دانەگاز بە پاڵپشتی ئەمەریكا بەرهەمهێنانی گاز لە چەمچەماڵ بەرزدەكاتەوە

08-09-2021 06:31
كێڵگەی گازی كۆرمۆر. وێنە؛ دانەگاز

پەرەگراف

كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی و ھاوبەشەکانی(پێرل پترۆلیەم) بە وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار قەرز لە دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا، ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە كێڵگەی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ بە ڕێژەی لەسەدا 50 بەرزدەكاتەوە، بەوەش ڕۆژانە 690 ملیۆن پێ سێجا گاز لە كێڵگەكە بەرهەم دەهێنن تا ساڵی ٢٠٢٣.

دانەگاز ئەمڕۆ ڕایگەیاند، لەگەڵ دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا ڕێككەوتوون كە بۆ ماوەی حەوت ساڵ پاڵپشتی لە پڕۆژەی فراوانكردنی كێڵگەی كۆرمۆر بكەن.

كۆی تێچووی پڕۆژەی فراوانكردنی كێڵگەكە 630 ملیۆن دۆلارە بە ئامانجی زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز.

مەجید جەعفەر سەرۆكی بۆردی دانەگاز، دەڵێت، ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵَ دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا، تەئكید كردنەوەیە لەسەر گرنگیی گەشەپێدانی گازی سروشتیی لە هەرێمی كوردستان كە هاندانێك دەبێت بۆ گەشەی ئابوریی كوردستان.

هاوكات دەیڤ جاگەدیشان بەڕێوەبەری جێبەجێكاری دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا، دەڵێت "وەبەرهێنانی دامەزراوەكەمان لە پڕۆژەی فراوانكردنی كۆرمۆر، سوود بە بەشێكی زۆر لە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت بۆ دابینكردنی وزەی بەردەوام. ئەم پڕۆژەیە دەرخەری ئەوەیە وەبەرهێنانی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان بەردەوامیی هەیە".

كۆمپانیای دانەگاز و هاوبەشەكانی تائێستا بە بەهای زیاتر لە 2 ملیارو 100 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانیان لە كێڵگەی كۆرمۆر كردووە، كۆی بەرهەمی كێڵگەكە زیاتر لە 341 ملیۆن بەرمیل گاز(هاوتای نەوتە)، كۆرمۆر گازی سرووشتیی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر‌و چەمچەماڵ و بازیان دابین دەكات.

دانەگازو هاوبەشەكانی لە نیسانی 2007 بۆ وەبەرهێنان‌و سودوەرگرتنی لە سامانی سروشتی كوردستان گرێبەستیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم واژۆكرد، لە مانگی 10ی ساڵی دواتر لە كێڵگەی گازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ دەستیان بە كاركردن كرد.

دانەگاز ساڵێك دوای كاركردنی كەوتە كێشەو ناكۆكییەكی تووند لەگەڵ حكومەتی هەرێم‌و تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لە دادگای لەندەن‌و داوای قەرەبووكردنەوەیەكی زەبەلاح، حكومەتی هەرێمیش سكاڵای لە دژی ئەوان تۆمار كرد، بەو هۆیەوە بۆ ماوەی چەند ساڵێك كارەكانیان ڕاگیرا، بەڵام ساڵی 2017 لەگەڵ حكومەتی هەرێم ڕێككەوتەوە‌و هەردوولا تەواوی سكاڵاكانیان لەسەر یەكتر كشاندەوە.

دانەگازو هاوبەشەكانی ساڵی 2013 ڕایانگەیاند، زیاتر لە 2 ملیار دۆلاریان لە هەرێم بردووەتەوە لە دادگای لەندەن، هەروەها كۆمپانیاكە سەرقاڵی ئامادەكاریی بوو بۆ تۆماركردنی سكاڵایەكی دیكەو داوای قەرەبووكردنەوەی بە بڕی زیاتر لە 26 ملیار دۆلار.

كێشەكانی نێوان دانەگاز و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕایەوە بۆ ساڵی 2009 كاتێك دانەگاز و هاوبەشەكانی دوو كۆمپانیای دیكەیان هێنا بۆ پڕۆژەی گازی چەمچەماڵ ئەوانیش كۆمپانیاكانی ئۆ ئێم ڤی(OMV)ی نەمسایی‌و ئێم ئۆ ئێڵ (MOL)ی هەنگاریی بوون‌و دواتر پێكەوە یەكەیەكی وەبەرهێنانیان پێكهێنا بەناوی پێرڵ پیترۆڵیەم كە لەسەدا 70ی لەلایەن دانەگاز و كرێسێنتەوە خاوەندارێتی دەكرا، هەروەها هەریەك لە ئۆ ئێم ڤی و ئێم ئۆ ئێڵ هەروەها كۆمپانیای ئاڕ دەبلیو ئی (RWE) ئەڵمانی، هەریەكەیان لەسەدا 10ی پشكەكانیان هەبوو.

لەو كاتەدا ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم بە پێكهاتەی ڕێكەوتنەكە ڕازی نەبوو و حكومەتی هەرێم هیچ پاداشتێكی لەو ڕێككەوتنەدا دەست نەدەكەوت، ئەوە بوو بە سەرچاوەی كێشەو ناكۆكییەكانی نێوانیان.