كۆرۆنا لە عێراق تۆمار كرا؛ بوونی ڤایرۆسەكە لە هەرێمی كوردستان ڕەت دەكرێتەوە

24-02-2020 09:31
ئەو خوێندكارە ئێرانییەی لە نەجەف تووشی كۆرۆنا بووە.


پەرەگراف

یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا لە عێراق تۆمار كرا، لە هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە چەند ماڵپەڕێك‌و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی حاڵەتێكی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە سلێمانی بڵاو بووەوە، بەڵام تەندروستی سلێمانی بۆ پەرەگراف ئەوە ڕەت دەكاتەوە.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەڵێت، ڕێوشوێنی تووندو پێویستی گرتووەتەبەر، داواش لە خەڵك دەكات گومانیان لە هەركەسێك هەیە كە هەڵگری ڤایرۆسەكە بێت‌و نیشانەكانی تێدابێت بەتایبەت ئەگەر لە دەرەوەی وڵات‌و بە دیارییكراوی لە ئێران گەڕابێتەوە، ئەوا ئاگاداریان بكەن‌و تیمی گەڕۆكی تەندروستیی وەڵامدانەوەی خێرا پێكهێنراوە دەستبەجێ بچێتەلای گومانلێكراوان.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ وەزیری تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند، هیچ حاڵەتێكی تووشبوو یاخود گومانلێكراو بە كۆرۆنا لە هەرێم نییە، ئێوارەی ئەمڕۆش د.ڕزگار عەلی وتەبێژی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی بۆ پەرەگراف ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردەوە كە باسلە ھەبوونی حاڵەتێكی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكەن لەو شارە، وتی"ھیچ حاڵەتێك تائێستا تۆمار نەكراوە".

لە وەڵامی ئەوەی ئایا ھیچ حاڵەتێكی گومانلێكراو ھەیە؟ د.ڕزگار عەلی وتی"تائێستا ھیچمان نییە".

دەنگۆكان لە هەرێم دوای ئەوە بڵاوبوونەوە كە ئەمڕۆ تەندروستیی نەجەف یەكەم حاڵەتی تووشبووی كۆرۆنای لەو شارە ڕاگەیاند، ئەو كەسەی تووشبووە خەڵكی ئێرانەو بۆ خوێندنی ئاینیی لە نەجەفە.

د. ڕەزوان كندی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی نەجەف ڕایگەیاند، خوێندكارێكی زانستی ئاینیی كە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئێرانییەو پێش بڕیاری داخستنی دەروازەكان لەگەڵ ئێران هاتووەتە عێراقەوە، ئەمڕۆ لە ئەنجامی پشكنینەكان دەركەوتووە كە هەڵگری ڤایرۆسەكەیە.

ئەو حاڵەتە كاتێك دەركەوتووە كە بڕیاردراوە پشكنین بۆ سەرجەم ئەو كەسانە بكرێت كە بەم دواییانە لە ئێرانەوە هاتوونەتە عێراق، لەو كاتەدا گومان لەو كەسە كراوە كە ڤایرۆسەكەی هەبێت، هەربۆیە خراوەتە ژێر چاودێریی‌و ئەمڕۆ ئەنجامی پشكنینەكەی دەرچووە.

ئەوە یەكەم حاڵەتی تووشبوونە بە كۆرۆنا لە عێراق، وەزارەتی تەندروستی عێراق دەڵێت، ڕێوشوێنەكانیان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو حاڵەتە تۆماركراوەی نەجەف بەپێی خشتەی تەندروستی نێودەوڵەتییەو سەرجەم ڕێكارەكان گیراونەتەبەر.

سوهەیل ئەمیری، ئەو قوتابیە ئێرانییەیە كە لە عێراق تووشی كۆرۆنا بووە، ئەو لە پەیامێكدا كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوی كردووەتەوە سوپاسی خوا دەكات‌و نزا بۆ گەلی عێراق دەكات، دەڵێت: هیوادارم گەلی عێراق بە منیشەوە لە هەموو دەرد و بەڵایەك بەدوور بن، چونكە تارانی وڵاتەكەمم بەرەو نەجەف جێهێشتووە، بۆ ئەوەی داوای زانست بكەم و خزمەتی حوسێن سڵاوی خودای لەسەر بێت بكەم، هیچ نیازێكم بۆ گەڕانەوەش نییە و عێراقم وەك وڵاتەكەم، نەجەف وەك شارەكەم و گەلی عێراقیش وەگ گەلی خۆمم هەڵبژاردووە.

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 28 وڵاتی جیهان تۆمار كراوەو ئێران پلەی یەكەمی هەیە لە زۆریی تووشبووان‌و مردن بە ڤایرۆسەكە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو كەسانەی كە لە ئێران دەگەڕێنەوە هەرێم بۆ ماوەی 14 ڕۆژ لە ژێر چاودێرییدا دەمێننەوە لەو شوێنانەی بۆیان دابینكراوە.

هەرێمی كوردستان ڕێوشوێنی تووندی گرتووەتەبەرو سنورەكانی بە ڕووی ئێراندا داخستووە، لە نەخۆشخانەكان چەند شوێنێكی تایبەت دیاریی كراون بۆ ئەو نەخۆشییە، ئەمڕۆش وەزیری تەندروستی داوای لە خەڵكی كوردستان كرد، گومانیان لە هەركەسێك هەیە كە تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا بێت بەتایبەت كە لە وڵاتانی دەرەوە گەڕابێتەوەو نیشانەكانی تێدابێت، با دەستبەجێ پەیوەندییان پێوەبكرێت تا تیمی گەڕۆكی وەڵامدانەوەی خێرا بگەنەلای ئەو كەسەو بیخەنەژێر چاودێرییەوە.

د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ئەوەی خستە ڕوو، چەند ژمارە تەلەفۆنێك لەسەرجەم شارەكان ڕادەگەیەندرێت وەك هێڵی گەرم بۆ پەیوەندیی كردن‌و تیمی گەڕۆكی وەڵامدانەوەی خێرایان بۆئەو مەبەستە دروست كردووە.

وەزیری تەندروستی وتیشی"باشترین‌و گرنگترین ڕێگای خۆپارێزی لەكاتی ئێستادا دۆزینەوەی حاڵەت‌و گومانلێكراوێكە، لەكاتی دۆزینەوەی هەر حاڵەت‌و گومانلێكراوێك دەتوانم بڵێم ئەوە ڕێكارێكی گرنگە، چونكە ئەگەر نەخۆش هەبێت‌و نەیدۆزینەوە ئەوە باش نییە، ئەگەرنا دۆزینەوەی حاڵەت یەكێكە لە ڕێكارە هەرە گرنگەكان‌و بەشێكی گەورەی بەرنامەی خۆپارێزییە بۆئەوەی ئەو نەخۆشە دووربخرێتەوە لە خەڵك‌و چارەسەری پێویستی بۆ بكرێت".

وەزیری تەندروستی تەئكیدی لەوەش كردەوە، تائێستا هیچ حاڵەتێكی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوەو هیچ گومانلێكراوێكیش نییە، ئاماژەی بەوەش كرد، لە 13 شوێن لە هەولێرو سلێمانی‌و دهۆك كەرەنتین بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دەكرێت كە لە ئێران گەڕاونەتەوە، تا درەنگانی شەوی ڕابردووش هەزارو 249 گەشتیار لە ئێران گەڕاونەتەوەو لە ژێر چاودێرییدان.

كۆرۆنا لە ئێران‌و جیهان

وەزیری تەندروستی ئێران ئەمڕۆ نوێترین ئاماری تووشبوون‌و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنای لە وڵاتەكەی ئاشكرا كردو وتی، 12 كەس مردوون‌و 47 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون.

دەربارەی گومانەكان لەسەر ئەو ئامارانەی ئێران بە فەرمیی ڕایدەگەیەنێت، سەعید نەمەكی وەزیری تەندروستی ئێران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا گومانەكانی ڕەتكردەوە، بەڵام وتی"ئەگەر ئامارەكانی مردن‌و تووشبوون بەو ڤایرۆسە زیاتر لە نیوە+1ی ئەوەبێت كە من ڕامگەیاندووە ئەوە من دەست لەكار دەكێشمەوە".

لەبارەی چۆنیەتی گەیشتنی كۆرۆنا بە ئێران، وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتە باسیلەوە كرد یەكێك لە گومانەكانیان بازرگانێكە كە لە ئیماراتەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران‌و بەرلەوەش سەردانی چینی كردووە.

لەگەڵ تەشەنەسەندنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران، ژمارەی ئەو وڵاتە دراوسێیانەی سنوورەكانیان بە ڕووی ئێراندا داخستووە، بۆ شەش وڵات بەرز بووەوە؛ عێراق، توركیا، گورجستان، ئەرمەنستان، پاكستان‌و ئەفغانستان.

هەر بەهۆی مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە چەندین پارێزگای ئێران، پڕۆسەی خوێندن ڕاگیراوە و سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن داخراون، ناوەندەكانی خوێندن لەو پارێزگایانە بە مادەی پاككەرە و دژە ڤایرۆس خاوێن دەكرێنەوە.

مردن بە كۆرۆنا لە ئێران ڕێژەیەكی بەرزی هەیەو نزیكەی لەسەدا 20ی تووشبووان دەمرن بەپێی ئەو ئامارە فەرمییانەی ڕاگەیەندراوە، ئەوە لەكاتێكدایە لە چین كە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەو گەشەی ڤایرۆسەكەیەو زۆرترین تووشبووان‌و مردووان بە ڤایرۆسەكە لەو وڵاتەن، ئەوانەی دەمرن كەمترە لە لەسەدا 3ی ژمارەی تووشبووان ئەوەش بەپێی ئامارە فەرمییەكان.

وەزیری تەندروستی ئێران، هۆكاری بەرزیی ئاستی گیانلەدەستدان و تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای لە ئێران بەراورد بە وڵاتانی دیكە بۆ "شەفافیەت لە سیستمی پێدانی زانیاریی" لە وڵاتەكەی گەڕاندەوە.

ڤایرۆسەكە جیهاندا بەدەوامە لە بڵاوبوونەوە، لەسەر ئاستی جیهان ژمارەی تووشبووان نزیك بووەتەوە لە 80 هەزار كەس كە لەسەدا 97یان لە چینن‌و دوای چین، یابان بە پلەی دووەم دێت كە 838 تووشبووی هەیە، ژمارەی مردووانیش بەو ڤایرۆسە زیاتر لە 2 هەزارو 600 كەسن كە 33یان لە دەرەوەی چینن‌، هەروەها نزیكەی 25 هەزار كەسی تووشبوو چاكبوونەتەوە.

مەترسیی ڤایرۆسەكە وایكردووە، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیی بۆ پێنجهەمین جار لە مێژوویدا باری لەناكاوی لە سەرتاسەری دونیا ڕاگەیاندووە.