چوار زیندانیکراوی بادینان "مانگرتنی تا مردن"یان ڕاگەیاند

06-09-2021 05:58

پەرەگراف

لە کاتی دواخستنی دانیشتنی ئەمڕۆی دادگاییکردنیاندا، چوار زیندانیکراوی بادینان "مانگرتنی تا مردن"یان ڕاگەیاندووە. تیمی پارێزەرانی دۆسیەکەش دەڵێت "مامەڵەی کارمەندانی ئاسایش لەگەڵ دەستگیرکراوەکان زۆر خراپە". هاوکات دایکی یەکێک لەو زیندانییانە دوێنێ "بە حەسرەتی بینینی کوڕەکەیەوە" کۆچی دوایی کردووە، پارێزەرەکان ئامادە نەبوون ئەو هەواڵە ناخۆشە بە زیندانییەکە بدەن.

بڕیار بوو ئەمڕۆ دانیشتنی دادگاییکردنی چوار دەستگیرکراوی بادینان (مەسعود شنگالی، شیروان ئەمین، كارگەر عەباس و بەندەوار ئەیوب) لە دادگای تاوانەکانی دووی هەلێر بەڕێوە بچێت، بەڵام بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.

تیمی کوردستانی گرووپی بونیادنانی ئاشتیی مەسیحی (سی پی تی) کە لەناو هۆڵی دادگا ئامادە بوون، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لە کۆتایی دانیشتنەکەی دادگادا هەر چوار زیندانییەکە بە دەنگێکی بەرز ڕایانگەیاند و داوایان لە بەشداربووانی دادگاییکردنەکەکرد کە دەرەوە ئاگادار بکەنەوە لەوەی زیندانیانی بادینان مانگرتنی تا مردنیان ڕاگەیاندووە".

تیمەکەی سی پی تی نیگەرانیی خۆیشی لەوە ڕاگەیاند کە "دوێنێ خاتوو ناهیدە مەلا یەحیا، دایکی زیندانی شێروان تەها ئەمین، لە حەسرەتی بینینی کوڕەکەیدا کۆچی دوایی کرد" و دەڵێت "ئاگادارین کە ڕۆژی پێشتر هەوڵی دابوو کوڕەکەی لە زیندان ببینێت، بەڵام ڕێگەیان نەدابوو لە پشتی پەنجەرەشەوە بیبینێت".

هەر لە پاش دواخستنی دانیشتنەکەی دادگا، بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان، وتی "بەپێی ئەو قسانەی (دەستگیرکراوەکان) لەگەڵ ئێمەیان کرد، بارودۆخیان لە زیندان زۆر خراپە و مامەڵەی کارمەندانی ئاسایش لەگەڵیان زۆر خراپە".

ئەو پارێزەرە وتیشی "ڕێگری لە بینینی زیندانییەکان لەلایەن کەسوکار و پارێزەرەکانیانەوە، پێچەوانەی مافی مرۆڤ و دەستووری عێراق و هەموو یاسا زەمینی و ئاسمانییەکانە".

سەبارەت بەوەی کە ئایا شێروان تەها ئەمین هەواڵی کۆچی دوایی دایکی بیستووە؟ بەشدارحەسەن وتی "ئێمە پێمان نەوت، ڕەنگە خۆی لە ڕێگەی موتابەعەی میدیاوە بزانێت".

پرۆسەی دادگاییکردنەکە بە پاساوی داخڵکردنی دوو دادوەری نوێ بۆ دۆسیەکە، بۆ "٤-١٠-٢٠٢١" دواخراوە، چونکە ئەو دادوەرانە ئاگاداری وردەکاریی دۆسەیەکە نەبوون و داوایان کردووە کاتیان پێ بدرێت.

تیمی کوردستانی سی پی تی دەڵێت "پێمان وایە زیندایانی بادینان یاخود هەر زیندانییەکی دیکە، هەر تاوانێکی کردبێت، دەبێت مافی ئەوەیان پێ بدرێت کەسوکار و پارێزەرەکانیان ببینن. ئەمەی کە دەکرێت دادگاییەکی ناڕەوا و مامەڵەیەکی نادادپەروەرانەیە".