بیست ساڵ دوای 11ی سێپتەمبەر؛ لەسەدا 40ی تەرمەكان هێشتا نەناسراونەتەوە

11-09-2021 05:52

پەرەگراف

دوا 20 ساڵ لە هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر، هێشتا هەزار و 106 تەرم نەناسراونەتەوەو ناسنامەیان دیارینەكراوە، ئەو ژمارەیەش لە سەدا 40ی ئەو كەسانەن كە لە هێرشەكانی ئەو ڕۆژەدا گیانیان لەدەستد.

بەرەبەیانی 11ی سێپتەمبەری 2001 ڕێكخراوی ئەلقاعیدە هێرشی كردەسەر تاوەرەكانی سەنتەری بازرگانی جیهانی و بارەگای پەنتاگۆن لە ئەمەریكا، لەو ڕووداوانەدا دوو هەزار و 753 كەس گیانیان لەدەستدا‌و تا ئێستا پڕۆسەی ناسینەوەی تەرمی ئەو مردووانە بەردەوامەو دوو ڕۆژ لەمەوبەر تەرمی دوو كەس ناسراونەتەوە.

ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز دەڵێت، لە 20 ساڵی ڕابردوودا نوسینگەی پشكنینی پزیشكی گەورەترین پڕۆسەی ناسینەوەی تەرمی كەسانی بێ ناسنامەی لە ئەمریكا ئەنجامداوە، بەجۆرێك پشكنین بۆ زیاتر لە 22 هەزار پارچە لاشە ئەنجامدراوە كە لە هێرشەكەی 11ی سێپتەمبەر مردوون‌و بە ماندووبونێكی زۆر دۆزراونەتەوەو كۆكراونەتەوە.

ئەو پاشماوانەی دوو تاوەرەكە كە پارچەی قوربانییەكانی لەسەر بووە هەڵگیراون، تائێستاش پزیشكان لێكۆڵینەوەیان لەسەر ئەنجام دەدەن، بۆ ئەوەی پەیوەندی جینیی هەزار و 106 مردووی نادیار لەگەڵ كەسوكاریاندا بدۆزنەوە، تاوەكو ڕادەستیان بكەنەوە و بەشێوەیەكی شایستە بەخاك بسپێردرێن.

میشتهێڵد برینتس پسپۆڕێكی ئەڵمانی تایبەت بە پزیشكی دادوەرییە، لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا بۆ كاركردن چوووتە ئەمریكا و لە نیویۆرك نیشتەجێبووە، ڕۆژی هێرشەكان سەرە دەوامی بووە وەك پزیشكی دادوەری.

برینتس دەڵێت "داڕمانەكە هەموو شتێكی وێرانكرد، زۆرینەی تەرمەكان پارچە پارچە بووبوون".

"لیستی كۆتایی كەسە نادیارەكانی هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر لە دوو هەزار‌و 753 كەس پێكهاتبوون، لەو ژمارەیە 289 تەرمی تەواو(پارچە پارچە نەبوو) ڕادەستی كەسوكاریان كران، نزیكەی 22 هەزار پارچەی لەشی مرۆڤیش لە ڕۆژ و هەفتەكانی دوای ڕووداوەكە برانە بەشی پزیشكی دادوەری زانستی زیندەوەرزانی تاوان لە نیویۆرك، بەوەش گەورەترین پڕۆسەی ناسینەوەو دیاركردنی تەرمی قوربانیی لە مێژووی ئەمریكادا دەستی پێكرد" پسپۆڕە ئەڵمانییەكە وادەڵێت.

ئەو ڕۆژە 19 ئەندامی ئەلقاعیدە چوار فڕۆكەی مەدەنییان بە سەرنشینەكانیانەوە ڕفاند لە باكوری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریكاوە بە مەبەستی ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی، دوانیان خۆیان كێشا بە دوو تاوەری سەنتەری بازرگانیی جیهانی لە نیویۆرك‌و لە ماوەی 10 چركەدا بە تەواوەتی داڕمان.

تەنها لەو دوو تاوەرەدا هەزارو 600 كەس گیانیان لەدەستداو تەنها 18 كەس ڕزگاریان بوو كە لە ژێرزەمینی تاوەرەكاندا بوون، بە هەردوو تاوەرەكە ملیۆنێك‌و 800 هەزار تەن پاشماوەیان هەبووە كە كۆكردنەوەیان 3 ملیۆن‌و 100 هەزار كاتژمێر كاركردنی ویستووە، ئەو ئاگرەی لەوو دوو تاوەرە كەوتەوە بە 99 ڕۆژ كۆنتڕۆڵ كرا.

فڕۆكەی سێیەمیش كە ئەندامانی ئەلقاعیدە ڕفاندیان، خۆی كێشا بە بینای وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا(پنتاگۆن) لە ڤێرجینیا، چوارەم فڕۆكەش لە ئاسمانی پەنسلڤانیا تێكشكا، كۆی سەرنشینانی هەر چوار فڕۆكەكە 246 كەس بوون‌و سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا، هێرشەكان لە سەرەتاوە تا داڕمانی بیناكان 102 خولەكی خایاند.

موعتەز نادی نوسەر و لێكۆڵەرەوەی سیاسی، دەڵێت"دیاریكردنی چارەنوسی تەرمی قوربانییانی 11ی سێپتەمبەر زۆر ئاڵۆزە، چونكە بەپێی زانیارییەكان دوای 20 ساڵ هێشتا زیاتر لە هەزار و 100 كەس ناسنامەیان نادیارە، ئەوش بەهۆی ئەو وێرانە زۆرەی هەبووە كە ناسینەوەی پاشماوەی تەرمەكانی زۆر قورسكردووە".

نادی ئاماژە بەوەدەكات، گروپی لێكۆڵینەوەكان پێویستیان بە تەكنیكی زۆر پێشكەوتوو هەیە، بۆ ناسینەوەی قوربانییەكان لەڕێی جیناتەوە، بەتایبەت كە دوای ئەو هەموو ساڵە تەنها دوو تەرم ناسراونەتەوە ئەوەش چەند ڕۆژێكە باسكراوە.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر پەیمانگای پزیشكی دادوەری لە نیویۆرك، توانی تەرمی دوو قوربانی بناسێتەوە، ئەوەش لەڕێی تەكنیكی زنجیرە ترشەڵۆكی ناوەكی.

باربەرا سامپسۆن بەڕێوبەری پەیمانگاكە، باسی لەوەكردووە ئەو دوو قوربانییە ژمارەیان لە لیستەكەدا 1646 و 1647ن، یەكێكیان خانمێكە بەناوی دۆرۆسی مۆرگان كە لە لۆنگ ئایلاند ژیاوە، دووەمیشیان پیاوێكە خێزانەكەی داوایكردووە ناسنامەكەی بە نهێنی بمێنێتەوە.

بە ئاشكراكردنی ناسنامەی ئەو دوو قوربانییە، دەتوانرێت بگوترێت ئەمریكا لە ساڵێكدا ناسنامەی قوربانییەك دەدۆزێتەوە، چونكە لە دوای هێرشەكانی سێپتەمبەری 2001 ژمارەیەكی كەم، تەرم ناسراونەتەوە، دواین ناسینەوەش پێش ئەم دوو كۆتا قوربانییە لە ساڵی 2019 بووە.