دواخستنی دادگایی چالاكانی بادینان تووڕەیی لێ‌ دەكەوێتەوە؛ كەسوكارەكانیان: مانگرتنی تا مردن ڕادەگەیەنین

08-09-2021 07:18

پەرەگراف

بۆ جاری سێیەم، دانیشتنی دادگاییكردنی پێنج دەستگیركراوی بادینان كە ماوەی ساڵێكە دەستگیر كراون، دواخرا. كەسوكاری دەستگیركراوەكان هەڕەشەی "كاردانەوەی توند و مانگرتنی تا مردن" دەكەن. ژمارەیەك پەرلەمانتاریش داوای گۆڕینی نوێنەری داواكاری گشتی دەكەن كە هۆكاری دواخستنی دانیشتنەكە بووە. یەكێك لە دەستگیركراوەكان دەڵێت "مەزنترین دیكتاتۆر دۆسیەكەی بە ساڵێك یەكلایی دەكرێتەوە، بۆچی دۆسیەی ئێمە یەكلایی ناكەنەوە".

بڕیار بوو ئەمڕۆ دوای دوو جار دواخستن، دانیشتنی دادگاییكردنی هەریەك لە (عامر خالید، سڵێمان كەمال، سلێمان مووسا، جەمال خەلیل و فەرسەت ئەحمەد) لە دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر بەڕێوە بچێت، بەڵام پارێزەرانی دۆسیەكە ڕایانگەیاند كە لەسەر داوای نوێنەری داواكاری گشتی و بە پاساوی ئەوەی كە "وردبینیی بۆ زانیارییەكانی پەڕاوی لێكۆڵینەوەكە نەكردووە"، دادوەر بڕیاری دواخستنی دانیشتنەكەی داوە.

ئەو كەسانە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم و دروستكردنی گرووپی چەكدارییان دراوەتە پاڵ. عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان كە ئامادەی دانیشتنەكانی دادگا بووە، دەڵێت "تا ئێستا ھیچ چەك و تەقەمەنییەك نەگیراوە. ھیچ بەڵگەی سیخوڕییەك یان ھەوڵی تیرۆرێك نییە".

پاش دواخستنی پرۆسەی دادگاییكردنەكە، ئامەد سڵێمان، كوڕی یەكێك لە دەستگیركراوەكان، وتی "با مەسعود بارزای كوڕەكەی خۆی ببینێت چۆن خوێنی ئەم گەلە دەمژێت، خەڵكی زیندەبەچاڵ كرد".

ئامەد سڵێمان وتیشی "هەفتەیەك مۆڵەت دەدەینە حكومەت، ئەگەر ئەو كەسانە ئازاد نەكات، وەكو كەسوكارە دەستگیركروەكانمان مان دەگرین تا مردن".

شەش ئەندامی پەرلەمانی كوردستانیش كە ئامادەی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی دادگا بوون، لە ڕوونكردنەوەیەكدا بۆ ڕایگشتی دەڵێن "لەسەر پێشنیاری نوێنەری داواكاری گشتی، دادگاییەكە دواخرا بۆ ٦ی ١٠ی ٢٠٢١، ئەگەرچی داواكارییەكە و دواخستنی دادگاییەكە بەرگێكی یاسایی هەیە، بەڵام پێچەوانەی مافە بنەڕەتییەكانی دەستگیركراوانە و زنجیرەیەكی تری ستەمە بەرانبەریان".

هەریەك لە (شیرین ئەمین، مژدە مەحموود، هەڵز ئەحمەد، شایان كاكە ساڵح، سیپان ئامێدی و عومەر گوڵپی) ئاماژە بەوە دەكەن كە "نوێنەری داواكاری گشتی، ئەندامی هەمیشەیی دادگای دووی تاوانەكانی هەولێرە و پێشتر دۆسیەی ئازادیخوازانی ڕاگیراوی چووەتە بەردەست، دەبوو خۆی بۆ دادگاییەكە ئامادە بكات و وردبینیی خۆی بكات، بەڵام بەداخەوە زۆر بە ئاسانی پێشنیاری دواخستنەكەی لەلایەن دادگاوە پەسەند كرا".

ئەو پەرلەمانتارانە داوا لە سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی دەكەن كە "ئەو نوێنەرەی خۆی لە دادگای ناوبراو بگۆڕێت و نوێنەرێكی تر دەستنیشان بكات كە بتوانێت بە ئەركە یاساییەكانی هەستێت".

"هەروەها دەمانەوێت بۆ هەموو لایەكی ڕوون بكەینەوە كە هەر ئەمڕۆ بە مەبەستی بینینی دەستگیركراوان، سەردانی ئاسایشی گشتیی هەولێرمان كرد، بەڵام بە پاساوی نەبوونی تەنسیق ڕێگەیان نەدا ئەو دەستگیركراوانە ببینین كە یەك ساڵی تەواویشە ڕێگە بە كەسوكاریان نادرێت بە پێی یاسا بەركارەكانی هەرێم كەسوكاریان بیان بینن"، شەش پەرلەمانتارەكە وا دەڵێن.

هەروەها كامەران عوسمان، سەرۆكی تیمی كوردستانی ڕێكخراوی (سی پی تی) كە چاودێریی مافەكانی مرۆڤ دەكات، دیمەنێكی دانیشتنی ئەمڕۆی دادگا و كاتی هاتنە ژوورەوەی سلێمان مووسا بۆ ناو هۆڵەكە دەكات و دەڵێت "بە ھاواری ئازادی، ئازادی، ھاتە ژوورەوە. كەسوكاری زیندانییەكان ھاواریان دەكرد ئازادی، ئەویش بۆی وەردەگرتنەوە و بەدوای ئەواندا دەیگوت ئازادی. بینی كە دایكی لەسەر كورسی پزیشكییەوە ھاتووە بۆ دیداری كوڕەكەی، ئەویش بە گریانەوە لە ناو قەفەزی دادگادا گوتی، ئەوە ڕەوا نییە. دایكێكی پیر چاوەڕێمە و دەیەوێت بمبینێت".

دوای ئەوەی داواكاری گشتی داوی دواخستنی كۆبوونەوەكەی كردووە و دادوەریش دانیشتنەكەی دواخستووە، كامەران عوسمان دەڵێت "ئەویش (سڵێمان مووسا) بە قورگێكی پڕ گریان و بە چاوی پڕ فرمێسكەوە گوتی: مەزنترین دیكتاتۆر دۆسیەكەی بە ساڵێك یەكلایی دەكرێتەوە، بۆچی دۆسیەی ئێمە یەكلایی ناكەنەوە و بڕیار نادەن".

ئەم پێنج دەستگیركراوە، ڕۆژی 5-7-2021 وادەی بەڕێوەچوونی یەكەم دانیشتنی دادگاییان بوو، بەڵام بە پاساوی ئامادەنەبوونی دادوەری دۆسیەكە و وەرنەگرتنی دۆسیەكە لەلایەن دادوەری یەدەگەوە، دانیشتنەكە بۆ 13ی هەمان مانگ دواخرا، دووەم جاریش دانیشتنەكە ئەنجام نەدرا و بۆ 20-9-2021 دواخرا، دواتر لەسەر داوای پارێزەران دانیشتنەكە خرایە ئەمڕۆ، بەڵام جارێكی دیكە دواخرایەوە.