مەسعود بارزانی: داوای هەڵبژاردنێكی بێگەرد دەكەین كە تەزویری تێدا نەبێت

11-09-2021 03:45

پەرەگراف

مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، داوا دەكەن هەڵبژاردنێكی بێگەرد ئەنجام بدرێت كە تەزویری تێدا نەبێت، بۆئەوەش نەتەوەیەكگرتووەكان‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەڵێنیانداوەو هیوادارن بەڵێنەكەیان ببەنەسەر.

بارزانی لە مەراسیمی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەی لە هەولێر، وتارێكی پێشكەش كردو داوای لە ڕێكخستن‌و ئەندام‌و لایەنگرانی پارتی كرد بە جۆش‌وخرۆشێكی نوێ‌و گەرموگوڕ بەشداریی هەڵبژاردن بكەن‌و بە "هەڵبژاردنێكی چارەنوسساز" لە قەڵەمی دا.

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئومێدی خواست لەم هەڵبژاردنەشدا حزبەكەی بە گەورەترین حزبی عێراق بمێنێتەوە.

ڕووەو حزبە كوردستانییەكانیش، بارزانی وتی، تەمەنا دەكەین هەموو لایەك بەخۆدا بچنەوەو لەبری یەكتر شكاندن بیرلەوە بكەنەوە چۆن پێكەوە كاربكەن بۆ میللەت.

بارزانی لەبارەی ڕەخنەو گلەیی خەڵكی كوردستان، وتی "گلەییتان هەیە هەقی خۆتانە، بەڵام بیخەنە دوای هەڵبژاردن"، ئاماژەی بەوەش كرد، كەموكورتی هەبووە "بەڵام شتی زۆر گەورەش كراوە".

"ئەوانەی داوای گۆڕانكاریی دەكەن سوپاسیان دەكەین بەدیلی باشترمان پیشان بدەن" بارزانی وای وت، داوایشی لە سەرۆكایەتی هەرێم‌و حكومەت‌و پەرلەمان كرد خزمەتگوزاریی زیاتر پێشكەش بە خەڵك بكەن، بەتایبەت لە كەرتی پەروەردەدا.

بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە 10-10 بەڕێوەدەچێت، پارتی لە 11 پارێزگاو 29 بازنەی هەڵبژاردن بە 51 كاندید بەشدارەو پشتگیریی كاندیدێكی كوردی فەیلیش دەكات كە لە واست وەك سەربەخۆ خۆی كاندید كردووە.