، 66 زیندانی هەڵهاتن و 11 پاسەوان كوژران، بەڵام دواتر سەرجەمیان دەستگیركرانەوە.

ساڵی 2014 تونێلێكی دیكەی هاوشێوە لەیەكێك لە زیندانەكان ئاشكراكرا، بەڵام پێش هەڵهاتنی زیندانییەكان.