چیرۆكە تراژیدییەكانی ئەو پەنابەرە سورییانەی دەگەڕێنەوە وڵاتەكەیان

11-09-2021 02:40
وینەی ئەرشیف، شوێنەواری ئەشكەنجەدانی كەسێكی سوریی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی سوریاوە.

پەرەگراف

"تۆ دەڕۆیت بەرەو مردن" ڕاپۆرتێكی نوێی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییە، باس لە دۆخی ئەو پەنابەرە سورییانە دەكات كە گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەكەیان، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیردەكرێن و ڕوبەڕوی ئەشكەنجە و دەستدرێژی سێكسی دەبنەوە، بەو هۆیەشەوە پێنج حاڵەتی مردن تۆماركراوە.

ڕاپۆرتەكە پشتی بە چەند چاوپێكەوتنێك بەستووە كە لەگەڵ 41 ژن و پیاوی سوریی ئەنجامدراوە، بەشێكیان لەو كەسانەبوون كە خۆیان گەڕاونەتەوە، بەشێكی دیكەش كەسوكاری گەڕاوەكان بوون.

لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوا كردووە، پێشوازی لە پەنابەرە سورییەكان بكەن، ناچاریان نەكەن بەگەڕانەوە بۆ وڵاتەكەیان، چونكە سوریا وڵاتێكی ئارام نییە بۆ گەڕانەوەی كۆچبەران.

ڕێكخراوەكە بە بەڵگە باسی لە "پێشێلكاری مەترسیدار" كردووە كە هێزە ئەمنییەكانی سوریا بەرامبەر 66 كەس ئەنجامیانداوە لەنێوانیاندا 13 منداڵ هەبوون، سەرجەم ئەو كەسانەش لە ساڵی 2017وە تا بەهاری ڕابردوو گەڕاونەتەوە، لە وڵاتانی وەك لوبنان و فەڕەنسا، ئەلمانیا، توركیا هەروەها خێوەتگەی ئاوارەكان لەسەر سنوری سوریا و ئەردەن.

گەيشتنی ژن و منداڵەكان

بەپێی ڕاپۆرتەكە دەزگا ئەمنییەكان "ژنان و منداڵان و پیاوانیان بەشێوەیەكی هەرەمەكی و نایاسایی دەستگیركردووە"، ئەشكەنجەیان داون بە لێدان و مامەڵەی خراپ، دەستدرێژی‌و توندوتیژی سێكسییان بەرامبەر ئەنجامداون، هەروەها بە مەبەست لە كەسوكاریان شاردراونەتەوە.

لەنێوان ئەو حاڵەتانەی باسكراوە، مردنی پێنج كەس لەكاتی دەستگیركردنیان تۆماركراوە، تائێستاش چارەنوسی 17 كەسی دیكە لەوانەی بەمەبەست شاردراونەتەوە نادیارە و هیچ شوێنەوارێكیان نییە.

هەر بەپێی بەڵگەكانی ڕاپۆرتەكە 14 حاڵەتی توندوتیژی سێكسی هەبووە كە حەوتیان دەستدرێژی بووە بۆسەر پێنج ژن، كوڕێكی هەرزەكار و كچێكی منداڵ كە تەمەنی پێنج ساڵ بووە.

نور دایكی ئەو كچە تەمەن پێنج ساڵەیە، خۆی و كچەكەی لەلایەن ئەفسەرێكەوە لە ژوورێكی بچوكی تایبەت بە لێپرسینەوە لە بەشی سوریای سەر سنور لەگەڵ لوبنان دەستدرێژی سێكسیان كراوەتەسەر.

ئەفسەرەكە پێی گوتون "سوریا هۆتێل نییە كەی ویستت بچیتە دەرەوە و بێیتەوە".

تۆمەتباركردن بە خیانەت و تیرۆر

ڕاپۆرتەكە باسی لە ئەزمونی ئالا كردووە، كە لە بەشێكی دەزگای هەواڵگری بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لەگەڵ كچە 25 ساڵەكەی ماونەتەوە، دوای ئەوەی لەكاتی گەڕانەوەیان لە لوبنان لەسەر سنور دەستگیركراون.

ئالا دەڵێت "جلەكانیان لەبەری كچەكەم داكەند، كەلەپچەیان كردە دەست، دواتر بە دیوارەكەوە هەڵیانواسی، زۆریان لێدا هیچ جلیشی لەبەردا نەمابوو".

پیاوانی ئاسایش ئالا و كچەكەیان تۆمەتباركردووە بە "قسە وتن بە بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا لە دەرەوەی وڵات".

یەكێكی دیكە لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەو كەسانە كراوە كە گەڕاونەتەوە، "خیانەت و پشتگیری تیرۆرە"، تەنانەت هەندێك كەس لەسەر ئەوە دەستگیركراون كە پێشتر لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆندا ژیاون.

كەریم دوای چوار ڕۆژ لەگەڕانەوەی لە لوبنانەوە بۆ گوندەكەی خۆی لە ناوەڕاستی سوریا، بۆ ماوەی شەش مانگ و نیو دەستگیردەكرێت، ئاسایشەكان وتویانە "تیرۆرستە" چونكە لە گوندێكی نزیك لە دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنەوە دەژیا.

بەهۆی ئەو ئەشكەنجە زۆرەی دراوە، دەمارەكانی دەستی ڕاستی كەریم زیانی زۆریان پێشگەیشتووە و ئێستا ناتوانێت بەكاریان بهێنێت.

"دوای ئازادكردنم نەمتوانی بۆ ماوەی پێنج مانگ هیچ كەسێك ببینم، زۆر دەترسام لەوەی قسە لەگەڵ هەركەسێكدا بكەم، بەردەوام توشی بینینی كابوس دەبوم و شتم دەهاتە بەرچاو" كەریم وادەڵێت.

ئەم ڕاپۆرتە لەكاتێكدایە چەند وڵاتێك فشارێكی زۆریان خستووەتەسەر سورییەكان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە وڵاتەكەیان، لەوانە دانیمارك و سوید و توركیا.

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ڕایدەگەیەنێت "هەر حكومەتێك بڵێ سوریا ئارامە، ئەو ڕاستییە ترسناكەی پشتگوێ خستووە كە لەوێ هەیە".

ماری فۆریستیە توێژەر لە بواری مافی پەنابەران و كۆچبەران لە ڕێكخراوەكە، دەڵێت "ڕەنگە كردەوە سەربازییەكان كەم بووبێتنەوە، بەڵام مەیلی حكومەتی سوریا بۆ ئەنجامدانی پێشێلكاری بەرامبەر مافەكانی مرۆڤ نەوەستاوە".

ماركۆس بیكۆ سەرۆكی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ئەڵمانیا، ئاماژە بەوە دەكات، ناردنەوەی كۆچبەر بۆ وڵاتێك كە مەترسی فڕاندن و ئەشكەنجەی لەسەربێت، پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە.

بەپێی ئامارەكان لە مانگی ئازاری 2011وە كە شەڕ و ململانێكانی سوریا دەستی پێكردووە، زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی وڵاتەكە ئاوارەبوون و كۆچیانكردووە، بەجۆرێك 6 ملیۆن‌و 600 هەزار كەسیان وڵاتەكەیان جێهێشتووە بە تایبەت بۆ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە.