فەرماندەی سوپای قودسی ئێران: پەیوەندیمان لەگەڵ تاڵیبان هەیەو شەڕیان لەگەڵدا ناكەین

07-09-2021 01:54

پەرەگراف

ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، پەیوەندییان لەگەڵ تاڵیبان هەیەو ناچنە شەڕەوە لەگەڵیاندا، دەشیانەوێت مافی شیعەكانی ئەفغانستان بە ئاشتیی دەستەبەر بكەن.

قائانی لە كۆبوونەوەیەكی داخراوی پەرلەمانی ئێران وای وتووە. نیزامەدین مووسەوی، وتەبێژی سەرۆكایەتی پەرلەمانی ئێران، بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی دەڵێت، قائانی پێی گوتوون ئێران لەگەڵ تاڵیبان لە پەیوەندیدایە و پەیوەندی باشی نێوان تاران و كابوڵ بەردەوام دەبێت.

پەرلەمانتار ئەحمەد عەلیڕەزا بەیگی نوینەری تەورێز لە پەرلەمانی ئێران، لەبارەی ئەو كۆبوونەوەیەوە دەڵێت: قائانی جەختی كردەوە كە ئێران بە ڕوانینێك لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی، چاودێریی گۆڕانكارییەكانی ئەفغانستان دەكات.

"ئەوەی بۆ ئێمە لە ئەفغانستان گرنگە، ئەوەیە كە ئاسایشی ئێران بێ خەوش بێت، پیلانی ئەمریكا ئەوەیە كە ئێران لەگەڵ جیهانی ئەهلی سوننە بەگژ یەكدا بدات كەواتە ئێران ئەبێ بە شێوەیەك هەڵسوكەوت بكات كە ئاسایشی وڵاتەكەی مەترسیی لەسەر نەبێت‌و ئەمریكا نەگاتە ئامانجەكانی" قائانی وای وتووە بەوتەی ئەحمەد عەلیڕەزا بەیگی.

لەو كۆبوونەوەیەدا فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، باسی لەوە كردووە، شیعەكانی ئەفغانستان بۆ ئێران گرنگیی زۆریان هەیە‌و هەوڵدەدەن چارەسەری پرسی ئەفغانستان لە ڕێگای شەڕەوە نەبێت و هەموو چینەكانی ئەفغانستان لە ئیدارەی وڵاتەكەیاندا بەشدار بن.
"ئامانجی سەرەكی ئێران، دابینكردنی ئاسایشی خۆیەتی و ئیزن نادەین ئاسایشی وڵات و سنوورەكانمان بكەوێتە مەترسییەوە" قائانی وای وتووە.
لەگەڵ گەڕانەوەی حوكمی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان كە دراوسێی ئێرانە، وڵاتان چاویان لەسەر پەیوەندیی‌و سیاسەتی نوێی تاڵیبان هەیە بۆ مامەڵە لەگەڵ وڵاتان‌و بەڕێوەبردنی ئەفغانستان.