تاڵیبان كابینەی حكومەتی كاربەڕێكەری بە سەرۆكایەتیی محەمەد حەسەن ئاخوند ڕاگەیاند

07-09-2021 09:48

پەرەگراف

بزووتنەوەی تاڵیبان پێكهاتەكەی كابینەی نوێی حكومەتكەی ڕاگەیاند كە تێیدا محەمەد حەسەن ئاخوند بە سەرۆكوەزیرانی ئەفغانستان دیاری كراوە، هەریەك لە عەبدولغەنی برادەر، پۆستی جێگری یەكەم و عەبدولسەلام حەنەفی، پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكوەزیرانیان پێ‌ دراوە.

زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە كابووڵی پایتەخت، ناوی سەرجەم وەزیرانی پێكهاتەی حكومەتەكەی تاڵیبانی ئاشكرا كرد و ڕایگەیاند كە ئەم حكومەتە كاربەڕێكەرە، بۆ ڕاپەڕاندنی كاروبارە هەنووكەییەكانی خەڵك و تێپەڕاندنی ئەم غۆناغە پێكهێنراوە.

محەمەد حەسەن ئاخوند، لە حكومەتی پێشووی تاڵیبان لە ساڵانی دەیەی 90ی سەدەی ڕابردوو، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان و لەم ساڵانەی دواییشدا بە سەرۆكی شوورای ڕابەریی تاڵیبان دیاری كراوە.

لە حكومەتی نوێی تاڵیباندا، محەمەد یەعقوب موجاهید، كوڕی مەلا عومەری ڕابەری پێشووی تاڵیبان، پۆستی وەزیری بەرگریی ئەفغانستانی پێ‌ دراوە، هەروەها سیراجەدین حەققانی، سەرۆكی پێكهاتەی حەقانی، وەكوو وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە دیاری كراوە.

پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەفغانستانیش دراوە بە ئەمیرخان موتەقی و پۆستی وەزیری داراییش بە هیدایەتوڵڵا بەدری.

وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان وتی "ئێمە دەزانین كە خەڵكی ئەفغانستان چاوەڕوانی پێكهێنانی حكومەتی نوێن. بۆ یەكەم جار زەمینەی پێكهێنانی حكومەتێكی ئیسلامی فەراهەم بووە. هۆكارەكانی شەڕ لە وڵاتدا كۆتاییان پێ هاتووە و ئاسایش بۆ ژیانی خەڵك گەڕاوەتەوە".

زەبیحوڵڵامەجاهید ڕایشیگەیاند كە بە زوویی ناوی بەرپرسانی پۆستە حكومییەكانی دیكەی كابینە نوێیەكە ڕادەگەیەنن.

تا ئێستا ڕوون نییە كە نەتەوەیەكگرتووەكان، یەكێتیی ئەورووپا، وڵاتانی دراوسێی و ئەفغانستان و وڵاتانی دیكەی جیهان حكومەتەكەی تاڵیبان بە فەرمی دەناسن یاخود ڕەتی دەكەنەوە. پێشتر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جەختی لە پێكهێنانی حكومەتێكی فرەلایەن لە ئەفغانستان كردەوە، تاڵیبانیش هەڵوێستێكی هاوشێوەی ڕاگەیاندبوو.

بەپێی ئەو پێكهاتەیەی كە تاڵیبان ڕایگەیاند، لە حكومەتی نوێدا پۆستی هیچ وەزارەتێك بە ژنان نەدراوە، پێشتر تاڵیبان ڕایگەیاندبوو كە لە خوار پۆستی وەزیرییەوە بەشداری بە ئافرەتان لە حكومەتدا دەكات.

پێكهاتەی حكومەتەكەی تاڵیبان:

محەمەد حەسەن ئاخوند - سەرۆكوەزیرانی ئەفغانستان

عەبدوڵغەنی برادەر - جێگری یەكەمی سەرۆكوەزیران

عەبدولسەلام حەنەفی - جێگری دووەمی سەرۆكوەزیران

محەمەد یەعقوب موجاهید - وەزیری بەرگری

سراجەدین حەقانی - وەزیری ناوخۆ

ئەمیرخان موتەقی - وەزیری دەرەوە

عەبدولحەق وەسیق - سەرۆكی هەواڵگری

قاری فەسیحەدین - سەرۆكی ئەركانی سوپا

هیدایەتوڵڵا بەدری - وەزیری دارایی

نووروڵڵا مونیر - وەزیری پەروەردە

خەیروڵڵا خەیرخواهـ - وەزیری زانیاری و فەرهەنگ

دین حمەمەد حەنیف - وەزیری ئابووری

نوور محەمەد ساقیب - وەزیری ئەوقاف

عەبدولحەكیم شەرعی - وەزیری داد

نووروڵڵا نووری - وەزیری دەروازە سنوورییەكان و كاروباری هۆزەكان

محەمەد یونس ئاخوندزادە - وەزیری گەشەپێدان و بووژاندنەوەی گوندەكان

محەمەد خالید - وەزیری بانگەواز و فەرمانكردن بە چاكە و ڕێگری لە خراپە

عەبدولمەنان عومری - وەزیری كاروباری گشتی
محەممەد عیسا ئاخوند - وەزیری سەرچاوە سرووشتییەكان و نەوت

عەبدوللەتیف مەنسوور - وەزیری ئاو و كارەبا

حەمیدوڵڵا ئاخوندزادە - وەزیری گواستنەوە و گەیاندن

عەبدلباقی حەققانی - وەزیری خوێندنی باڵا

نەجیبوڵڵا حەققانی - وەزیری هەواڵگیری

خەلیلولڕەحمان حەققانی - وەزیری كۆچبەران

محەمەد ئیدریس - سەرۆكی بانكی ناوەندنیی ئەفغانستان

ئەحمەد جان ئەحمەدی - وەزیری كاروباری ئەنجوومەنی وەزیران

محەمەد فازڵ مەزڵووم - جێگری وەزیری بەرگری

شێر محەمەد عەباس ستانكەزی - یاریدەدەری وەزیری دەرەوە

نوور جەلال - یاریدەدەری وەزیری ناوخۆ

زەبیحوڵڵا موجاهید - یاریدەدەری وەزارەتی زانیاری و فەرهەنگ

تاج میر جەواد - یاریدەدەری سەرۆكی هەواڵگیریی گشتی

ڕەحمەتوڵڵا نەجیب - یاریدەدەری سەرۆكی هەواڵگریی گشتی

عەبدولحەق ئاخوند - یاریدەدەری وەزارەتی ناوخۆ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر