هێزێكی سەربازیی دەمامكدار هەڵیكوتایەسەر كارگەی چیمەنتۆی گاسن لە بازیان

09-09-2021 02:36
جێگیركردنی هێز لە دەوری بینای سەرەكی فاروق گروپ لە سلێمانی

پەرەگراف

نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزێكی سەربازیی دەمامكدار هەڵیكوتایەسەر كارگەی چیمەنتۆی گاسن لە ناحیەی بازیان كە سەربە گروپی كۆمپانیاكانی فاروقە، هاوكات لە دەوری بینای سەرەكی فاروق گروپ لە سلێمانی هێزی ئەمنیی بۆ ماوەیەك جێگیركرا.

سەرچاوەیەك لە كارگەی گاسن بۆ پەرەگراف وتی "هێزەكە هیچ فەرمانێكی دادگایان پێ نەبووەو خۆیشیان نەناساندووە، ڕەفتاریان تووندو ناشرین بووە، ئازاری چەند كارمەندێكیانداو چەند پەنجەرەیەكیشیان شكاند بەبێ ئەوەی پێمان بڵێن بۆ هاتوون‌و بۆ وادەكەن؟".

ئەو هێزە سەربازییە دەمامكدارە كارمەندانی كارگەكەی كۆكردووەتەوەو مۆبایلی لە سەرجەمیان وەرگرتووە، بۆ ماوەیەك لە كارگەكە ماونەتەوەو پاشان شوێنەكەیان جێهێشتووە.

پەرەگراف پەیوەندیی بە بەرپرسانی ئەمنیی‌و ئیداریی لە سلێمانی‌و بازیان كرد، ئەوان بێئاگایی خۆیان لە چوونی ئەو هێزە بۆ كارگەكە پیشاندا.

ئیسماعیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان بۆ پەرەگراف وتی "نە ئاگادارین ‌و نە پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە. نە شكات كراوەو نە ئاگادارین هێز هاتبێت".

كۆمپانیای گاسن سەربە گروپی كۆمپانیاكانی فاروقە كە لەلایەن سەرمایەداری ناسراو فاورقی مەلا مستەفا خاوەنداریی دەكرێت، پشكی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری كۆچكردووی بزووتنەوەی گۆڕانی تێدایە.

كارگەكە ساڵی 2016 كەوتووەتە كار، گرێبەستی سەرەكیی لەگەڵ كۆمپانیای سینۆمای چینی ئەنجامداوە بۆ دامەزراندن و بەگەڕخستنی، بە سەرپەرشتی كۆمپانیای گاسن و هاوكاریی كۆمپانیای لاڤارجی فەڕەنسی.