چوار سزادراوی بادینان بۆ چاكسازیی گەورانی هەولێر گوازرانەوە

09-09-2021 04:06

پەرەگراف

پاش "سێ‌ ڕۆژ لە مانگرتن"، چوار لە ڕۆژنامەنووس و چالاكانی سزادراوی بادینان بۆ چاكسازیی گەورانی هەولێر گوازرانەوە، تەنیا گۆهدار زێباری لە زیندانی ئاسایش هێڵدراوەتەوە.

هەرێم ڕەفعەت، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان بە پەرەگرافی وت "شێروانی شێروانی، ئەیاز كەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید، سزادراوانی بادینان، بۆ زیندانی چاكسازیی گەورانی هەولێر گوازراونەتەوە".

ئەو پارێزەرە وتیشی "تەنیا گۆهدار زێباری نەبراوە بۆ چاكسازیی گەورانی هەولێر و لە زیندانی ئاسایش هێڵدراوەتەوە، چونكە پێشتر دۆسیەیەكی دیكەی لە دژ كراوەتەوە".

هەر ئەمڕۆ سەعید عیسا، برای هاریوان عیسا، بە پەرەگرافی وت "كەسێك لە زیندانی ئاسایشەوە پەیوەندیی پێوە كردم و وتی سێ‌ ڕۆژە پێنج سزادراوەكە و مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی مانیان لە خواردن گرتووە و دۆخی تەندروستییان خراپە".

برای ئەو زیندانییە جەختی كردەوە كە دڵنیان لە مانگرتنی ئەو زیندانییانە و "هاریوان وتوویەتی هەواڵی مانگرتنمان بگەیەنن بە كەسوكارمان و میدیاكان".

هەروەها بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، زانیاریی مانگرتنی دەستگیركراوانی بۆ پەرەگراف پشتڕاست كردەوە و وتی "زانیاریی دروستمان هەیە كە مەسعود شنگالی و شێروان تەها ئەمین مانیان گرتووە".

ئەو پارێزەرە وتیشی "سزادراو و ڕاگیراوانی بادینان دوو داواكارییان هەیە، سزادراوەكان داوای گواستنەوەیان بۆ چاكسازییەكان دەكەن، ڕاگیراوەكانیش داوا دەكەن دۆسیەكانیان بە زوویی یەكلا بكرێتەوە".

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، دەڵێت "پاش بەدواداچوون، دڵنیابوومەوە لە ڕۆژی ٦ی ئەم مانگەوە و دوای دواخستنی دادگاییكردنەكە، ھەریەك لە كارگەر عەباس، شێروان تەھا، بەندەوار ئەیوب و مەسعود عەلی مانگرتنی قورسیان دەست پێ كردووە، نە خواردن نە خواردنەوە، ھەتاوەكوو مردن".

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت "شێروان شێروانی، شڤان سەعید و ھاوڕێكانیشی مانیان گرتووە لە خۆراك و بەردەوامن، تەنیا خواردنەوە دەخۆنەوە".

"لە وردەكاریی دۆسیەكە ئاگادارین، بۆ ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵیان كە سیخوڕن یان گرووپی چەكدارییان دروست كردووە، ھیچ بەڵگەیەك نییە. ھیوام وایە ئەنجومەنی دادوەری لە زووترین كاتدا لە دادگایەكی دادپەروەرانەدا كۆتایی شبەم زوڵمە بھێنێت"، عەلی حەمەساڵح وا دەڵێت.

بڕیار بوو ڕۆژی 6-9-2021 دانیشتنی دادگاییکردنی چوار دەستگیرکراوی بادینان (مەسعود شنگالی، شیروان ئەمین، كارگەر عەباس و بەندەوار ئەیوب) لە دادگای تاوانەکانی دووی هەلێر بەڕێوە بچێت، بەڵام جارێكی دیكە دانیشتنەكە دواخرا.

تیمی کوردستانی گرووپی بونیادنانی ئاشتیی مەسیحی (سی پی تیکە لەناو هۆڵی دادگا ئامادە بوون، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لە کۆتایی دانیشتنەکەی دادگادا هەر چوار زیندانییەکە بە دەنگێکی بەرز ڕایانگەیاند و داوایان لە بەشداربووانی دادگاییکردنەکەکرد کە دەرەوە ئاگادار بکەنەوە لەوەی زیندانیانی بادینان مانگرتنی تا مردنیان ڕاگەیاندووە".

هەر لە پاش دواخستنی دانیشتنەکەی دادگا، بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، وتی "بەپێی ئەو قسانەی (دەستگیرکراوەکانلەگەڵ ئێمەیان کرد، بارودۆخیان لە زیندان زۆر خراپە و مامەڵەی کارمەندانی ئاسایش لەگەڵیان زۆر خراپە".

ئەو پارێزەرە وتیشی "ڕێگری لە بینینی زیندانییەکان لەلایەن کەسوکار و پارێزەرەکانیانەوە، پێچەوانەی مافی مرۆڤ و دەستووری عێراق و هەموو یاسا زەمینی و ئاسمانییەکانە".