هەرێمی كوردستان: داوادەكەین عەللاوی پێداچوونەوە بە شێوازی مامەڵەكردنیدا بكات

24-02-2020 08:06


پەرەگراف

كۆبوونەوەی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان‌و لایەنەكان شاندی دانوستانكاری هەرێم بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی عێراق كۆتایی هات، لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا داوای پێداچوونەوەی هەنگاوەكانی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو دەكەن بۆ پێكهێنانی كابینەكەی.

دەرئەنجامێكی دیكەی كۆبوونەوە باڵاكەی هەرێم، داكۆكی كردنە لەسەر پاراستنی قەوارەی دەستووری و سیاسیی هەرێم، "پێكهاتەكانی كوردستان و دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێم، تەنها لایەنی بڕیاردەرن لە دەستنیشانكردنی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حكوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوسەنگی و سازان".

ئەوە لەكاتێكدایە محەمەد تۆفیق عەللاوی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت، سوورە لەسەر دانانی وەزیرەكانی كابینەكەی لەسەر بنەمای سەربەخۆبوون‌و دوور لە دەستوەردانی حیزبیی.

دەقی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان

ئەمڕۆ دووشەممە 24/2/2020 لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە هەولێر، بە سەرپەرشتیی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی بەڕێزان سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وسەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان، كۆبوونەیەك لەگەڵ شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكوومەتی فیدراڵیی عێراق، ئەنجام درا.

كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە خستنەڕووی دەرەنجامەكانی سەردانی شاندی لایەنە كوردستانییەكان بۆ بەغدا و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەكان و بەڕێز محەمەد عەللاوی، ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی فیدراڵی عێراق.

دوای گفتوگۆی هەمەلایەنە و هەڵسەنگاندنی سەردانەكە، لە ڕووانگەی پەرۆشی بۆ دۆخی ئێستای عێراق و بەشدارییەكی كارا لە چارەسەركردنی كێشەكان، كۆبوونەوە گەیشتە ئەم دەرەنجامانەی خوارەوە:

1- پشتگیریی حكوومەتێك دەكەین كە توانای چارەسەركردنی كێشەكانی ئێستای عێراقی هەبێت و بتوانێت پارێزگاری لە سەقامگیریی عێراق بكات و جێگەی بڕوا و متمانەی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق بێت.

2- ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا لەلایەن بەڕێز عەللاوییەوە نراون، بۆ زۆرێك لە لایەن و پێكهاتەكانی عێراق جێگەی دڵنیایی و متمانە نین، بۆیە داوا دەكەین پێداچوونەوە بەو شێوازی مامەڵەكردنەدا بكرێتەوە بە جۆرێك كە حكوومەتی ئایندە ڕەنگدانەوەی داخوازیی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بێت.

3- داكۆكی لەسەر پاراستنی قەوارەی دەستووری و سیاسیی هەرێمی كوردستان و دەستبەركردنی سەرجەم مافە دەستوورییەكانی هەرێم و ناوچە كێشەلەسەرەكان دەكەینەوە، پێكهاتەكانی كوردستان و دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێم، تەنها لایەنی بڕیاردەرن لە دەستنیشانكردنی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حكوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوسەنگی و سازان.

4- ئێستا كە عێراق ڕووبەڕووی تەحەدیاتی ناوخۆیی و دەرەكی بووەتەوە و بە وەرچەرخانێكی گرنگی مێژووییدا تێدەپەڕێت، داوا دەكەین سەركردە سیاسییەكانی عێراق لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و بە هەڵوێستێكی یەكگرتووی نیشتمانییانە بگەنە بڕیارێك.

5- لەپێناو هێنانەدی ئەم ئامانجانەدا، شاندی لایەنە كوردستانییەكان لە گفتوگۆ بەردەوام دەبێت لەگەڵ سەرجەم لایەنە عێراقییەكان.